Skip to the content

وەزیرى دارایی: ئێمە وەک کابینەی نۆیەم بەشێک دەبین لە چارەسەر و بەشێک نەبووین لە کێشە

هەولێر، هەرێمی كوردستان، عێراق (GOV.KRD)- وەزیرى دارایی باسى لەوە کرد کە ٣٠ جار سەردانى بەغداى کردووە و بەمەش ڕاستییەکی بۆ دەرکەوتووە کە "کورد لە دوو لایەنەوە مەترسی لەسەرە، یەکێک لە بەغداوە و ئەویتریش لە ناوخۆمانە کە گەندەڵییە، جگە لە چاکسازییش هیچ چارەیەکی دیکەمان نییە". هەروەها ڕاستەوخۆ گوتیشى کە "ئەو زانیاریانەی دەیڵێم بەرپرسم لە هەموو، هەر پەرلەمانتارێک بێتە وەزارەت هەموو بەڵگەکانی دەخەمە بەردەست". ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان باسى لەوە ش کرد کە سەرەڕای ئەو فشارە زۆرەى نەناردنى بوودجە و گومارۆى بەغدا بە شێوەى جیاواز لەسەر هەرێم و بوونى ڤایرۆسى کۆڕۆنا و نەمانى داهاتى سامانە سرووشتییەکان، کەچى کۆمەڵێک پڕۆژە کەوتوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئاوات شێخ جەناب باسى لەوە کرد کە لە کابینەی نۆیەم چەند سیاسەتێک بۆ تێپەڕاندنی دۆخی خراپى ئابوورى و گەندەڵى پەیڕەو کراوە و کار لەسەر یاسای چاکسازی و دژوەستانەوەى گەندەڵى کراوە کە لێرەدا پوختەیەکیان دەخەینە ڕوو:

مووچەخۆراکى کوردستان:
ـ ئێستا ژمارەی فەرمانبەر گەیشتووەتە ئاستێکی خەیاڵی.
ـ لە ساڵی ١٩٩٢ى زایینى، ١٤٠ هەزار مووچەخۆر هەبووە و بوودجەى هەر سێ پارێزگای ئەودەمى هەرێم ٨٤ ملیۆن دیناری سویسری بوو.
ـ کەچى لە ساڵی ٢٠١٤ ئەو بڕە بووە زیاتر لە ٧ ترلیۆن و ساڵی ٢٠١٩ـەش گەیشتووەتە ١٠ ترلیۆن.
ـ چونکە ئێستا مووچەخۆرى هەرێمى کوردستان گەیشتووەتە ملیۆنێک و ٢٥١ هەزار کەس.


ڕێککەوتنى هەرێم و بەغدا:
ـ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا بۆ داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکان نەک بۆ پاڕانەوە.
ـ ڕێککەوتنێک کرا کە حکومەتی هەرێم تیایدا سەرکەوتوو بوو ئەگەر بەغدا پێوەى پابەند بێت.
ـ بەم ڕێککەوتنەش بەشێک لە کێشەکان چارەسەر دەبن
ـ چارەسەربوونى کێشەکانیش ١٠٠% نییە، چونکە حکومەتی عێراق ددان بە ژمارەی مووچەخۆرانی هەرێمدا نانێت.
ـ ئەوەی ددانی پێدا نراوە ٦٨٢ هەزار مووچەخۆرە، بۆیە دەبێ حکومەتی هەرێم مووچەی ئەوانی دیکەش دابین بکات.

چاکسازى لە هەرێم:
ـ هەموومان دەستمان کردووە بە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی.
ـ هیچ بڕیارێکی سیاسی بە بێ زەمان و زەمینە ناکرێت، بەداخەوە دەستپێکردنمان هاوکات بووە لەگەڵ بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا.
ـ بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا یاسای چاکسازی چووەتە بواری جێبەجێکردن و بە جیا لەسەر هەموو مەلەفەکان کار کراوە.
ـ ئێمە بەرپرسیارین بەرانبەر ئەو سوێندەی خواردومانە و بەشێک دەبین لە چاکسازی، بەشێک نین لەو گەندەڵییەی هەیە.
ـ وەزارەتی دارایی، لە جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لانیکەم ٨٠٪ی کارەکانی خۆی تەواو کردووە.
ـ پێداچوونەوەمان بە دۆسیەی ١٤ هەزار و ٤٣٧ مووچەخۆر کردووە و ١١٧ ملیۆن دینارمان گەڕاندووەتەوە بۆ خەزێنەی حکومەت.

باسى بودجەى هەرێم:
ـ یاسای بودجەی هەرێمی کە لە مانگی ١٠ و ١١ى ساڵی ڕابردوو دەستمان پێ کرد، هەنگاوێکى ترە دژی گەندەڵی.
ـ دەبێ بزانین ئەو پشکەی لە بەغداوە دەنێردرێت وەک بودجە چەندە و ئەگەر نەینێرێت چەندە؟
ـ ئێمە لە هەرێمى کوردستان دەبێ هەردوو گریمانەکەمان هەبێت.

داهاتی نەوت:
ـ ئەو ڕێژەیەی داهاتی نەوت، لەم کابینە تەنیا ئیلتیزاماتی حکومەت هەڵدەگرین، بەرپرس نین لەوەی لە ساڵی ١٩٩٢ـەوە تا ئێستا کراوە.
ـ مووچەیەکى زەبەلاح بووە بە ملی حکومەتەوە و ئەرکە دەبێ دابینی بکات.
ـ ئێمە وەک کابینەی نۆیەم هاتووین بەشێک بین لە چارەسەر بەشێک نەبووینە لە کێشە.
ـ ژمارەیەکى زۆرى مووچەخۆر و گرێبەست و وانەبێژ و زۆر شتى تر بۆمان ماوەتەوە.