Skip to the content

هەوڵەکانی حکومەت بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ئارد لە هەرێمی کوردستان بەردوامە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- رۆژی یەکشەممە ٢٢/٨/٢٠٢١، لە دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە کێشە هەنووکەییەکانی هەرێمی کوردستان ڕێکخرا کە تەواوکەری کۆبوونەوەکەی رۆژی پێنجشەممە ٢٠/٨/٢٠٢١ بوو.
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتی د.ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی وەزیرانی ( کارەبا، بازرگانی و پشەسازی، سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ) بەڕێوەچوو.
بەشێکی کۆبوونەوەکە تایبەت بوو بە هەوڵەکان بۆچارەسەرکردنی کێشەی گەنم و ئارد لە هەرێمی کوردستان و بۆ ئەو مەبەستەش وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی ڕاسپێردرا کە ژمارەی فڕنەکان لە ھەرێمی کوردستان دەستنیشان بکات و پۆلێنیان بکات لەسەر توانا و ژمارەی کرێکار و بە چ وزەیەکیش کار دەکەن.
لە هەمان کاتدا ئەو رێژەی ئاردە دیاری بکات کە لە هەرێمی کوردستان ساڵانە هاوردەی دەکات و کێشە و گیروگرفتەکانی ھاوردەکردنی ئاردیش دیاری بکات.
هەر لە کۆبوونەوکەدا وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو ڕاسپێردرا بۆ ئەوەی بەرھەمی ڕاستەقینەی گەنم لە ھەرێمی کوردستان دیاری بکات و پێشبینیشی بۆ ساڵی داھاتوو بداتە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران.
لە هەمان کاتیشدا پلانی خۆی بۆ چاندنی گەنم و بنەتۆو لە ھەرێمی کوردستان و پێوەرەکانی وەبەرھێنان و سیاسەتی بازرگانی ھەرێم و بەغدا بۆ پرسی گەنم دەستنیاش بکات.
بڕیارە رۆژی سێشەمەی داهاتوو کۆبوونەوەکەیەکی دیکە لەسەر ئەو پرسانە ئەنجام بدرێت و بڕیاری پێویست لەو بارەیەوە بدات.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری