Skip to the content

خەڵاتی (سیرگیۆ ڤیرا دی مێللۆ ) دەبەخشرێتە رزگاركەرانی ئێزیدیە ڕفێنراوەكان

هەولێر ، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)- دوای پێشنیاركردنی حوسێن قائیدی لەلایەن نوێنەرایەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستانەوە بۆ خەڵاتی (سیرگیۆ ڤیرا دی مێللۆ) بەھۆی كارەكانی خۆی و ئۆفیسی رزگاركردنی ئێزیدیە ڕفێنراوەكان ، خەڵاتەكەی ئەمساڵ لە كەتیگۆریای كەسایەتی دەبەخشرێ بە بەڕێزیان ، لەكاتێك كە زیاتر لە 10 كەسایەتی كاندید كرابوون لە پۆڵۆنیا و چیك و بێلەروسیا و سوریا و لوبنان و عیراق و سۆماڵ كە لە بوارەكانی بەرگری لە مافی مرۆڤ و بیروڕاكانی سێرگیۆ دی مێللۆ كاردەكەن .

نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا ھەموو زانیاری و بەڵگە پێویستەكان و کار و چالاکییەکانی حوسێن قائیدی و ئۆفیسی ڕزگارکردنی یەزیدییەکانی بە کۆمەڵە دۆکیومێنتێکی وێنە و ڤیدیۆیی و ژمێریاری دەربارەی ڕزگارکردنی ئێزیدیان كۆكردەوەو پێشكەشی كرد .لەھەمان كات گرینگی دۆسیەو تراژیدیای ئێزیدیە ڕفێندراوەكان و خەمخۆری حكومەتی ھەرێمی كوردستانی ڕوونكردەوە .


لە ھەمان كات نوێنەرایەتی ھەوڵ و تەقەڵایەكی زۆری دا بەڕێگای ناردنی نامەو كۆبوونەوەی دووقۆڵی بۆ لۆبی كردن بە مەبەستی کۆکردنەوەی زۆرینەی دەنگ بۆ ئەو كاندیدە بەڕێگای تاوتوێ كردن لەگەڵ زۆر لە ئەندامانی دەستەی ھەڵبژاردنی ئەو خەڵاتە كە پێكھاتبوون لە نوێنەرانی سەرۆك كۆماری پۆلۆنیا و كۆمیسیاری نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ كاروباری پەنابەران و باڵوێزخانەی بەرازیل و باڵوێزخانەی ئەمەریكاو باڵوێزخانەی سویدو وەزارەتی دەرەوەی پۆلۆنیا و سەۆكی شاری كراكۆڤ و نوێنەرانی چەندین دەزگاو ڕێكخراوانی كۆمەڵگەی مەدەنی لە پۆلۆنیا .


مەراسیمی فەرمی پێدانی خەڵاتەكە بڕیارە لە 10ی كانونی یەكەم (دیسەمبەر)ی 2020 لە ڕێگای ئینتەرنێتەوە بە شێوەی ئۆن لاین ڕێكبخرێت لە بەر ڕەوشی نالەباری پەتای کۆرۆنا .
خەڵاتەكە پێك دێت لە دبلۆم و پەیكەرێكی برۆنز و بڕەپارەیەكی سیمبوولی یە و بریتیە لە ( دەھەزار زلۆتی پۆڵۆنی كە ئەكاتە 2564 دۆلار ).


شایەنی باسە ساڵانێكی زۆرە نوێنەرایەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پۆلۆنیا كار و پڕۆژەی ھاوبەش و ھەماھەنگی لەگەڵ دەزگای ڤیلا دێچیوش بەردەوام ئەنجام داوە و دۆسیەی ئێزیدیان و مەسەلەی كوردی ڕوونكردیتەوە لە زۆر لە كۆنفرانس و سمینارەكان لەو دەزگایە ، و ھەر بۆیەش كاریگەری ھەبووە لەسەر لێژنەی خەڵاتی پۆلۆنی سیرگیۆ ڤیرا دی میلۆ.


بۆ نموونەش لە ساڵی 2017 لە نێوان كۆمەڵێك کاندیدانی وڵاتانی جیھان ، كاندیدی نوێنەرایەتی حكومەتی ھەرێمی كوردستان لە پۆلۆنیا دەزگای خێرخوازی بارزانی بوو بە براوەی خەڵاتەکە, وە لە ساڵی 2018 چالاکوانی مەدەنی عیراق خاتوو هانا ئیدوارد بوو بە خاوەنی براوەی خەڵاتەکە و لە ساڵی 2009 ڕێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عیراق یونامی ئەو خەڵاتەی لە كەتیگۆریای ڕێكخراوەكان وەرگرت.


گرنگی و پایە بەرزی ئەو خەڵاتەش لەوەدا دەبیندرێت كە لەساڵانی پێشوو بە. چەندین كەسایەتی گرنگ بەخشران وەكو :

تادێوش مازۆڤێسكی ( Tadeusz Mazowiecki ) یەكەم سەرۆك وەزیرانی پۆلۆنیا پاش گۆڕانی سیستێمی سیاسی لە 2004.

شێڤاخ ڤایس ( Szeivah Weiss ) سەرۆكی پێشووی بەرلەمانی ئیسرائیل و باڵوێزی ئەو ووڵاتە لە پۆلۆنیا 2008 .

بێرنارد كوشنەر ( Bernard Kouchner ) وەزیری دەرەوەی پێشووی فەرەنسا 2008 .

ئادام رۆتفێلد ( Adam Rotfeld ) وەزیری دەرەوەی پێشووی پۆلۆنیا 2013 .

سیرگێی كۆڤالۆڤ (Siergiej Kowalow ) دامەزرێنەری ڕێكخراوی (Memoriał ) بۆ بەرگری لە مافی مرۆڤ لە ڕوسیا 2015 .

ستێفان دی مەستوورە (Staffan de Mistura ) نێنراوی تایبەتی نەتەوەیەكگرتووەكان بۆ سوریا 2016.