Skip to the content

عەلوەى هاوچەرخى هەولێر، گۆڕینى ستراتیژیەتى ئاسایشى خۆراک لە پارێزگاى هەولێر و هەرێمى کوردستان

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ڕۆژهەڵاتى پارێزگاى هەولێر و لەسەر ڕێگەى گوێڕ، ڕێکەوتى ٥/١٢/٢٠٢٠ی زایینى، عەلوەیەکى هاوچەرخى هەولێر لەسەر ٥٠٠ دۆنم زەوی و بە گوژمەى ١٢٠ ملیۆن دۆلار کرایەوە کە بە تەواوبوونى پێنج هەزار هەلى کار بە شێوەى ڕاستەوخۆ و نزیکەى ٥٠ هەزار هەلى کار دەڕەخسێنێت بۆ هاووڵاتیانى پیشە جیاوازەکانی شارەکە.
د. محەمەد شوكری، سەرۆكی دەستەی وەبەرھێنانی ھەرێمی كوردستان لە میانی كردنەوەی عەلوەی هاوچەرخی هەولێر کە ئێستا لەو ٥٠٠ دۆنمە ٢٠٠ دۆنمى دروست کراوە، گوتى "ئەم پڕۆژەیە دەکرێت ببێتە ھاندەرێكی باش بۆ كەرتی كشتوكاڵ، ھەم بۆ ساغكردنەوەی بەرھەم و ھەمیش بۆ ھەناردەكردنی بەرھەمەكان".
لەبەر هاتنى پەتاى کۆڕۆنا، پڕۆژەکە دواى تەواوبوونى نەکرایەوە، بەڵام بڕیار وایە ڕۆژى شەممەى ئایندە واتە ڕێکەوتى ٥/٦/٢٠٢١ بکرێتەوە.

بەشەکانى عەلوەکە:
ـ عەلوەى هاوچەرخى هەولێر کە ١٠٠% تەواو بووە، ٣٨٦ دووکانى لە خۆ گرتووە بۆ ئەو کەسانەى کە بەرهەمەکان ڕۆژانە دەفرۆشن.
ـ گەورەترین ساردکەرەوەى تایبەت بە هەڵگرتنى مۆزى بە قەبارەى پێنج هەزار تۆنى تێدا دروست کراوە کە گەورەترین کۆگاى زەردکردن و هێشتنەوەى مۆزى سەوزە کە لە ئیکوادۆرەوە هاوردەى هەرێمى کوردستان دەکرێت و دواى زەردبوونیشى بەدەر لە دابینکردنى پێداویستى نێوخۆى هەرێمى کوردستان، ٨٠%شى هەناردەى نێوەڕاست و باشوورى عێراقیش دەکرێت.
ـ ساردکەرەوەى تایبەت و گەورەى تێدا دروست دەکرێت بۆ هەڵگرتنى گۆشت بە شێوەى ستاندارد.
ـ کۆگاى تایبەتى تێدا دروست کراوە بۆ زنجیرە مارکێتەکانى هەولێر بۆ ئەوەى هەم کەلوپەلەکانیان بە شێوەیەکى گونجاو تێدا هەڵگرن و هەمیش ئەو کرێ زۆرەشیان لە کۆڵ بێتەوە کە لە دەیان شوێنى شارەکە بەکرێیان گرتووە. سیستەمى ساردى ساردکەرەوەکان بە شێوەیەکە کە ئەگەر پلەى گەرمى لە دەرەوە بگاتە سەرووى ٤٠ و وزەى کارەباش نەمێنێت، لە پێنج کاتژمێردا تەنیا پلەیەکى گەرماکەى لەدەست دەدات.
ـ بوونى ١٣٠ ساردخانەی تایبەت کە تیادا دەتوانرێت ٢٢ ھەزار تۆن بەرھەمی لێ هەڵبگیردرێت.
ـ دوو خانووى پلاستیکى گەورە و تایبەتی لەسەر ١٠ هەزار مەترى چوارگۆشەى بە پێى سیستەمى هۆڵەندى تێدا دروست کراوە کە بەم شێوەیە دابەش کراوە: بۆ هەر یەک لە بەرهەمەکانى شلیک، بیبەر، خەیار و تەماتە ٢٥٠٠ مەتر دابین کراوە بۆ گەشەسەندنى ئەم بەرهەمانە و گەیشتن بە مەبەستى دڵخۆاز.
ـ دامەزراندنى سەنتەرێکى توێژینەوەى کشتوکاڵى بە هاوکارى هۆڵەندییەکان کە ٢٠%ى لە لایەن وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو بەڕێوە دەبرێت کە لە سێ بەش پێک دێت: بەشى خوێندنى باڵا و قوتابیانى زانکۆ، بەشى بازرگانى و بازاڕدۆزى، بەشى لێکۆڵینەوە و ڕیسێرچ
ـ بوونى ١٠ هەزار خانووى پلاستیکى بۆ بەرهەمى خۆماڵى کە سێ هەزار کەس کارى لێ دەکەن.
ـ بوونى سەنتەرى کۆکردنەوەى داتا کە بۆ یەکەم جارە لە کوردستان لە عەلوەدا دەکرێتەوە بە مەبەستى ڕێکخستنى هاوردە و هەناردەکردن و مامەڵە بە چەندایەتى و چۆنایەتیکردنى بەرهەمەکانەوە بۆ ئەوەى داتا و ئامارێکى دروست لەم بارەوە بخرێتە بەردەم وەزارەتى کشتوکاڵ و جوتیاران تا لەسەر هەمان بنەما دەست بە زیادکردنى بەرهەمى نێوخۆیی و بردنەسەرەوەى کواڵیتییەکەى بکرێت.
ـ دروستکردنى مۆتێلێکى تایبەت بەو کەسانەى کە لە نێو پڕۆژەکە دەمێننەوە، چونکە کارکردن لە عەلوەى هاوچەرخى هەولێر ٢٤ کاتژمێرەیە (بۆ نمونە، ئەگەر پلەى ساردى نێو کۆگاکە ١٢ پلەى سیلیزى بێت و لە دەرەوەش پلەى گەرمى ٤٥ پلە بێت و وزەى کارەبا ببڕێت، لە پێنج کاتژمێردا تەنیا یەک پلە بەرز دەبێتەوە و دەگاتە ١٣ پلە).

