Skip to the content

پێنج ملیار دینار بۆ بووژانەوەی سەوزایی سلێمانى تەرخان کرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD) – دار و گوڵ و چیمەن و سەوزایی و حەوزەکان و بلواری شەست مەترى و سلێمانى ـ تاسڵوجە کە ١٥ کیلۆمەترە و باخچەى بازنەیی مەلیک مەحموود کە ٢١ کیلۆمەترە لەبەردەم مەترسیدان و پارکى هەوارى شار کە گەورەترین ڕووبەرى سەوزایی هەیە و نزیکەى چوار هەزار دۆنمە کە نیوەى سەوزاییە، بەڵام زۆرى وشک و بێ خزمەتە. ئەم سەوزاییانە سیستەمى ئاودێرییان تێک چووە و ئاو و کارەبایان بڕاوە و کرێکارەکانیان زۆرینەین نەماون و ئەوانەیش کە ماونەتەوە پسپۆڕییان نییە لەسەر پاراستنى گوڵ و سوزە و دارەکان و مزەخەکانى ئاویان شکاون و تێک چوونە، ئەمە لە کاتێکدایە کە ئەم هەموو شوێنە سەوزە پێویستیان بە زیاتر لە ٧٠٠ باخەوانە، بەڵام ئێستا نزیک بە ٥٠ کەس کاریان تێدا دەکات ئەویش بە شێوەى تەناوب و ٢١ کیلۆمەترى بازنەیی ٥ کارمەندى هەیە لە کاتێکدا پێویستى بە ٦٠ کارمەند هەیە. نەبوونى کارمەند و بودجەى ساڵانە کێشە سەرەکییەکەیە و بازنەیی مەلیک مەحموود ساڵێکە کارى کۆمپانیاى جێبەجێکارى تەواو بووە.
بەڕێوەبەرى پارکى هەوارى شار دەڵێت زۆربەى گوڵەکانیان وشک بوونە و کێشەى باخەوانیان هەیە و ئێستا لەبرى خزمەتى پارکەکە پووش دەبڕنەوە تا ئاگرىان تێبەرنەبێت.
بەڕێوەبەرایەتیى باخچەکانى سلێمانى پێشتر بڵاوى کردبووەوە کە ڕێژەی سەوزایی نێو شار ١٦%یە کە لە ٣٣٠ باخچەی نێو شەقام و ٦٥٠ باخچە و ٨ پارک و ٣ ملیۆن دار پێک دێت کە بە هەموویەوە دەکاتە نزیکەى ١٤٠ دۆنم. هەر بەرێوەبەرایەتی باخچەكان باسى لەوە کردووە کە پێویستی بە یەك ملیار و پێنج سەد ملیۆن دینارە بۆ ئاودانی رۆژانەش لەم وەرزەدا پێویستیان بە یەك ملیۆن لیتر ئاو هەیە، بەڵام بۆ مانگەكانی حەوت و هەشت ڕێژەكە بەرز دەبێتەوە پێویستیان بە ٤ ملیۆن لیتر ئاوە، سەرجەم چارەسەری ئەم گرفتانە بە ٥ ملیار دینار چارەسەر دەبێت.
چەندین کەسایەتى و ناوەند و دامەزراوە و ڕێکخراوى داوایان لە پارێزگارى سلێمانى و سەرۆکایەتى شارەوانى و بەڕێوەبەرایەتى بەشى باخچەکان کردووە کە بیر لەو کێەشەیە بکەنەوە و ئاو بۆ باخچە و بلوارکانی ناو شار دابین بکەن و سەرۆکى بۆردى باخچەکانى سلێمانیش گوتى شارەوانى چوار جار نووسراوى کردووە بۆ وەزارەت و لەوێوە بۆ وەزارەتى دارایی بۆ بودجە، بەڵام ئەنجوومەنى وەزیران وەڵامى نادوەتەوە، تەندەرى تەنکەرەکانیان تەواو بووە، هێشتا بۆیان تازە نەکراوەتەوە و تا ئێستا بە هەزار داواکارى و لە ڕێگەى کەسانى دڵسۆزەوە کێشەکە بەشێوەیەکی کاتى چارەسەر کراوە.
تەنانەت بۆردی ڕێكخراوە ژینگەییەكانی سلێمانی ـ هەڵەبجەش چەندین جار نووسراو و داواکارییان ئاراستەى لایەنە پەیوەندیدارەکان و پارێزگار و حکومەت و پەرلەمان کردووە و ڕایانگەیاندووە کە لە چوار ساڵى ڕابردوو و لە وەرزی هاوین، پارک و سەوزایی و نەمام و دارەکانى تووشى کەم ئاوەى و کەم خزمەتى دەبنەوە
لە ساڵی ٢٠٠٨ى زایینى ڕێژەی سەوزایی ناو شاری سلێمانی ١% بوو و‌ تەنیا ١٣٤ باخچە لە سنوری بەشی باخچەكان هەبوو، بەڵام لە ساڵی ٢٠١٨ى زایینى رێژەی سەوزایی لەشاری سلێمانی گەیشتە ١٩% نزیك بووەتەوە و نزیكەی ٣ ملیۆن دارى تێپەڕاندووە، هەرچەندە لە ماوەى ئەم چەند ساڵەدا چەندین كارەساتی ژینگەیی ڕوویانداوە و بەم پێیەش ئێستا ڕێژەى سەوزایی لە سلێمانى ١٦%ـیە.
پێش قەیرانى دارایی، سێ ملیار دینار بۆ باخچە و سەوزاییەکانى ئەو پارێزگایە خەرج دەکرا، بەڵام دواى بڕانى پارەکە لە ساڵی ٢٠١٦ى زایینى، ١٥٠٠ دار وشك بوون و لەساڵی ٢٠١٧ـەش ٥٠٠ داری دیكە وشك بوون، بەم شێوەیە ڕێژەى وشکبوون هەتا هات زیادى کرد
ئەوە بوو ڕۆژى یەکشەممە ٢٣ى ئایاى ٢٠٢١ى زایینى، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە کاتى دانانی بەردی بناغەی پڕۆژەی بەبازاڕکردنى گەنمى جوتیاران لە پارێزگاى سلێمانى و لە کۆتایی قسەکانیدا، رەزامەندی لەسەر دابینكردنی بودجەیەكی تایبەت بە بڕی زیاتر لە ٥ ملیار و ٧٠٠ ملیۆن دینار بۆ به‌ڕێوه‌بردن و چاكسازی لە بابەتی سه‌وزایی له‌ پاركی هه‌واری شار لە سلێمانی و شه‌قامی شێخ مه‌حموود و شه‌قامی تاسڵوجه‌ ـ سلێمانی دەربڕی و گوتى "ده‌مه‌وێت لێره‌ به‌ خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی شاری سلێمانی ڕابگه‌یه‌نم، كه‌ ئێمه‌ ئه‌م بڕە‌ بودجه‌یه‌ ته‌رخان ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌وه‌ش بكه‌وێته‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی خۆشه‌ویستی شاری سلێمانی".

شایەنى باسە هەرێمى کوردستان دوو ملیۆن و ٣٢٧ هەزار دۆنم دارستان خۆڕسک و زیاتر لە ٣٥ دۆنمى چێنراوى هەیە، بەڵام لە دە ساڵی رابردوو واتە لە نێوان ساڵى ٢٠١٠ تا ٢٠٢٠ى زایینى، ملیۆنێک و ٣٠ هەزار و ٨٧٣ دۆنم دارستان و پاوان لە هەرێمی کوردستان سووتاوە کە زۆرینەى دارە سووتاوەکانیش دار قەزان و بەڕوو و گوێز و مازوو و سنەوبەر و کالیپتۆس بووە کە ئەم سووتاوەش بەشێکى بە هۆى بۆردوومانەکانى تورکیە و ئێران و بەشێکیشى بە هۆى ئاگردانى بەئەنقەست لە لایەن خەڵک و هەندێکیشى تریشى بە هۆى فرێ دانی جگەرە و خەڵووزى نێرگەلە و شووشەوە بووە.

فەرمانگەى میدیاو زانیارى