Skip to the content

حکومەتی هەرێم چەند بڕیارێک بۆ کۆنترۆڵکردن و نەهێشتنی قۆرخکاری نان دەردەکات

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و لە چوارچێوەی بەدواداچوون بۆ پرسی گرانبوونی نرخی نان و کۆنترۆڵکردنی نرخەکان و نەھێشتنی قۆرخکاری لەو بوارەدا، ڕۆژی یەکشەممە٢٠٢١/٨/٢٩، لە دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەک ئەنجام درا ،کە تیایدا هەریەک له‌ د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، بێگەرد تاڵەبانی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، کەمال موسلیم وەزیری بازرگانی و پیشەسازی، کەمال محەمەد ساڵح وەزیری کارەبا، د.محەمەد شوکری سەرۆکی دەستەی وەبەھێنان، د.عەبدولحەکیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بە داواداچوون، د.جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بریکاری وەزارەتی سامانە سروشتییە کان و ھەر چوار پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکان بەشداربوون چەند بڕیاڕیک درا.

لە کۆبوونەوەکەدا ھەردوو وەزارەتی سامانەسروشتییەکان و بازرگانی ڕاسپێردران بە ھەماھەنگی لە گەڵ کۆمپانیای وەبەرهێنانی غاز و بەڵێندەر و کارگەکان کە نرخی گازی شلی دابینکراو بۆ نانەواخانە و سە مونخانەکان بهێننە خوارەوە، هاوكات له‌ لای خۆیه‌وه‌ وەزارەتی کارەبا نرخی ئێستای کارەبا ۲۰% بۆ نانەواخانە و سەمونخانە کان کەم بکاتەوە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیار درا کە وەزارەتی بازرگانی بە ھەماھەنگی لەگەڵ پارێزگاکان، چاودێری چڕی ئاشەکانی ھەرێمی کوردستان بکات، بۆ ئە وەی کواڵیتی ئەو ئاردەی بە ھاووڵاتیان دەدرێت دەستکاری نەکرێت و هەمان وەزارەت هەڵدەستێت بە هەماهەنگی کردن لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی حکومەتی فیدراڵ بۆ زامنکردنی دابین کردن و گەیاندنی بەشەخۆراکی هاووڵاتیان بە تایبەتی ئارد، هه‌روه‌ها سەرجەم بازگەکانیش ئاگادار دەکرێنەوە کە رێگە نەدەن بەشەخۆراکی ئاردی مانگانە بازرگانی پێوە بکرێت و بۆ دەرەوەی هەرێمی کوردستان بگوازرێتەوە.

وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕاسپێردرا بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بازرگانی و ئەنجومەنی وەزیران، بۆ پێشکەش کردنی پێشنیارێکی گونجاو لە بری ئەو بڕە کرێیەی کە کۆمپانیاکانی پشکنین لەسەر سنوورەکان وەریدەگرن بۆ بابەتی هاوردەکردنی ئارد، بەمەبەستی بارسووککردنی ئەو بازرگانانەی کە ئارد هاوردەی هەرێمی کوردستان دەکەن و کەمکردنەوەی نرخی ئارد لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە کارگەکانی دروستکردنی ئاردیش لە هەرێمی کوردستان، بڕیار درا بە پێشکەشکردنی ئاسانکاری بۆ ئەم کارگانە بە مەرجێک دەبێت ئەم کارگانە بەرهەمەکانیان بە زووترین کات و بە نرخێکی گونجاو بخەنە ناو بازاڕی هەرێمی کوردستان.

پارێزگاکانیش دەبێت لە ڕێگەی لیژنەی قایمقامیەتەکانەوە چاودێری و بە دواداچوونی توند بۆ نەهێشتنی گرانبوونی نرخی نان و کەمنەکردنەوەی کێشی نان و سزای سەرپێچیکاران دەکەن.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٠٢١/٨/٢٩