Skip to the content

پەیوەندییەکانی دەرەوە پێشوازی لە ڕۆژنامەنووسێکی چیکی و فۆتۆگرافەرێکی فەرەنسی کرد کە لەسەر مێژووی کورد دەنووسن

بە مەبەستى دەرکردنى کتێبێک لەسەر مێژووى نوێى کورد، ڕۆژی چوارشەممە، ژنەنووسەرى چیکى ماگدالینا سۆدۆمکۆڤا و لام دوک هاینى فۆتۆگرافەر، سەردانى فەرمانگەى پەیوەندییەکانى دەرەوەیان کرد و لەلایەن سەفین دزەیی، بەرپرسى پەیوەندییەکانى دەرەوەى حکومەت پێشوازییان لێ کرا.

لە دیدارەکە شاندى میوان پوختەیەکیان لەسەر پڕۆژەکەیان پێشکەش کرد کە دەرکردنى کتێبێکى گەورەى بەراوردکاییە بە هەردوو زمانى کوردى و فەڕەنسى سەبارەت بە پێشووەچوونەکانى هەرێمى کوردستان لە سەرجەم بوارەکان بەراورد لەگەڵ ساڵى ١٩٩١.

سەفین دزەیی وێڕاى بەخێرهێنان، دەستخۆشیی جێبەجێکردنی ئەو پڕۆژەیەى لێ کردن و پوختەیەکى لەسەر بارودۆخى هەرێمى کوردستان لە سەردەمى ڕژێمى سەددام و ئەو تاوانانەى دژى گەلى کوردستان کردنی، وەک قۆناغەکانى ئەنفال و کیمیابارانکردن و پاکتاوى ڕەگەزى و ڕاگواستن پێشکەش کرد.

ناوبراو ئاماژەى بە ڕۆڵى قارەمانانەى پێشمەرگە کرد لە شەڕى دژ بە داعش و پێشکەوتنەکانى هەرێمى کوردستان لەڕووى سەقامگیرى و پێکەوەژیانى نەتەوە و ئایین و کولتوورەکان و فراوانکردنى پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەى نێودەوڵەتى و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەى ئەو ئاستەنگانەى دێنە بەردەم پڕۆسەى حکومڕانیی هەرێمى کوردستان و پێشوازیکردن لە زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە و پەنابەر.