Skip to the content

پڕۆژەی ئەندەرپاسەکانی دهۆک ٨٠٪ی قەرەباڵغی کەم کردووەتەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق ( GOV.KRD )- سەرەڕای قەیرانی دارایی و بڵاوبوونەوەی پەتای ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان و هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەتی هەرێم و کارکردن بە بەردەوامی لەم بارەوە، کەچی حکومەت لایەنەکانی دیکەی خزمەتگوزاری فەرامۆش نەکردووە و لە سەروبەندی دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەمیش دەست بە جێبەجێکردنی چەندین پرۆژەی خزمەتگوزاری لە پارێزگای دهۆک کرا کە یەکێك لەو پرۆژانەش ئەندەرپاسەکانی شەقامی بارزانە لەو شارە، کە لەگەڵ تەواوبوونی جگە لە کەمکردنەوەی قەرەباڵغییەکی زۆری شەقامەکان، ڕێگەی تێپەڕبوونی بەنێو شاردا لە ٤٥ خولەکەوە بۆ ١٠ خولەک کەم کردووەتەوە.

ئەندەرپاسەکانی شەقامی بارزان:
پڕۆژەی ئەندەرپاسەکانی شەقامی بارزان لە دهۆک کە لە ڕێگەی وەزارەتی شارەوانی و گەشت و گوزار جێبەجێ كراوە، لە دوو ئەندەرپاس و چەند شەقامێک پێک دێت و یەکێکە لە پڕۆژە گرنگەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەت کە کاریگەرییەکی زۆری لەسەر کەمکردنەوەی قەڵەباڵغی شەقامەکانی ئەو شارە هەیە و کاتێکی زۆر بۆ ئەو کەسانە دەگەڕێنێتەوە کە بەو شارەدا تێپەڕ دەبن بۆ زاخۆ و لەوێشەوە بۆ وڵاتی تورکیا و بە پێچەوانەشەوە.
ئەندازیار کانیوار جوبرائیل بەڕێوەبەری پڕۆژەکە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند کە پڕۆژەکە لە ئەندەرپاسەکانی شەقامی بارزان لە بازاڕی شاری دھۆک پێک هاتووە کە پاکێجێکی پێنج پڕۆژەییە و پێک دێت لە:
یەکەم: ئەندەرپارسێکی گەورە لە نزیک پارکی شەھیدان و دوو ترافیک لایت کە بە گوژمەکەی ٣١ ملیار و ٨٦٤ ملیۆن و ١٧٩ هەزار و ٢٥٨ دینار جێبەجێ دەکرێن
دووەم: شەقامێکی کەمەرەیی کە درێژییەکەی یەک کیلۆمەتر و نیوە لە نزارکێ کە بە گوژمەی ٢ ملیار و ٤٣٦ ملیۆن و ٩٢٨ هەزار و٨٨٠ دینار ئەنجام دەدرێت.
سێیەم: شەقامێکی خزمەتگوزاری بە درێژایی ٣ کیلۆمەتر و نیو، کە دەکەوێتە باکووری شەقامی سەرەکی کە شەقامی بارزانە و بە گوژمەی ٢ ملیار و ٢٥٥ ملیۆن و٧٥٣ هەزار و ٦٥٠ دینار ئەنجام دەدرێت.
چوارەم: ئەندەرپارسی گەورە لە‌ نزیک فەرماندەیی دھۆک کە بە گوژمەی ١٩ ملیار و٦٥٢ ملیۆن و  ٢٢٢ هەزار و ٣٩٦ دینار ئەنجام دەدرێت.
پێنجەم: بەرزەپردێک لە نزیک قوتابخانەی سەفین، بە گوژمەی ٥ ملیار و ٣٠٠ ملیۆن و ٣٠١ هەزار و ٦٧٩ دینار ئەنجام دەدرێت.

ماوەی پڕۆژە و گوژمەی گشتی:
بەڕێوەبەری پرۆژەکە ئاماژەی بەوەدا کە زیاتر لە ١٠٠ ئامێر ڕۆژانە کاریان لەسەر پڕۆژەکە کردووە و ستافی کارکردنیش لەو پڕۆژە نزیکەی ٢٠٠ کەس بووە و زیاتر لە ١٥ ئەندازیار و ٥ ڕووپێو لە کارکردن لە پڕۆژەکە بەشداربوون، کە لە ڕێکەوتی ٩/٧/٢٠١٩ دەست بەکارکردن تێیدا کراوە و ماوەی تەرخانکراو بۆ پڕۆژەکە ٩٦٠ ڕۆژ بوو.
دوای نزیکەی دوو ساڵ بەسەر دەستپێکردنی پڕۆژەکە، بەشی هەرەزۆری پرۆژەکە تەواو بووە و لە ئێستادا هاووڵاتیان سوودی لێوەردەگرن، بەمەش ٦ مانگ پێش ئەو ماوەیەی کە بۆ تەواوکردنی پرۆژەکە دیاری کرابوو، تەواو بووە و گوژمەی گشتی تەرخانکراویش بۆ پڕۆژەکە ٦٨ ملیار و ١٤٤ ملیۆن و ٩٣ هەزار و ١٨ دینار بووە و بەوەش بڕی ٦ ملیار و ٦٣٤ ملیۆن و ٧٠٧ هەزار و ١٥٤ دینار لە بڕی پارەی تەرخان کراو ماوەتەوە.

گرنگی پڕۆژەکە لە ئاسانکاری ھاتووچۆ
ئەم پرۆژەیە کارئاسانییەکی زۆر بۆ ھاتوچۆی ھاووڵاتیان دەکات و ئەندازیار کانیوار جوبرائیل ئاماژە بەوە دەکات کە تەواوبوونی ئەو ٥ پڕۆژەیە، کاریگەری زۆری لەسەر کەمبوونەوەی قەڵەباڵغی و جەنجاڵی شەقامی بارزان ھەبووە، کە بەڕێژەی %٨٠ ی قەرەباڵغی سەر شەقامەکەی کەم کردۆتەوە،‌ چونکە شەقامی بارزان، پێشتر ٦ ترافیکلایتی تێدابوو، بەڵام دوای تەواوبوونی پرۆژەکە ٥ ترافیکلایتیان لابراون و ئەمەش ڕێگاکەی کورت کردۆتەوە، بەشێوەیەک پێشتر تێپەڕین لەم ڕێگەیە بەنزیکەی ٤٥ خولەک بوو، بەڵام ئێستا بوەتە ١٠ خولەک.
 
فەرمانگەی میدیا و زانیار

ئەمەش لینکى ڤیدۆکەیە:

کابینەیا نەهێ، کابینەیا بجھئینانا پرۆژەیێن ستراتیجی و مەزن - YouTube