Skip to the content

کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر بانگهێشتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەت کرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- بە مەبەستی گەیاندنی ناڕەزایی فەرمیی حکومەتی هەرێم بۆ بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران، ڕۆژی دووشەممە ڕێکەوتی ١٤/٣/٢٠٢٢ کونسوڵی گشتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە هەولێر، بانگهێشتی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە کرا و هەڵوێست و ناڕەزاییەکانی حکومەتی هەرێم و خەڵکی کوردستانی ئاراستە کرا کە بەهۆی بۆردومانە مووشەکییەکان زیانی ماددی زۆری لێکەوتەوە و ترس و دڵەڕاوکێی لە ناو دانیشتووانی هەرێم دروستکرد.
فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە جەخت دەکاتەوە کە هەرێمی کوردستان لایەنگری ئاشتی و سەقامگیری ئاسایشی ناوچەکە و جیهانە، لەو پێناوەشدا هەوڵی بەردەوامی هەبووە و قوربانی زۆری داوە. هیچ کات بەشێک نەبووە لە کێشەکان و هەمیشە هەوڵی چارەسەری داوە بە ڕێگەی دیالۆگ بۆ کێشەکان. داوا دەکەین چیتر هەرێمی کوردستان بە پاساوی بێ بنەماو دوور لەڕاستی نەکرێتە مەیدانی یەکلاکردنەوەی ناکۆکیەکان.
وێڕای سەرکۆنەکردنی توندی ئەم هێرشانە دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە ئەم جۆرە ڕەفتارە بێ پاساوانە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بوەستێندرێت و ڕێز لە سەروەری خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان بگیرێت. چونکە ئەم کردەوانە پێچەوانەی بنەمای دۆستایەتی و پەیوەندی نێوان وڵاتان و دراوسێیەتییە. بە تایبەت ئێمە کە مێژوویەکی دوور و درێژمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێراندا هەیە و دەخوازین کە ئەم پەیوەندیانە بەردەوام بن لەسەر بنەمای ڕێزگرتن و سوود و بەرژەوەندی هەردوولا.
ئێمە وەک حکومەتی هەرێمی کوردستان سەرجەم ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکەینەوە کە بۆ مووشەکبارانکردنی هەولێر کراون بە بیانوو، هەروەها پشتگیری لە پێکهێنانی لیژنەیەکی نێودەوڵەتی دەکەین بۆ لێکۆڵینەوە و دەرخستنی ڕاستیەکان، بۆ ئەوەی چیتر بە پاساوی بێ بنەما خاک و خەڵکی سڤیلی ئاشتیخوازی هەرێم بە ئامانج نەکرێن.