Skip to the content

٦٥ فەرمانبەر بەشدارى خوولێکى فەرمانگەى میدیا و زانیاری بوون

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژانى سێشەممە و چوارشەممە ڕێکەوتى ١ و ٢/٦/٢٠٢١ى زایینى، فەرمانگەى میدیا و زانیارى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە هەماهەنگى لەگەڵ ئەنیستیتۆى کوردستان بۆ کارگێڕی گشتى، خوولێکى ڕاهێنانی و فێربوونى سیستەمى (Information update)یان بۆ بەڕێوەبەر و ڕاگەیاندکارانى سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان کردەوە.
لەم خوولە دوو ڕۆژەیەدا کە لە لایەن دوو مامۆستاى فەرمانگەوە گوترانەوە و زیاتر لە ٦٥ وتەبێژ و بەڕێوەبەر و فەرمانبەرى ڕاگەیاندنى وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان تێیدا بەشدار بوون، کار لەسەر دوو بەشى سەرەکى کرا. بەشى یەکەم تایبەت بوو بە گرنگى هەواڵ و پەیامى حکومەتى هەرێم و گواستنەوەى ئەو هەواڵ و پەیامە بە شێوەى بەربڵاو لە ڕێگەى ڕاگەیاندن و میدیاوە تا بگاتە زۆرترین کەس و هەروەها هەر لەم بەشە چۆنیەتى نووسینى هەواڵ بە تایبەتمەندی و جۆر و تووخمە سەرەکییەکانی قسەیان لەسەر کرا و نمونەیان بۆ هێنرایەوە و گرنگى بە چۆنیەتى داڕشتن و نووسین و قەبارەى مانشێت و لید و نێوەرۆک و باکگراوەندى هەواڵ درا کە پێویستە لەو سیستەمى (IU) دابنرێت تا بگاتە ماڵپەڕى فەرمى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
لە بەشى دووەمى خوولەکەشدا چۆنیەتى کارکردن بە سیستەمەکە گوترایەوە کە بە چەندین هەنگاوى سانا دەکرێت هەواڵ و ڕیپۆرتاژى ڕاگەیاندکارانى وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان بگات بە ماڵپەڕى حکومەتى هەرێمى کوردستان.
شایەنى باسە فەرمانگەى میدیا و زانیارى سەرەڕاى گەیاندنى هەواڵ و چالاکى و زانیارى پێویست بە هاووڵاتیانى کوردستان، کار لەسەر پەروەردەکردن و ڕاهێنانى ڕاگەیاندکارانى وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکانى نێو حکومەتیش دەدات و بە هاوکارى ئەوان وەک تیمێکى یەکگرتوو پەیام و هەواڵ و چالاکییەکان نیشانى کوردستانیان و دەرەوەى هەرێم دەدرێت.