Skip to the content

سەفین دزەیى پێشوازى لە بەرپرسی تازەی نووسینگەی کونسوڵگەری وڵاتى ژاپۆن لە هەرێمى کوردستان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی ٢٠٢١/٤/١٣ سەفین دزەیی بەرپرسى پەیوەندیەکانى دەرەوە پێشوازى لە ئەرەکاوە میکیهیرۆ بەرپرسی تازەی نووسینگەی کونسوڵگەری ژاپۆن لە هەرێم کرد.

 

لە دیدارەکەدا کە دابان شەدەڵە جێگری بەرپرسی فەرمانگە ئامادەبوو، سەفین دزەیى، پیرۆزبایی دەستبەکاربوونی لێکردو هیوای سەرکەوتنی لە ئەرکەکەیدا بۆ خواست، هاوکات ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی نیشاندا بۆ سەرخستنی کارو بەرنامەکانیان لەهەرێم.

گوتیشی خۆشحاڵین بە هەبوونى نێردەى دیپلۆماسى ژاپۆن لە هەرێمى کوردستان و هیوادارین پەیوەندییە سیاسی و دیپلۆماسی و ئابوورى و کەلتورى نێوان هەردوولا زیاتر بەرەوپێش بچێت.

 

بەرپرسی تازەی نووسینگەی کونسوڵگەری ژاپۆن خۆشحاڵى خۆى دەربرى بۆ دەستبەکاربوونى لە هەرێمی کوردستان و هیوای خواست بتوانن پەیوەندییەکانیان زیاتر بەرەوپێش ببەن.

 

هەروا گوتی ئەو هاوکارانەى پیش من زۆر کاریان کردووە و زۆر کاریش لەسەر ئەستۆى منە کە ئەنجامى بدەم.

بەڕێزیان گوتی ژاپۆن پرۆژەى ئاوەڕۆی هەیە لە هەرێمى کوردستان جی بەجێى بکات و لەبەر بارودۆخى کرۆنا سستیەک هەبوو، بەڵام لە داهاتووی نزیک کۆمپانیا ژاپۆنیەکان دەست بەکارەکانیان دەکەنەوە.

 

هەردوولا باسیان لە بارودۆخى سیاسى عیراق و هەرێمى کوردستان و ڕەوشی تەندروستی و خۆپارێزی لە پەتای کۆڕۆنا کرد.