Skip to the content

لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا: رۆژانی پێنجشەممە دەکرێتە پشووی فەرمی

لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا: هەر شوفێر و شەرنشینەكێک پابەندی بەستنی ماسك بێت، بە بڕی ٢٠.٠٠٠ هەزار دینار پێبژاردن دەدا

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژی سێشەممە ٢٠٢١/٣/٣٠ لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایروسی (كۆرۆنا) لە هەرێمی كوردستان کۆبووەوە. دوای تاوتوێ کردنی باردوخۆی تەندروستی هەرێمی کوردستان لیژنەکە چەند بڕیارێکی راگەیاند.

سەبارەت بە قوتابخانە و پەیمانگاكانی سەر بە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لیژنەکە بڕیاری دا بە ڕاگرتنی دەوامی قوتابخانەکان لە قۆناغی (1)ی بنەڕەتی تا (١١)ی ئامادەیی و پەیمانگاکانی وەزارەتی پەروەردەبە حکومی و ناحکومییەوە تاوەكوو 1"٢٠٢١/٤/١٠بەڵام هەموو ئەو قۆناغانە و پەیمانگاكان كە تەنها تاقیكردنەوەیان ماوە بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەكان ئەنجامی دەدەن.

سەبارەت بە قۆناغی (١٢)ی ئامادەیی بە هەردوو بەشی حكومی و ناحكومییەوە بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەكان لە خوێندن و تاقیكرنەوەكانیان بەردەوام دەبن.

تایبەت بە زانكۆ و پەیمانگاكانی سەر بە وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیار درا ئەو زانكۆ و پەیمانگایانەی لە تاقیكردنەوەدان پڕۆسەی تاقیكردنەوەیان بەپێی ڕێنماییە تەندروستییەكان بەردەوام بێت، هاوكات سەرجەم پرۆگرامی خوێندن كە ماوە بخوێندرێت بە شێوازی ئۆنلاین و بڕیاریش درا وانە پراكتیكییەكان لەناو كەمپەسی زانكۆكان دا بەمەرجی ڕێكاری تەندروستیی بەردەوام بن.

كۆبوونەوەی لێژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایروسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئایینی راسپارد بە هەماهەنگی لەگەڵلایەنە پەیوەندیدارەكان سەبارەت بە مزگەوت و كلیسا و پەرستگاكان و تەواوی ناوەندە ئایینیەكان بڕیاری پێویست دەربكات.

هاوكات جەخت لەسەر ڕاگرتنی ئاهەنگ و بۆنەی كومەڵایەتی و ئایینی و هەر بۆنەیەكی دیكە كراوەتەوە، لەم سۆنگەیەوە بڕیار درا بە پێبژاردنی بڕی (٢.٠٠٠.٠٠٠) دووملیۆن دیناری عێراق بە پابەندنەبوونی هاوڵاتیان بە بەردەوامی چوونیان بۆ سەر قەبران و دانانی پرسە لە مزگەوت و ماڵان و هەڵدانی خێمە لە كۆڵان و باخچەكان، بۆ ئەم مەبەستەیش بۆ ڕێگەگرتن لە بوونی هەر حاڵەتێكی لەم شێوەیە پۆلیس و موختاری گەڕەكەكان دەبێ بەرپرس بن و لە ئەركدا بن.

لە بەشێكی دیكەی ڕاگەیانراوەكەیدا بڕیاری دا بە داخستنی تەواوی هۆڵەكانیسینەما لە سەرجەم مۆڵ و بازاڕەكان لە تەواوی شار و شارۆچكەكان و داخستنی هۆڵەكانی وەرزشی و لەشجوانی، و مەلەوانگەكان، بۆنە و ئاهەنگەكان و قەدەغەكردنی پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری نێرگەلەكێشان لە تەواوی كافی و رێستۆرانت و یانەكان، و گشت ئەو شوێنانە لە كاتژمێر(٩:٠٠)ی شەو تاكوو كاتژمێر (٦:٠٠)ی بەیانی و هەر كەسێك پابەند نەبێت ئەو شوێنەكەی بۆ ماوەی هەفتەیەك دادەخرێت و بە بڕی (٥,٠٠٠.٠٠٠) پێنج ملیۆن دیناری عێراقی پێبژاردنی پێ دەدرێت.

