Skip to the content

خەڵاتی (ملوانکەی زێڕین هەڵاتنی خۆر) پێشکەش بە خدر کەریم سەرۆکی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە کرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی پێنج شەممە ٢٠٢١/٣/١٨ لە مەڕاسیمێکدا لە هەولێر بە ئامادەبوونی سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت و سۆزۆکی کۆتارۆ باڵیۆزی ژاپۆن لە عیراق و بەرسانی حکومەت خەڵاتی ئیمپڕاتۆری ژاپۆن (ملوانکەی زێڕین هەڵاتنی خۆر) پێشکەش بە خدر کەریم جێگری سەرۆک شارەوانییەکان بۆ ئاشتی و سەرۆکی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە کرا.

لە سەرەتای ڕێوڕەسمەکەدا سۆزۆکی کۆتارۆ باڵیۆزی ژاپۆن لەعیراق گوتی خۆشحاڵم (خەڵاتی ملوانکەی زێڕین هەڵاتنی خۆر) پێشکەش بە خدر کەریم جێگری سەرۆک شارەوانییەکان بۆ ئاشتی و سەرۆکی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە بکەم.

ئەم خەڵاتە لەلایەن خاوەنشکۆ ئیمپڕاتۆڕی ژاپۆن لەبەرامبەر هەوڵ و ماندووبوونی بەڕێزیان لە پتەوکردنی پەیوەندی دوولایەنەی نێوان ژاپۆن و هەرێمی کوردستان لە دەیەکانی ڕابردوو لەساڵی ٢٠٢٠ پێشکەش بە بەڕێزیان کراوە.

بەڕێزیان گوتی لە دڵەوە پیرۆزبایی خۆمی لێدەکەم بۆ بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە بە نرخە.

هەروا گوتی خدر کەریم ئەندامی ڕێکخراوی نیکانی بەناوبانگە بۆ نەهێشتنی چەکی کۆمەڵکوژو ڕۆلی بەرچاوی هەبووە لە دروستکردنی پەیوەندی دۆستانە لە نێوان شارەکانی هێرۆشیماو ناکازاکی و هەڵەبجە.

دواتر سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت گوتی: خۆشحاڵم لێرە لەگەڵتان بەشدارم بۆ بەخشینی ئەم مەدالیایە بە خدر کەریم.

کاک خدر یەکێک بووە لە ئەندامی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی پێشووی شارەوانی هەڵەبجە، بەگەرمی پیرۆزبایی لێ دەکەم و هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم.

ئەم بۆنەیە لەیەک نزیکی و ولێک تێگەیشتنی ژاپۆن بۆ هەرێمی کوردستان دەسەلمێنێت. هەڵەبجە برینێکە سارێژ نابێت و لەبیرمان ناچێتەوە.

هاوکاریەکانی حکومەتی ژاپۆن و ئاژانسی جایکا لەبیر ناکەین، لە چەند ساڵی ڕابردوو زۆر پرۆژەی خزمەت گوزاری باشیان ئەنجامداوە.

دواتر خدر کەریم لە وتەیەکی کورتدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ خاوەنشکۆ ئیمپراتۆری ژاپۆن دەربڕی و سوپاسی باڵیۆزخانەی ژاپۆن و نووسینگەی بالێۆزخانەی ژاپۆنی لە هەرێم کرد بۆ بەخشینی ئەم خەڵاتەو گوتی ئەمە وامان لێدەکات زیاتر هەوڵبدەین بۆ ئاشتی و ڕێگری کردن لەچەکی کۆمەڵکوژ.