Skip to the content

لەیادی ٣٠ ساڵەی کۆڕەودا، لە ئیسپانیا پێشانگا و سیمینارێکی تایبەت بەڕێوەچوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ٣٠ هەمین ساڵیادی کۆچڕەوی کوردان، نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا بە هاوکاریی زانکۆی ئۆتۆنۆمی لە شاری مەدرید لە وڵاتی ئیسپانیادا هەستا بە سازدانی پێشانگایەکی فۆتۆگرافی کە چەندین وێنەی بڵاونەکراوەی لەخۆ گرتبوو سەبارەت بە کۆڕەوی یەک ملیۆنی کە لە ساڵی ١٩٩١ لەترسی دەسەڵاتی ستەمکاری بەعس ئاوارەی سنوورەکان بوون. 
وێنەکانی پێشانگاکە سەرنجی زۆرێک لە ڕۆژنامەوانە جیهانییەکانی بۆخۆی ڕاکێشا و بووە جێگەی سەرنجی بەشداربووان، چونکە چەندین دۆکیومێنتی گرنگی تێدابوو. 
هەریەکە لە فۆتۆگرافەر José Luis Vidal Coy و هەروەها نووسەری ئیسپانی  Manuel Martorell خۆیان لەکاتی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنەدا لە کوردستان ئامادەبوون و  تۆماری ئەو ڕووداوانەیان کردووە. 
هەر بۆیە نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا و بە هاوکاریی زانکۆی ئۆتۆنۆمی لە شاری مەدرید هەستا بە ڕێکخستنی ئەم پێشانگایە لە سەنتەری کلتووریی La Corrala کە مەبەست لێی بریتیبوو لە یادکردنەوەی ئەو ڕووداوە دڵتەزێنە و هاوکات هۆشیارکردنی گەلی ئیسپانیا بەرامبەر ئەو ڕووداوە تراژیدییەی بەسەر گەلەکەماندا هاتووە.
جێگەی باسە پێشانگاکە لە ٤ بەش پێکهاتبوو، کۆچڕەوی کوردان، گەڕانەوە، ئاسایی بوونەوەی ژیان لە هەرێمی کوردستان،هەرێمی کوردستان لە سەردەمی ئێستادا. 
 ئایدن ئوستان کاربەڕێکەری نوێنەرایەتی حکومەتی هەرێم لە ئیسپانیا گوتی: لەبەر ئەوەی ژمارەیەک فۆتۆگرافەر و مێژوونووس خۆیان لەساڵی ١٩٩١ لەناو ڕووداوەکان بوونە چەندین کتێبیان لەسەر مێژووی گەلەکەمان هەیە بە پێویستمان زانی لە پێشانگایەکدا تەواوی وێنەکان نمایش بکەین و هاوکات سیمینارێک بۆ نووسەران ساز بکەین. 
پێشانگاکە لە ٥٠ فۆتۆ و کتێبی جیاواز پێکهاتووە و لە ١٠ی نۆڤەمبەری ئەمساڵ لە سەنتەری کلتووریی La Corrala دا بەڕووی سەردانیکەرانیدا کرایەوە بە بەشداری چەندین نووسەر و مێژوونووس و فۆتۆگرافەری بەناوبانگی ئیسپانی، خەڵکێکی زۆر ڕوویان لە پێشانگاکە کردووە و بڕیارە تا ٢٨ی نۆڤەمبەر بەردەوامی هەبێت.