دابینکردنى هەلى کار:
لەم پڕۆژە گەورەیەدا، هەزاران هەلى کار بۆ خەڵکى شارەکە و دەوروبەرى دەڕەخسێنرێت کە تیایدا خانمان لەبیر نەکراون. لە نێو خودى پڕۆژەکە، پێنج هەزار هەلى کارى هەمیشە دابین دەکرێت کە ٣٠٠٠ کەسیان لە نێو خانووە پلاستیکییەکاندا کار دەکەن و لەم ژمارەیەش ڕێژەى ٧٠%ى کارەکە لە لایەن خانمانەوە ئەنجام دەدرێت، واتە هێزى کارى ژنان لەم بەشەدا باڵایە. بەڵام لە کۆى پڕۆژەکە و هەموو ئەو کەسانەى کە وەک هێزى کارى دەرەکى و هاوردەکردن و هەناردەکردن کار دەکەن، ژمارەیان دەگاتە نزیک پەنجا هەزار کەس، بۆیە دەرچووانى کۆلێژەکانى کشتوکاڵ هەلێکى زێڕینیان بۆ دەڕەخسێت لە کارکردن لە پڕۆژەى عەلوەى هاوچەرخى هەولێر.


تایبەتمەندى دیکە:
ـ پڕۆژەى عەلوەى هاوچەرخى هەولێر، لەسەر چەندین توێژى ئەرزى و کەرەستەى تایبەت دروست کراوە کە بوومەلەرزە و گەرمى و سادى کاریگەرى نابێت لەسەر باڵەخانەکان و بەرهەمەکانی.
ـ جادە و بانى نێو پڕۆژەکە بە شێوەیەکى ستاندارد دروست کراوە کە زیاتر لە ١٢٠ هەزار دۆلار لەبرى دیزاینەکەى خەرج کراوە و جادەکان هێندە فراوان و گەورەن کە کێشەى هاتوچۆ بە بوونى بارهەڵگرێکى زۆر دروست نابێت.
ـ سیستەمى ئاوەڕۆ بۆ پڕۆژەکە دروست کراوە کە ئاوى بەکارهاتووى تێدا ڕیسایکل دەبێت و دواتر لە خانووە پلاستیکییەکان بۆ ئاودان بەکار دەهێنرێتەوە.
ـ سیستەمى کارەبا و فایبەر ئۆپتیکى بە شێوەى ئەرزى و لەبن زەوییە، بەمەش هیچ مەترسییەک لەسەر گیانى هاووڵاتیان و کارکەرانى نێو پڕۆژەکە نابێت.
ـ نەفەقێکى لەنزیک دروست دەکرێت بۆ نەهێشتنى ئەو بۆنە ناخۆشەى کە ئێستا لە ناوچەکە هەیە.
ـ ڕاستەوخۆ لە ڕێگەى پردێکەوە جادەى عەلوەى هاوچەرخى هەولێر دەبەسترێتەوە بە جووت سایدى ڕێگەى هەولێر ـ موسڵەوە بۆ ئەوەى هاتوچۆکردنى تێدا ئاسان بێت و خەڵک و جوتیار و بازرگانان نەچنەوە سەر ڕێگەى گوێڕ کە قەرباڵغییەکى گەورەى تێدایە.
ـ لە ڕووى ئەمنییەوە پڕۆژەکە ٨٦ کامێراى چاودێرى تێدایە کە ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەى لە ڕووى سکیۆریتییەوە پارێزراو بێت.
ـ لە ڕووى تەندرووستییەوە، وەزارەتى تەندرووستى حکومەتى هەرێمى کوردستان چاودێرى دۆخى ساغڵەمى و کوالێتى بەرهەمە خۆراکییەکان دەکات.

