Skip to the content

بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازیی لە بەرپرسی نووسینگەی یەکێتى ئەورووپا لە هەرێمی کوردستان کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوە، پێشوازیی لە ماری پارێی، بەرپرسی نووسینگەی یەکێتى ئەورووپا لە هەولێر، کرد. لە دیدارەکەدا، مارى پارێى، سوپاسی فەرمانگە و حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ هەماهەنگی و پەیوەندییە توندوتۆڵەکانی هەردوولا بۆ بەرەو پێشبردن و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەرێم.

 لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی فەرمانگە، وێڕاى بەخێرهاتنی بەرپرسی نووسینگەی یەکێتی ئەورووپا و شاندی یاوەری، سوپاسی هاوکارییەکانی یەکێتی ئەورووپای بۆ هەرێم کرد و هیوای خواست کە زیاتر پەرە بە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان بدەن و لە داهاتوودا  زیاتر کاری هاوبەش ئەنجام بدەن. پرسی یاسایی و ئەمنی و دووایین پەرەسەندنەکانی سیاسی لە عێراق و هەرێمی کوردستان و چەند پرسێکی دیکە، تەوەری گرنگی کۆبوونەوەکە بوون لەنێوان هەردوولادا.

لە کۆتاییدا، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئامادەیى حکومەت و فەرمانگەی دووپاتکردەوە بۆ هەر هاوکارى و هەماهەنگییەک بۆ سەرخستنى کارەکانیان.