Skip to the content

لە یادی ٣٠ ساڵەی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و دروستکردنی نەوای ئارام نوێنەرایەتى حکومەت لە رووسیا چەند چالاکیەکى ئەنجامدا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی ( زانستی ئەکادیمیای رووسیا ) بە هاوکاری و پشتگیری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا لە یادی ٣٠ ساڵەی بڕیاری ٦٨٨ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە بەشداری ژمارەیەکی بەرچاو لە رۆژهەڵاتناسان و دیپلۆماتکارانی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا و جێگری باڵیۆزی عێراق لە رووسیا و نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە روووسیا و کەسایەتیە دیارە هونەری و سیاسیەکانی کوردانی سۆڤیەت چەند چالاکێکی زانستی و کلتوری ئەم یادەی لە ناو هۆڵی سەرەکی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی ( زانستی ئەکادیمیای رووسیا )ى ئەنجامدا.

چالاکی یەکەم بریتى بوو لە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسێکی زانستی لە ژێر ناونیشانی گرینگی بڕیاری ٦٨٨ی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە. لە سەرەتای کۆنفرانسەکە دا ڤیتالی ناومکین گەورە ڕۆژهەڵاتناسی دنیا و رووس و نێردراوی سەرۆکی رووسیا لە دانوستانەکانی جنیڤ یەک و جنێڤ دوو و دانوستانەکانی ئەستانە و سۆچێ سەبارەت بە پرسەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و سوریا بە وتەیەکی کۆنفرانسەکەی کردەوە، دەستخۆشی و پیرۆزبایی ئەم چالاکییەی لە هەرێمی کوردستان کرد، هەروەها بەخێرهاتنی میوانانی بەشداربووی کرد، بە تایبەتی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا و باڵیۆزخانەی عێراق و دیپلۆماتکارانی وەزارەتی دەرەوەی رووسیا و رۆژهەڵاتناسان و کوردناسانی رووسیا و تەواوی ئامادەبووان. هیوای بوونی پەیوەندی بەردەوام و کار وچالاکی بەردەوامی نێوان نوێنەرایەتی و پەیمانگای بۆ خواستین.

بەڕێزیان ئامادەی تەواوی خۆیانی خستە روو بۆ پێکەوەکارکردنی زیاتر. سەبارەت بە گرینگی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی جەنابیان ئاماژەی بە گرینگی ئەم بڕیارە کرد. دواتر ئاماژەی بە گرینگی راپۆرتە ئامادەکراوە زانستیەکان کرد و داوای کرد رێگا بە کوردناسان و رۆژهەڵاتناسانی تر بدرێت کە ئەمڕۆ بۆ ئەم چالاکییە راپۆرتی زانستیان ئامادەکردووە و با گوێیان لێبگرین.

پاشان تۆمارێکی ڤیدیۆیی رێزدار سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەى هەرێمی کوردستان پەخشکرا کە تایبەت بۆ ئەم چالاکییە ئامادەکرابوو، تێیدا بە وردی گرینگی بڕیاری ٦٨٨ و دروستبووونی نەوای ئارامی بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە خستە روو. هەروەها بەڕێزیان رۆڵی رۆهەڵاتناسانی رووسیای بەرز نرخان لە خزمەتی نەتەوەیی و کلتوری و مێژووی کوردیدا. وتەکانی جەنابیان بوونە مایەی دەست خۆشی و سوپاسی تەواوی ئامادەبوان.

دواتر وتاری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رووسیا لە لایەن دکتۆر دانەر ئەبوبەکر کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی خوێندرایەوە، کە بە وردی تیشکی خستە سەر گرینگی بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بۆ کورد و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە، هەروەها سوپاسی پەیمانگا و تەواوی یارمەتیدەرانی ئەم چالاکییە کرد کە بۆئەم یادە گرینگ و پیرۆزە یەکەمین جارە لە ناو ناوەندێکی زانستی رووسیادا بەرز رادەگیرێت. جەختی لە پێکەوەکارکردنی زیاتری نێوان پەیمانگا و نوێنەرایەتی کردەوە و هیوای کاری گەورەتر و باشتری خواست بۆ داهاتوو.

دواتر چەند راپۆرتێکی زانستی لە لایەن بەرپرسی بەشی کوردناسی بەڕێز کیریل ڤێرتیاڤ و توێژەری دیاری بەشی ناوبرا ڤادیم ڤلادیمەرۆڤیچ و سکرتێەرەی بەشی کوردی میدیا ئوزمانیان و گەورە رۆژهەڵاتناسانی پەیمانگای ناوبراو ڤیچیسڵاڤ بێڵۆکرێنچکی و سڤیتڵانە رەڤاندی فەدای بە چەند راپۆرت و وتەی جیاواز جیاواز باسیان لە گرینگی ئەم بڕیاری ئەنجومنەی ئاسایشی نێودەوڵەتی و پەیوەندییە مێژویەکانی کورد رووسیا کرد. هەروەها زۆر سوپاس و پێزانینی خۆیان ئاراستەی نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردساتن کرد بۆ هەموو ئەو پاڵپشتی و هاوکاریانەی پێشکەشی توێژەرانی پەیمانگا و بەشی کورد کردووە لە ماوەی رابردوودا، بە تایبەتی جوان کردن و رازاندنەوەی بەشی کوردی کە ئێستا یەکێکە لە بەشە هەرە جوان و رێک و پێکەکانی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی بە قسەی کاربەدەستانی پەیمانگا، کە ئەمەش لە راستیدا بە هاوکاری جەنابی سەرۆک بارزانی بوو.

لە چالاکی دووەمدا دوو پێشەنگای هونەری نیگارکێشان و پەیکەرتاشین بۆ هونەرمەندانی کوردانی سۆڤیەت کرایەوە لە هۆڵی مۆزەخانەی پەیمانگای ڕۆژهەڵاتناسی.
کردنەوەی پێشەنگای نیگارکێشان و پەیکەرتاشین بۆ هەردوو هونەرمەندی کوردانی سۆڤیەتی سەر ئاینی ئێزدی تیمور رەشۆێڤ و هونەرمەندی لاوی نیگارکێش نۆریک مۆسۆیانی، کە بەشێکی کارەکانیان پێناسەی کوردبوون و رۆڵی سەرکردە سیاسیەکانی ناو بزوتنەوەی رزگایخوازی کوردە، هەروەها ئاشتی و پێکەوەژیان لە هەرێمی کوردستان بوو. ئەم چالاکییە بووە جێگای خۆشحاڵی تەواوی ئامادەبوان و سەرسورمانیان لە توانای هونەری کوردانی سۆڤیەت کە تا ئێستا کەمن ئەو کەس و لایەنانەی ئاگاداری بلیمەتی هونەری کوردانی سۆڤیەتن.

هەر بەم بۆنەیەوەو لە هەمان رۆژدا چالاکی سێیەمدا گفتوگۆ و راگۆڕینەوەی کراوە لە نێوان ئامادەبوواندا ئەنجامدرا. ئەم چالاکییە فراوانە بووە جێگای خۆشحاڵی و دەنگدانەوەی خێرا لە ناو پەیمانگا و دام و دەزگا دیپلۆماسی و زانستیەکان بەهۆی بەشداری و بانگهێشتکردنی زۆر کەسایەتی دیارەکانی ئەم بوارانە.