Skip to the content

سەفین دزەیى پێشوازیى لە شاندێکى حکومەتى هۆڵەندا کرد

ڕۆژی پێنجشەممە، ١٨ی ئایاری ٢٠٢٣، سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە، پێشوازیی لە شاندێکى حکومەتى هۆڵەندا کرد بە سەرۆکایەتیى یوست کلارینبیک، نێردەى تایبەتى حکومەتى هۆڵەندا بۆ کاروبارى کۆچ و کۆچبەران لە وەزارەتى دەرەوە.

لە دیدارەکەدا بەرپرسی فەرمانگە خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی بە سەردانی شاندەکە و ئاماژەى بەوە دا "ئەم جۆرە سەردانانە بۆ هەماهەنگیی زیاتر لە بارەى ئەو پرسانەى تایبەتن بە کۆچ و کۆچبەران و بەرەنگاربوونەوەى کۆچى نایاسایی گرنگن، کە هۆکارێکە بۆ دیاردەی بازرگانیکردن بە مرۆڤ."

یوست کلارینبیک، مەبەستى سەردانى شاندەکەى ڕوون کردەوە و ڕایگەیاند: "لە ماوەى سەردانیکردنى شاندەکەیان بۆ عێراق و هەرێمى کوردستان چەند دیدار و کۆبوونەوەیان سەبارەت بە پرسی کۆچ و کۆچبەران کردووە. هاوکات خۆشحاڵیی خۆى دەربڕى بۆ هەماهەنگیکردنى حکومەتى هەرێم بۆ ئەم پرسە و هاوکاریکردنى دوولایەنە بۆ بەرەنگاربوونەوەى پرسی کۆچى نایاسایی."

لە کۆتاییی دیدارەکەدا هەردوو لا باسیان لە دوایین پرسە هەنووکەییەکانى هەرێم و ناوچەکە بە گشتى کرد.