Skip to the content

بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە لەگەڵ سەرۆکی ڕێکخراوی سپارکی هۆڵەندی کۆبووەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی چوارشەممە سەفین دزەیی بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت لەگەڵ ڕەهێڵ عەزیز سەرۆکی ڕێکخراوی سپارکی هۆڵەندی و شاندی یاوەری کۆبووەوە.
بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاسی ڕێکخراوی سپارکی هۆڵەندی کرد کە چالاکی و پڕۆژەکانیان لە هەرێمی کوردستان ئەنجام دەدەن. هیوای خواست پڕۆژەکانیان لە کفری و کەلار و گەرمیان و ڕاپەڕینیش ئەنجام بدەن.
سەفین دزەیی ئامادەیی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی خستەڕوو بۆ هەماهەنگی زیاتر لە پێناو سەرخستنی کارەکانیان لە هەرێم، هاوکات جەختی لە کەلتووری پێکەوە ژیان و ڕێزگرتن لە ئاوارە و پەنابەران کردەوە کە لە ترسی تیرۆر و توندوتیژی ناوچەکانی خۆیان جێهێشتووە.
 بەرپرسی ڕێکخراوی سپارک سوپاسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە و هاوکاریەکانی حکومەتی هەرێمی کرد لە پشتگیری بەردەوامیان بۆ سەرخستنی کار و پڕۆژەی ڕێکخراوەکەیان و پوختەیەکی لەسەر کاروچالاکی و پڕۆژەی ڕێکخراوەکەیان لە ئێستاو داهاتوو لە بوارەکانی پڕۆژه‌ی بچووک و تەکنەلۆژیا بۆ گەنجان خستەڕوو.