Skip to the content

سەفین دزەیی لەگەڵ جێگری باڵیۆزی نەمسا لە عێراق کۆدەبێتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی ٢٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٢، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئەندریا ناسی، جێگری باڵیۆزی نەمسا لە عێراق کۆبۆوە.
لە کۆبوونەوەکەدا، بەپرسی فەرمانگەی پەیوەندیییەکانی دەرەوە، پووختەیەکی لەسەر قۆناغەکانی گەشەسەندنی هەرێمی کوردستان پێشکەشکردن و ئاماژەی بەوەدا کە ئەو پێشکەوتن و ئاسایش و سەقامگیرییەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە بە ئاسانی بەدەست نەهاتووە بەڵکو بە خوێن و قوربانیدانی هەزارەها شەهید و کۆشش و خەباتی جۆراوجۆری بەردەوام بەدەستهاتووە.
سەفین دزەیی، تیشکیشی خستەسەر ڕۆڵی نەمسا و وڵاتانی دیکەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ بەهاناوەچوون و هاوکاریکردنی هەرێمی کوردستان لە کاتە سەختەکاندان و دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان چاوی لە پێشکەوتنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ نەمسا لە سەرجەم بوارەکاندا.
لە بەرامبەردا جێگری باڵیۆزی نەمسا پابەندی وڵاتەکەی بۆ پێشخستنی پەیوەندی و دۆستایەتی لەگەڵ هەرێمی کوردستان نیشاندا و دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بە بایەخەوە سەیری ئەو پەیوەندییانە دەکات و بۆی گرنگە. 
لە تەوەرێکی تری کۆبوونەوەکە، باس لە دواپێشهاتە سیاسییەکانی عێراق و ناوچەکە و هەڕەشە و مەترسییەکانی بەم دواییە کرا و بەرپرسی فەرمانگە دید و ڕوانگەی هەرێمی کوردستانی خستەڕوو سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و خواستی چارەسەرکردنی سەرجەم کیشە و گرفتەکان لەسەر بنەمای ڕێککەوتنی هاوبەش و دەستوور.