Skip to the content

کۆنگرەی وەرچەرخانی دیجیتاڵیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چەمکەوە بۆ ڕاستی لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری به‌ڕێوه‌چوو

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق،(GOV.KRD)- فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری کۆنگرەیەکی ڕێکخست لە بارەی وەرچەرخانی دیجیتاڵیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێکەوتی ١٠ی ئاداری ٢٠٢٢ کاتژمێر ٩ی بەیانی تاکو ٢ی دوای نیوەڕۆ لە باڵەخانەی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری.

کۆنگرەکە بە هاوبەشیی لەگەڵ کۆمپانیای هواوی بوو. ئامانجی کۆنگرەکە پیشاندانی پلان و سیستمەکانی حکومەت بۆ وەرچەرخانی دیجیتاڵی، و چۆنیەتی پلاندانان بۆ گەیشتن بە حکومەتێکی دیجیتاڵی و مامەڵەکردن لەگەڵ ئاستەنگ و بەربەستەکانی ڕووبەڕووی پڕۆسەکە دەبنەوە.

لە ژێر ناونیشانی "وەرچەرخانی دیجیتاڵیی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە چەمکەوە بۆ ڕاستی"، کۆنگرەکە قەوارەکانی حکومەت و مامۆستایان و قوتابییانی زانکۆ و لایەنە پەیوەندیدارەکانی کۆکردەوە بۆ تاوتوێکردنی کاریگەریی ورچەرخانی دیجیتاڵی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستان و یارمەتیدان بۆ بەدیهێنانی گەشەسەندنی بەردەوام لەم بوارەدا. هەروەها کۆمپانیای هواوی، وەک دابینکەری چارەسەری جیهانی لە بواری تەکنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندی، چارەسەری تازەگەرانەی نمایش کرد لە بارەی تەکنەلۆجیای زانیاری و پەیوەندی کە بۆ حکومەت و کەرتی تایبەت ئامادەکراوە.

لە کۆنگرەکەدا، فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری هەنگاوەکانی بەدیجیتاڵبوونی خستەڕوو کە تا ئێستا نراون و یارمەتی بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکانی چەندین دامودەزگای حکومەت دەدەن. لە کاتێکدا کۆمپانیای هواوی هەندێک لە گرنگترین تەکنەلۆجیای سەردەمی نمایش کرد بۆ بەکار‌هێنان لە لایەن حکومەت و کەرتەکانی دیکە، هەروەها بیرۆکە و ڕێگەی نوێ و تازەگەرانەی پیشان دا بۆ بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای دیجیتاڵی لە سیستەمەکان.

لە سەرەتای کۆنگرەکەدا، هیوا ئەفەندی، سەرۆکی فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری، وتەی دەستپێکی کۆنگرەکەی پێشکەش کرد و تێیدا تیشکی خستە سەر گرنگی وەرچەرخانی دیجیتاڵی بۆ حکومەت و ئەو ئاستەنگانەی خستە ڕوو کە ڕووبەڕووی تیمەکەی دەبنەوە. ڕوونیشی کردەوە کە نەبوونی تێگەیشتن لە گرنگی بەدیجیتاڵکردن و دەرماڵەی تەرخانکراو دوو بەربەستی سەرەکی پڕۆژەکەن. ئەوەشی خستە ڕوو کە پێش دروستکردنی سیستەمی بایۆمەتری، حکومەت هیچ زانیارییەکی لەسەر ژمارەی کارمەندەکانی نەبوو تەنانەت کەوا چەندیان زیاتر لە دوو یان سێ مووچە وەردەگرن.

هیوا ئەفەندی، لە وتەکەی ئاماژەی بەوەش کرد کەوا کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی كوردستان گەورەترین هەنگاوی ناوە بۆ بەدیجیتاڵکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و هیچ کابینەیەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هێندەی کابینەی نۆیەم لە ڕووی بەدیجیتاڵکردن پێشکەوتوو نەبووە و ئەمەش ڕاستییەکی سادەیە. هەروەها گوتی کەوا ژێرخانە سەرەکییەکانی بەدیجیتاڵکردن ئامادە کراون و لە داهاتوویه‌کی نزیک فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاری نەرمەواڵەی بەکاربەری دروست دەکات بۆ خزمەتکردنی هاووڵاتییان.