Skip to the content

سەفین دزەیی گفتوگۆیێکی بەرفراوانی لەگەڵ چالاکڤان و ئەندامپەرلەمانە کوردەکانی سۆڤیەتى جاران ئەنجام دا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ هەینی ٢١/٥/٢٠٢١ سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە ڕێگای ئاژانسی ھەواڵی ریاتازە، بە شێوەی وێبینار، زیاتر لە دوو کاتژمێر لەگەڵ فیدراسیۆنی نێونەتەوەیی کوردانی سۆڤیەت و بەشێک لە ئەندامپەرلەمانە کوردەکانی سۆڤیەت و رادیۆی یەریڤان و تەلەفزیۆنی یەکبوون بە ئامادەبوون نوێنەرایەتی حکومەتی ھەرێمی کوردستان لە رووسیا، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ گفتوگۆی کرد.

ئەمە یەکەمجارە لە ڕێگای وێبینار بەرپرسێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ھەولێر، مۆسکۆ، ئەڵماتە، بیشکێک، یەریڤان، باکۆ و تەبلیس کۆ دەکاتەوە بۆ قسەکردن لەسەر دوایین رەوشی سیاسی و ئابووری و کەلتوورو ڕۆشنبیریی هەردوولا.

لە سەرەتای وێبینارەکەدا سەفین دزەیی سڵاوو ڕێزی تایبەتی خەڵکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی گەیاندە ئامادەبووان و تەواوی کوردانی سۆڤیەت. ئاماژەی بە دڵسۆزی و ھەستی نیشتیمانپەروەری کوردانی سۆڤیەت کرد لە رابردوو و ئێستا.
دواتر کورتەیەک لە مێژووی سیاسی و دیپلۆماسی کورد و ھەرێمی کوردستانی لە سەردەمی شۆڕش و بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و ئەمڕۆی ھەرێمی کوردستان پێشکەش بە بەشداربووان کرد.
لە بەشێکی تری وێبینارەکە، دەرگای پرسیار و گفتوگۆ لە لایەن بێڵا ستورکی پێشکەشکاری دیار و بە ناوبانگی کوردانی سۆڤیەت بە رووی بەشداربووان کرایەوە و سەفین دزەیی وەڵامی پرسیار و تێبینیەکانی دایەوە، لە ھەمان کاتدا بەڵێنی پێدان کە تەواوی پێشنیارەکانی ئامادەبووان بەهەند هەڵبگرن و کاری لەسەر بکەن.