Skip to the content

سەفین دزەیى پێشوازى لە باڵیۆزى نوێى نەرویج لە عێراق و ئەردەن کرد

ڕۆژى یەکشەممە ٦ی ئاداری ٢٠٢٢ سەفین دزەیی، بەرپرسى فەرمانگەى پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازى لە ئێسپن لیندبێک، باڵیۆزى نوێی شانشینى نەرویج لە عێراق و ئەردەن و شاندى یاوەرى کرد.

لە کۆبوونەوەکەدا، بەرپرسی فەرمانگە بەخێرهاتنى باڵیۆزى نوێ و شاندی میوانی کرد و  هیواى سەرکەوتنى بۆ خواستن لە کارەکانییاندا. لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، ئاماژەى بە پەیوەندى دۆستانەى نێوان هەرێمى کوردستان و شانشینی نەرویج کرد و ئامادەیى نیشاندا بۆ هەماهەنگى و پەرەپێدانى زیاتری پەیوەندییەکان لە داهاتوودا.  

بارودۆخى سیاسى و ئابوورى و ئەمن و ئاسایشی عێراق و هەرێمى کوردستان تەوەرێکى ترى کۆبوونەوەکە بوون. هاوکات تیشکییان خستە سەر دوایین هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و پرۆسەى سیاسی و پێکهێنانی حکومەتی داهاتووی عێراق.  

لە کۆتاییدا هەردوولا جەختییان لە بەردەوامى و پەرەپێدانى پەیوەندییە دووقۆڵییەکان کردەوە و، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە سوپاسی شانشینی نەرویجی کرد بۆ هەر هاوکاری و یارمەتییەکی مرۆیی لەڕێگەی ئاژانسی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواستن لە ئەرکەکانیاندا.