Skip to the content

کۆمپانیای دیلۆیت ڕاپۆرتی خۆی بۆ چارەکی یەکەم و دووەمی تایبەت بە وردبینیی كەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان بڵاوکردەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە چوارچێوەی پرۆسەی وردبینی سەربەخۆیی کەرتی نەوت و گاز، وەک بەشێک لە دەستپێشخەری تایبەت بە شەفافیەت لە بەرنامەی کاری ئەنجومەنی وەزیران، حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕاپۆرتی پشتڕاستکراوی تایبەت بە داتا و زانیاریی نوێ دەربارەی هەناردەكردن، بەكاربردن و خەرجی و داهاتەكانی نەوت لە ١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢١ تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە پێگەی ڕەسمیی حكومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوكرایەوە.

ڕاپۆرتەکە، شیکردنەوەیەکی چارەکە ساڵانە پێشکەش دەکات دەربارەی زانیارییەکانی هەناردەکردنی نەوت و ڕێژەی نرخەکان و لەلایەن کۆمپانیای (دیلۆیت)ی وردبینیی نێودەوڵەتییەوە ئەنجام دراوە.

لە ماوەی نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١، حکومەتی هەرێمی کوردستان ٧٧,٣٥ ملیۆن بەرمیل نەوتی لە ڕێگای بۆڕی، هەناردەی دەرەوە کردووە. هەروەها ٣,٩٥ ملیۆن بەرمیل بۆ پاڵاوگە ناوخۆییەکان تەرخان کراوە. ٧٦,٨٦٩ ملیۆن بەرمیل لە نەوتی خاوی هەناردەکراو گواستراوەتەوە لەلایەن فرۆشیارانەوە لەڕێی بەندەری جەیهان بە تێکڕای نرخی ٥٣,٤٤٦ دۆلار بۆ یەک بەرمیل. لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢١دا، حکومەتی هەرێمی کوردستان ٤,١ ملیار دۆلار داهاتی فرۆشی هەناردەکراوی نەوتی خاوی بەدەستهێناوە. لە دوای دانەوەی شایستەکانی مانگانەی بەرهەمهێنەرانی نەوت و بەکاربەرانی بۆرییەکان و کڕیاران، ١,٧٣٧ ملیار دۆلاری وەک سافیی داهاتەکانی نەوتی خاوی بۆ مایەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٧ەوە بە بەردەوامیی ڕاپۆرتەکانی وردبینیکردنی کەرتی نەوت و گاز لە هەرێمی کوردستان پشتڕاستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (دیلۆیت)ەوە بۆ ڕای گشتی بڵاو دەکاتەوە، و لە ساڵی (٢٠١٩)ەشەوە داتا و زانیاری پێشکەش کردووە لەبارەی ڕەسیدی  پێشەکیدراو بە هەرێمی کوردستان کە قەرزاری کڕیارەکانی نەوتە. لە ساڵی ٢٠٢٠دا  ئاشکراکردنی زانیارییەکان فراوان کران و هاوتاکردنی داتاکانی نێوان بەرهەمهێنان و هەناردەکان و بەکاربردنی ناوخۆشی گرتەوە.

دەتوانن لەم لینكەدا دەقی ڕاپۆرتی دیلۆیت بە ئیمزاكراوی و بە فۆرمی PDF سەبارەت بە وردبینیـی هەناردەكردن، بەكارهێنانی ناوخۆیی، داهات و خەرجییەكانی نەوت و گاز لە هەرێمی كوردستان بۆ (١ی کانونی دووەمی ٢٠٢١ تا ٣٠ی حوزەیرانی ٢٠٢١) بە هەر سێ زمانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی دەستبخەن.

دەتوانن لەم لینكەدا بە فۆرمی PDF نامیلكەیەكی هاوپێچ بە هەر سێ زمانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی دەستبخەن بۆ ڕوونكردنەوەی پێویست و ئاسانكاریی تێگەیشتن لە بڕگەكانی ڕاپۆرتی دیلۆیت.

 

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٨ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢١