Skip to the content

وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزتر دەکەین

ڕۆژی چوارشەممە، ١ی ئاداری ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازی لە لۆرد ئەحمەد، وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا و شاندی یاوەری کرد، کە پێکهاتبوون لە مارک برایسن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق ڕۆزی کەیڤ کونسوڵی گشتی بەریتانیا لە هەرێم.

لە دیدارەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی دوایین سەردانی سەرکەوتووی شاندی حکومەتی هەرێم بە سەرۆکایەتیی سەرۆکوەزیران بۆ وڵاتی بەریتانیا لەبارەى پەرەپێدانی پەیوەندی لە بوارە جیاجیاکانی سیاسی و ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنان کرا.

لۆرد ئەحمەد، خۆشحاڵیی خۆی بە دووبارە سەردانی هەرێمی کوردستان دەربڕی و ئاماژەی بە دیدار و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم دەربڕی و خۆشحاڵیی خۆی بە پێشکەوتنەکان دەربڕی. گوتی: "هەرێمی کوردستان پێگەیەکی گرنگی لە ناوچەکە هەیە".

بەرپرسی فەرمانگە سوپاسی هەڵوێستی حکومەتی بەریتانیای کرد بۆ پشتگیری لە هەرێم و هیوای پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی لە بوارەکانی ئابووری و تەندرووستی و خوێندنی باڵا و پەرەدان بە بیناکردنی تواناکانی فەرمانبەرانی حکومەتی هەرێم خواست.

لۆرد ئەحمەد ئامادەییی وڵاتەکەی بۆ هاوکاریکردنی زیاتری هەرێم ڕایگەیاند، بە هەماهەنگیکردن لەگەڵ باڵیۆزخانە و کونسوڵگەریی وڵاتەکەی لە هەرێم بۆ هاوکاریی حکومەتی هەرێم لە چەندین بواردا.