Skip to the content

لە رێگاى وێبنارەوە کۆبوونەوەیەکى فراوان بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق(Gov.KRD)- ئەمرۆ 18ی کانونی دووەم(یەنایەر)ی 2021 بە مەبەستى یەکتر ناسین و خستنەڕووى چەند پرسێکى پەیوەست بە ئەرک و کارى نوێنەرایەتیەکانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوەو میکانیزمى زیاتر خزمەتگەیاندن بە رەوەندى کوردستانى لە دەرەوە، لە رێگاى وێبنارەوە کۆبوونەوەیەکى فراوانى بەرهەمدار لە نێوان سەفین دزەیی بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت لەگەڵ د. رێبوار بابکەیی سەرۆکى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانى کوردستان و ئەندامانى لیژنەو نوێنەرانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوە بەڕێوەچوو.

 

سەفین دزەیى پوختەیەکى سەبارەت بە ئەرک و کارەکان و ئاستەنگەکانى بەردەم کارى نوێنەرایەتیەکانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوە پێشکەش کرد و دەستخۆشى لێکردن کە لە ماوەى ڕابردوو سەربارى ئاستەنگ و گرفتەکان توانیویانە تاڕادەیەکى باش خزمەت بە سیاسەتى حکومەتى هەرێم و رەوەندى کوردستانى بکەن.

 

لەهەمانکاتدا خۆشحاڵ بوو کە لە نزیکەوە لەگەڵ لێژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى پەرلەمانى کوردستان تاوتوێى پلان و میکانیزمێک بکەن بۆ رێکخستنى کارى پەیوەندیەکان لە چوارچێوەى یاسایەک و نەهێشتنى کەم و کوڕى و گرفتەکان. لەم رووەوە گووتى بەگوێرەى تواناى بەردەست فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت توانیویەتى ئاستى پەیوەندییەکانى بگەیەنێتە قۆناغێکى پێشکەوتوو لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و نوێنەرانمان لە دەرەوە هەرچەندە پێگەى دیپلۆماسیان نییە بەڵام زۆربەى ناوەندە فەرمیەکانى ئەو وڵاتانە وەک دیپلۆمات و نوێنەرى فەرمى دیدارو کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەنجام دەدەن.

 

دواتر د. رێبوار بابکەیی سەرۆکى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانى کوردستان گوتى وەکو لیژنە هاوکارى و هەماهەنگى دروستمان لەگەڵ فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە هەیەو هەردوولا کاردەکەین بۆ زیاتر پتەوکردنى پەیوەندییەکانى هەرێم لەگەڵ دونیاى دەرەوەو خزمەتکردنى زیاترى رەوەندى کوردستانى و بەهاناچوونیان لەکاتى پێویست.

 

هەروا گوتى راستە بەهۆى بارودۆخى کۆڕۆنا کۆبوونەوەو سەردانەکان سستیان تێکەوتووە بەڵام هیوادارین ئەگەر لە رێگەى وێبناریش بیت بتوانین هەم نوێنەرانى حکومەت لە دەرەوە بناسین هەم سەرنج و تێبینى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوە بخەینە بەردەم بەڕێزیان.

 

لە کۆبوونەوەکە تیشک خرایە سەر میلاکاتى نوێنەرایەتیەکان و چۆنیەتى بەدەستهێنانى پێگەى دیپلۆماسى و یەکخستنەوەى رەوەندى و کوردستانى لە ژێر چەترى نوێنەرایەتیەکانى حکومەت.

 

دواتر نوێنەرانى حکومەتى هەرێم لە دەرەوە هەریەکەو بە جیا باسی لە ئەرک و بەرنامەى کارو ئاستەنگ و گرفتەکان و چۆنیەتى چارەسەرکردنى کێشەکان کرد.

 

پاشان ئەندامانى لیژنەى پەیوەندییەکانى دەرەوە و رەوەندی کوردستانی لە پەرلەمانى کوردستان چەندین پرسیارو سەرنجیان ئاراستەى بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەو نوێنەرانى حکومەت لە دەرەوە کرد