Skip to the content

فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی و بەرنامەی خۆراکی جیهانیی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق نامەی لێكتێگەیشتنیان واژوو کرد

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری نامەی لێکتێگەیشتنی لەگەڵ بەرنامەی خۆراكی جیهانیی (WFP) سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان واژوو کرد بە مەبەستی پێکەوە كارکردن لەسەر باشترکردن و چاكسازی لە سیستەمی پاراستنی كۆمەڵایەتیدا لە هەرێمی كوردستان بۆ پێشکەشکردنی باشترین شێوازی خزمەتگوزاری بە خانەوادە هەرە دۆخناسکترینەکان، ئەمەش لەڕێی کارکردن لەسەر بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتی و بنیاتنانی حوکمڕانی ئەلیکترۆنی لە هەرێمی کوردستاندا.
فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری پشتگیری بەرنامەی خۆراكی جیهانی دەکات بۆ چارەسەرکردنی هەژاری وە دووپاتی کردەوە کەوا سیستەمی زانیاری دانیشتووانی هەرێم پڕۆژەیەکی سەرەکی کابینەی نۆیەمە بۆ دابینکردنی داتای گرنگ بۆ بڕیاردان.
هاوبەشیکارییەکە لەگەڵ بەرنامەی خۆراکی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکان بایەخ دەدات بە بەدیجیتاڵکردنی سیستەمی دابەشکردنی گشتیی (PDS) بەشە خۆراك و بەهێزکردنی هۆشیاریی گشتی دەربارەی پرۆسەکانی بەدیجیتاڵکردن کە بەم دواییە ئەنجامدراون. هەروەها هاوبەشیکارییەکە دەبێتە هۆی دڵنیابوون لەوەی دەستپێشخەرییەکانی بەدیجیتاڵکردن هاوچەشنن لەگەڵ ئامانجەکانی وەرچەرخانی دیجیتاڵیی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
لەو بارەیەوە سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری هیوا ئەفەندی گوتی: "بەڕێوەبردنی داتا یەکێکە لە ئاڕاستە ستراتیژییە سەرەکییەکانمان کە پێویستە داتا باوەڕپێکراوەکان لە سەرچاوە جیاوازەکانەوە یەک بخرێن و هاوبەش بکرێن لەگەڵ دامەزراوەی ناوخۆیی و دەرەکی دروست و گونجاو بۆ ئەوەی توانای جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان پێ بدات. ئێمە پابەندین بە دروستکردنی سیستەم و داتابەیسەکانمان وەک سیستەمی زانیاریی دانیشتووانی هەرێم و سیستەمی بەڕێوەبردنی شووناسی دیجیتاڵی کە بەشێوەیەکی پارێزراو بەردەست بێت بۆ سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتی. سوپاسی بەرنامەی خۆراکی جیهانیی نەتەوە یەکگرتووەکان (WFP) دەکەین بۆ هاوکاری و هەوڵ و ماندووبوونیان."
لای خۆیەوە نوێنەری بەرنامەی خۆراكی جیهانی لە عێراق عەلی ڕەزا قوڕەیشی گوتی: " بەرنامەی خۆراكی جیهانی پابەندە بە پشتگیریکردن لە وەرچەرخانی دیجیتاڵی وەك ئامرازێك بۆ چاکسازی لە پاراستنی کۆمەڵایەتی لە عێراقدا. ئەم هاریکارییە هەنگاوێکی گرنگە بەرەو باشترکردنی سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتی لە هەرێمدا لەبەر ئەوەی دەبێتە هۆی دڵنیابوون لەوەی گرووپە هەرە دۆخناسکترینەکان وەک؛ منداڵان، گەنجان، ژنان، بەساڵاچووان، کەمئەندامان و ئاوارەکان توانای گەیشتنی دادپەروەرانەیان دەبێت بە سیستەمێکی پاراستنی کۆمەڵایەتیی گشتگیر کە هەمووان لەخۆ بگرێت".
بەرنامەی خۆراكی جیهانی سەربە نەتەوە یەكگرتووەكان گەورەترین رێكخراوی مرۆیی جیهانە کە چالاکییەکانی ڕزگارکردنی ژیان ئەنجام دەدات لە بارە لەناکاوەکاندا و یارمەتییە خۆراكییەكان بەكاردەهێنێت بۆ زەمینە خۆشکردن بەرەو ئاشتی و ئارامی و خۆشگوزەرانی بۆ ئەو کەسانەی سەرپێی خۆیان دەکەونەوە لە ململانێ و کارەساتەکان و كاریگەرییەکانی گۆڕانی ئاو و هەوا.