Skip to the content

یادى رۆژى نیشتیمانى كۆماری چیك لە هەولێر کرایەوە

هەولێر، هەرێمی كوردستان ، عیراق (GOV.KRD)-ئێوارەى سێشەممە ٢٠ی تشرینی یەكەم (ئۆكتۆبەر)ی ٢٠٢٠ بەئامادەبوونی سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەى حکومەت و فەلاح مستەفا نوێنەری سەرۆکی هەرێمى کوردستان و هێمن هەورامى جێگرى سەرۆکى پەرلەمان و میخال سڤۆبۆدا کۆنسولی گشتی کۆماری چیک لە هەولێرو ژمارەیەک لەوەزیر و دیپلۆماتکارو نوێنەرانى وڵاتانى بیانى و پەرلەمانتارو بەرپرسان، کونسوڵگەرى گشتى کۆمارى چیک یادى رۆژى نیشتیمانى وڵاتەکەى لە هەولێر کردەوە.

لەسەرەتاى رێوڕەسمەکەدا كۆنسولى گشتى كۆمارى چیک لە وتارێکدا بەخێرهاتنى میوانانى کرد و ئاماژەی بەوە كرد گەلى چیک دۆستێكى باشى گەلى كوردستانە و كونسڵگەری وڵاتەكەی كارى جددى دەكات بۆ زیاتر كردنى پاڵپشتى وهاوكاریەكانى كۆمارى چێك لە بوارە جیاوازەكان و پەرەپێدانى پێكەوەكاركردن بۆبەرەوپێشەوە بردنى پەیوەندیەكان. هاوكات هێرشكردنە سەر بارەگاى پارتى دیموكراتى كوردستان لە شارى بەغدا و سوتاندنى ئاڵاى كوردستانی بەتوندی سەركۆنە كرد.

ئەوەشی خستەڕوو ئەمساڵ ساڵێكى زۆر دژوارە بۆ ئەو وڵاتە. نەك هەر تەنها پەتاى كۆڕۆنا بووەتە هۆى مەینەتى و زەحمەتى بۆ خەڵكى عێراق و هەرێمى كوردستان، بەڵكو هەندێك خەڵك و گروپ پێشكەوتن و گەشانەوەو بەرژەوەندى خەڵكى عێراق و هەرێمى كوردستانیان ناوێت و هەوڵدەدەن كۆسپ بخەنە بەردەم باشتربوونى پەیوەندیەكانى نێوان هەولێر و بەغدا و هێرش دەكەنە سەر قەوارە دەستوریەكان.

دواتر بە شێوەى ڤیدیۆیی وتارى بەڕێز وەزیرى كاروبارى دەرەوەى كۆمارى چێك، تۆماش پیترێچیك، كە تایبەت بە مەراسیمى رۆژى نیشتمانى كۆمارى چێك لە هەولێر تۆماركرابوو نمایش کرا.

وەزیرى كاروبارى دەرەوەى كۆمارى چیك لە وتارەکەى دووپاتی كردەوە پەیوەندى لە مێژینەى نێوان گەلى چیک و گەلى کوردستان لەسەر بنەماى دۆستایەتى و داب و نەرتى هاوبەش و رێزگرتن و رێکەوتنە ئەو پەیوەندییە بەرز نرخاند و هیواشی خواست زیاتر پەرەى پێبدرێت.

جەختشی لەسەر هەماهەنگى لە بوارەکانى پەروەردەو تەندروستى و رۆشنبیرى و هونەرى و پاراستنى شوێنەروارەکان كردەوە ئەمە جگە لەهەماهەنگى کارکردن لە بوارەکانى هاوکارى مرۆیى وگەشەپێدان و دەرفەتى بازرگانى و بەرژەوەندى هاوبەش ئاماژەی بەوەش كرد لەکاتى چاوپێکەوتنی لەگەڵ نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان ساڵى رابردوو لە دۆحە ئەم بابەتە تاوتوێ کرا.

پاشان سەفین دزەیى بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوە وتارى حکومەتى هەرێمى کوردستانى خوێندەوەو كە تیایدا خۆشحاڵی خۆی به‌ ئه‌نجامدانی ئه‌و بۆنه‌یه‌ ده‌ربڕی و به‌ناوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ پیرۆزبایی له‌ گه‌ل و حكومه‌تی كۆماری چیك، كونسوڵی گشتیی وته‌واوی ستافی كونسوڵگه‌ری گشتییانی له‌ هه‌رێم كرد.

هاوكات سوپاسی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی كۆماری چیك كرد بۆ ئه‌و په‌یامه‌ ڤیدیۆییه‌ی به‌م بۆنه‌‌وه‌ پێشكه‌شی كرد وپشتیوانی ته‌واوی خۆی بۆ سیاسه‌ت و تێڕوانینه‌كانی ده‌ربڕی له‌ پێناو په‌ره‌پێدانی زیاتری په‌یوه‌ندی وهه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و كۆماری چیك.

له‌ به‌شێكی دیكەی وتاره‌كه‌یدا، به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی هه‌رێمى کوردستانى له‌گه‌ڵ كۆماری چیكی به‌رز نرخاند وسوپاسی كونسوڵی گشتی و ستافه‌كه‌ی كرد بۆ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی له‌ پێناو پێشخستنی ئه‌م په‌یوه‌ندییانه‌ ئه‌نجامیان داوه‌ له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا به‌تایبه‌تیش په‌روه‌رده‌یی، ڕۆشنبیری، هاوكاری مرۆیی، چاودێری منداڵان و چه‌ندین پڕۆژه‌ی تر له‌ بواره‌ جیاجیاكانی خزمه‌تگوزاریدا.

به‌رپرسی په‌یوه‌ندییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌ ڕۆڵی كاریگه‌رانه‌ی كۆماری چیك كرد به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێم له‌ ڕووی دابینكردنی یارمه‌تی ته‌ندروستیی بۆ دام و ده‌زگاكانی حكومه‌ت له‌ ساته‌وه‌ختی دژواری په‌تای كۆڕۆنادا.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌ هێشتا كاری زۆر ماوه‌ هه‌رێمی كوردستان و كۆماری چیك به‌یه‌كه‌وه‌ له‌ داهاتوودا ئه‌نجامی بده‌ن وخواستی حكومه‌تی هه‌رێمی دووپاتكرده‌وه‌ له‌ پێناو به‌هێزتركردنی په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوولا له‌ سه‌رجه‌م ئاست و بواره‌كاندا.

لە کۆتاییشدا بە شێوەى ڤیدیۆیی چەندین پارچە مۆسیقا لەلایەن گروپی مۆسیقای برادۆلینۆی چیكی پێشکەشکرا.