Skip to the content

١٤ ڕێکار بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى کۆڕۆنا دیارى کران

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – ئەوڕۆ سێشەممە ڕێکەوتى ٢٧ى تەمووزى ٢٠٢١ى زایینى، لیژنەى باڵاى بەرەنگاربوونەوەى کۆڕۆنا لەسەر دۆخى تەندرووستى و چۆنیەتى بەرەنگاربوونەوەى ڤایرۆسى کۆڤید ـ ١٩ کۆ بووەوە و ئەم بڕیارانەى خوارەوە دەرکران:

١. پێویستە شوێنە ئایینی و بازاڕ و مۆڵ و دوکاندار و شوێنە گەشتیارییەکان و چێشتخانە و کافترا و ھۆتێل و مۆتێلەکان کارمەندانەکانیان ڤاکسین بەکار بھێنن، یان تێستی ٧٢ کاتژمێری پێ بێت. لێژنەکان بە دواداچوونی بۆدەکەن و ھەرشوێنێک سەرپێچی بکات سزا دەدرێت و شوێنەکەی دادەخرێت.

٢. پێویستە ھەموو فەرمانبەرانی حکومەتی ھەرێم ڤاکسین وەربگرن و بە ماسکەوە دەوام بکەن، ھەر فەرانبەرێک ڕێکارەکان جێبەجێ نەکات، ئەوە بە پێی یاسای بەرزەفتی فەرمانبەران مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، لیژنەی ھاوبەشی وەزارەتی تەندروستی و ناوخۆ و فەرمانگەی ھەماھەنگی و بە دواداچوونیش ھەڵسەنگاندنی بۆ جێبەجێکردنی ڕێکارەکان لە گشت دامودەزگاکانی حکومەت دەکات.

٣. ڕێگە نادرێت بە ھیچ گەشتیارێک بێتە ناو ھەرێمی کوردستان ئەگەر ڤاکسینی وەرنەگرتبێت یان تێستی ٤٨ کاتژمێری پێ نەبێت.

٤. ھەر کۆمپانیایەکی گەشتیاری دەرکەوت تێستی ساختەی پێیە، ئەوە ئەو کۆمپانیایە لە گەشتکردن بۆ ھەرێمی کوردستان قەدەغە دەکرێت و دەخرێتە لیستى ڕەشەوە.

٥. سەپاندنی بەستنی ماسک لە دامودەزگاکانی حکومەت و شوێنە گشتی و گەشتیارییەکان تەنانەت بۆ ئەوانەش ڤاکسینیان وەرگرتووە.

٦. قەدەغەکردنی بە تەواوەتی ھەموو کۆڕوکۆبوونەوە و کۆنفڕانسەکان و چوونە سەرقەبران

٧. مەلەوانگە و شوێنە وەرزشییەکان کراوە دەبن بە مەرجی جێبەجیکردنی ڕێکارە تەندروستییەکان.

٨. ھۆڵی سینەماکان لە گشت مۆڵ و بازاڕەکان بە داخراوی دەمێننەوە.

٩. داخستنی تەواوی ھۆڵی بۆنە و ئاھەنگ و مەراسیم و ھۆڵەکانی ناو ھۆتێلەکان.

١٠. دانانی پرسە بە ھەموو شوێنێک قەدەغەیە و ھەر کەسێک پابەند نەبێت بە بڕێک پارە سزا دەدرێت و لیژنەکانی قائیمقامیەتیش بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی دەکەن.

١١. شوێنە ئایینییەکان بە جێبەجێکردنی ڕێکارە تەندروستییەکان کراوە دەبن و ھەر شوێنێک پابەند نەبێت ئەوا سزا دەدرێت و دادەخرێت.

١٢. ژووری ئۆپەراسیۆن لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان دەبێت ئەم ڕێکارانە وەک خۆیان جێبەجێ بکەن و دەستەڵاتیشیان پێ دەدرێت ئەگەر پێویست بێت ڕێکارەکان توندتر بکرێت

١٣. لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا داوا لە میدیاکان دەکات ھاوکار بن لە ھۆشیارکردنەوەی ھاووڵاتیان.

١٤. ئەم ڕێکارانە بۆ ماوەی ھەفتەیەک دەبێت و لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا لە ڕۆژی ٣/٨/٢٠٢١ جارێکی دیکە کۆ دەبێتەوە و ھەڵسەنگاندن بۆ پرسى ئەم ڤایرۆسە لە ھەرێمی کوردستان دەکات.