سوودەکانى پڕۆژە بۆ وەبەرهێنەر و فرۆشیاران:
لەم پڕۆژەیەدا بە دوو شێواز لەگەڵ وەبەرهێنەران و فرۆشیاران مامەڵە دەکرێت. واتە دەتوانن ببنە خاوەن پشک و شوێن لە پڕۆژەکە و یا بە شێوەى کرێ تیایدا بەشدار بن. بازرگانان ڕێگایان پێ دەدرێت کە ڕاستەوخۆ ساردەکەرەوەى تایبەت بە کەلوپەلەکانیان بۆ درێژماوە هەبێت تا بەرهەمەکانیان ساغ بکەنەوە.
فرۆشیارە سەرمایە بچووکەکانیش دەتوانن بە بوونى شوێنێکى بچووک وردە وردە سەرمایەیان زیاد بکەن و ببنە خاوەنى شوێنەکە نەوەک کرێچى بن کە ئێستا لە عەلوە کۆنەکە کرێچین.
زۆرێک لە بەرهەمەکان ئەگەر ساغ نەبوونەوە لە نێو بازاڕ، ئەوا ناوەندێکى تایبەتى هەیە بۆ وشککردنەوەى زۆرێک لە میوەکان تا بەو شێوەیە نەهێڵدرێت جوتیاران و فرۆشیاران زەرەر بکەن

عەلوەکە کۆنەکە:
ئێستا لە عەلوەى شارى هەولێر کە لەسەر بنەماى ستاندارد نییە، زیاتر لە ١٠٠ دووکان هەن کە نرخی هەر یەکەیان لە سەرووى ملیۆنێک دۆلارەوەیە و کرێى مانگانەى هەر دووکانێک بە پێى گەورە و بچووکییەکەى لە ٩ ملیۆن دینارەوە دەست پێ دەکات تا دەگاتە ١٤ ملیۆن دۆلارە، ئەمە لە کاتێکدایە کە زۆرینەى ئەوانەى کارى تێدا دەکەن تەنیا کرێچین.
زۆرێک لە کارکەرانى نێو عەلوە کۆنەکە خوازیارى چوونە نێو پڕۆژەکەن و تا ئێستاش زیاتر لە ٢٨ کەس ناوى خۆیان تۆمار کردووە و ڕۆژى شەممە بەرهەمانى خۆیان دەخەنە ڕوو.

لە کاتێکدا كەشوھەوای ھەرێمی كوردستان گونجاوە بۆ پەرەپێدان بە كەرتی كشتوكاڵ، بۆیە سەرۆكی حكومەتی ھەرێمی كوردستان بەردەوام پێداگرى لەوە كردووەتەوە "گرنگیدان بە كەرتی كشتوكاڵ خاڵێكی گرنگی ئەم كابینەیە".
حکومەتى هەرێمیش بۆ ڕێزگرتن لە هەر کاسپکار و خاوەن کارێک، بڕیارى هەڵوەشاندنەوەى عەلوە کۆنەکەى نەداوە و وەک خۆى دەمێنێتەوە و جوتیاران دەتوانن تیایدا درێژە بە ساغکردنەوەى بەرهەمەکانیان بدەن، عەلوەى هاوچەرخى هەولێر بە شێوەیەکى ستاندارد و لەسەر نمونەى عەلوەکانى وڵاتى فەڕەنسا دروست کراوە کە تیادا جوتیار و فرۆشیار دەتوانن ببنە خاوەن و خاوەنداریەتى بەشەکانى خۆیان بکەن نەوەک ببنە کرێچى.

فەرمانگەى میدیاو زانیارى