Skip to the content

فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەمین سیستەمی دیجیتاڵی کۆنتڕۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان لە ناوچەکە ڕادەگەینێت

فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان یەکەمین سیستەمی دیجیتاڵی کۆنتڕۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان ڕادەگەینێت. ئەم سیستەمە ڕێگەچارەیەکی تازەگەرانەیە بۆ ڕێکخستنی هاتنەژوور و چوونەدەری گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان. سیستەمەکە پێکهاتووە لە چەندین سیستەم و ئامرازی دیکە کە بەیەکەوە بەستراونەتەوە بۆ بەناوەندکردن و ئاسانکردنی پڕۆسەکە، هەروەها بەردەستکردنی ڕێگەچارەیەکی کرداری بۆ وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و گەشتیاران لە هەموو جیهان.

بەشانازییەوە سیستەمەکە بەتەواوی لەلایەن فەرمانگەی تەکنەلۆجیای زانیارییەوە دروست کراوە بەجۆرێک کەوا کۆمەڵێک تایبەتمەندی پێشکەوتوو لەخۆ دەگرێت کە بەیەکەوە کار دەکەن و یەکتر تەواو دەکەن. سیستەمی دیجیتاڵی کۆنتڕۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان لەم چەند سیستەمە پێکهاتووە:

١) پۆرتاڵی پێشکەشکردنی ڤیزای ئەلیکترۆنی: دەروازەی سەرەکییە بۆ گەشتیاران بۆ ئەوەی بتوانن لەڕێگەی ئۆنڵاینەوە داواکاری پێشکەش بکەن و ڤیزای ئەلیکترۆنی بەدەست بهێنن. شێوازی دیجیتاڵی بەدەستهێنانی ڤیزا ئەزموونێکی بێ کێشە فەراهەم دەکات بۆ ئەو کەسانەی دەیانەوێت سەردانی کوردستان بکەن.

٢) سیستەمی بەڕێوەبردنی هاتن و چوون لە خاڵە سنوورییەکان: سیستەمێکی کۆنترۆڵکردنی نوێیە کە لە هەموو خاڵە سنوورییەکان جێگیر دەکرێت، وەک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی، بۆ تۆمارکردن و کۆنتڕۆڵکردنی داتا و زانیاریی پەیوەست بە گەشتکردن و گەشتیاران بەدروستی. ئەم سیستەمە داتا و زانیاریی گشت سیستەمەکانی دیکە و خاڵە سنووریەکان بەیەکەوە دبەستێتەوە، کە دەبێتە مایەی دابینکردنی ئامراز و زانیاریی گرنگ بۆ کارمەندان.

٣) تۆماری نیشتمانیی ڕاگیراوان: داتا و زانیاریی ئەو کەسانە لەخۆ دەگرێت کەوا بەپێی یاسا و ڕێساکان قەدەغەکراون لە هاتن بۆ یان دەرچوون لە هەرێمی کوردستان بەهۆی جۆراوجۆر. ئەم سیستەمە کە بە چەند لایەنێک پەیوەندیدارە، گشت داتا و زانیارییەکانی سنووردارکردن و ڕێکخستنی گەشتکردن بۆ کوردستان لەڕێگەی یەک تۆمار و بنکەدراوە یەک دەخات. ئەمەش زانیاریی ورد و زۆر خێرا بۆ هەموو سیستەمەکانی خاڵە سنوورییەکان دابین دەکات.

٤) سیستەمی بەڕێوەبردنی زانیاریی دەستەبەر: دەروازەیەکی دیجیتاڵییە بۆ ئەو دەستەبەرانەی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمەوە ڕێگەپێدراون بۆ پێشکەشکردنی داواکاریی ڤیزا لەبری هاووڵاتییانی هەندێک وڵاتی دیاریکراو. ئەم سیستەمە ئەزموونێکی تەواو دیجیتاڵی بەو لایەنانە دەبەخشێت کەوا کار لەسەر پێشکەشکردنی داواکاریی بۆ ڤیزای کوردستان دەکەن.

٥) سیستەمی بەڕێوەبردن و پێدانی ڤیزا: سیستەمێکی دیجیتاڵییە کە بەتایبەتی بۆ فەرمانگەی ڤیزای وەزارەتی ناوخۆی  حکومەتی هەرێمی کوردستان دروست کراو، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونی و کۆنترۆڵی تەواویان هەبێت سەبارەت بە هەر شتێک پەیوەست بێت بە ڤیزا.

سیستەمی دیجیتاڵی کۆنتڕۆڵکردنی خاڵە سنوورییەکان بەشێکە لە پڕۆسەی وەرچەرخانی دیجیتاڵی کە جێگرەوەی کاری کاغەزیی پێشووترە و پەرە بە ئاسایش و پاراستنی نهێنیی داتاکان دەدات. هەروەها، بەرچاوڕوونی و کۆنترۆڵی باشتر بە وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبەخشێت.

سەردانی پۆرتاڵی نوێی پێشکەشکردنی داواکاریی ڤیزای ئەلیکترۆنی بکە لەڕێگەی VISIT.GOV.KRD