لە بڕیارەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە ئەو كافی و رێستۆرانتانەی شوێنی كراوە و باخچەیان هەیە دەبێ لە كاتژمێر (٦:٠٠)ی بەیانی تاكوو كاتژمێر (٩:٠٠)ی شەو خزمەگوزارییەكانیان لە دەرەوە پێشكەش بكەن و مەودای نێوان دوو مێز لە (٢)مەتر كەمتر نەبێ، هاوكات ئەوانەی باخچە و شوێنی كرانەوەیان نییە بە هەمان شێوە دەبێ مەودای نێوان دوو مێز لە (٢)مەتر كەمتر نەبێ و تەواوی دەرگا و پەنجەرەكان كراوه بێت و سیستەمی كێشانی هەوا كار بكات، بە پێچەوانەوە سزاكانی سەرەوەیان بەسەردا جێبەجێ دەكرێت.

سەبارەت بە بازاڕ و مۆڵەكان و شوێنە گشتییەكان بڕیار درا بە بەداخستنیان لە كاتژمێر (٩:٠٠)ی شەو تاكوو كاتژمێر (٦:٠٠)ی بەیانی، هەر شوێنێكیش پابەند نەبێ بۆ ماوەی یەك هەفتە ئەو شوێنە دادەخرێت و بڕی (٤,٠٠٠,٠٠٠) چوار ملیۆن دیناری عێراقیشی پێ دەبژێردرێت، هاوكات بە مەرج دانراوە كە دەبێ هەموو بازاڕ و مۆڵ و شوێنە گشتییەكان و بازرگانییەكان ڕێگە بە چوونەژوورەوەی هاوڵاتیان نەدەن بەبێ بەستنی ماسك، بە پێچەوانەوە هەر شوێنێكی سەرپێچی ئەم مەرجە بكات، بۆ ماوەی (١٠) ڕۆژ دادەخرێت و خاوەنەكەی بە بڕی (١,٠٠٠,٠٠٠) یەك ملیۆن دیناری عێراقی سزا پێبژاردنی پێ دەكرێت، هەروەها هەر كەسێكیش پابەندی ئەو مەرجە نەبێت و ڕەچاوی بەستنی ماسك نەكات، پێبژاردنەكە بە بڕی (٢٠,٠٠٠) بیست هەزار دیناری عێراقی ئەویش دەگرێتەوە.

لیژنەی باڵای بەرنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا ئاماژەی بەوە كردووە شوفێریئوتۆمبێلەكان بە هەموو جڕرەكانیەوە تایبەت، بارهەڵگر و كرێ لە كاتی هەبوونی سەرنشین لە گەڵیاندا، پێویست دەكات شوفێرەكە و شەرنشینەكان پابەندی بەستنی ماسك بن، ئەگەرنا شوفێر لە بری سەرپێچیكردنی هەر سەرنشینێك بڕی (٢٠,٠٠٠) بیست هەزار دیناری عێراقی پێبژاردن دەدا. ئەوەی تایبەت و پەیوەست بە دەوامی فەرمانگەكانی حكومی لیژنەكە بڕیاری دا ڕۆژانی دەوام لە یەكشەممەوە تاكوو چوارشەممەی هەموو هەفتەیەك بەردەوام بێ، بە شێوەیەك ڕۆژانی پێنجشەممە هاوشێوەی ڕۆژانی هەینی و شەممە ڕادەگیرێ.

ڕاگەیەنراوەكەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا جەختی لە سەر بەهێزكردن و بەردەوامیدان بە هەڵمەتی هۆشیاری تەندروستی بە تایبەتی لە كەناڵەكانی ڕاگەیاندن بە هەموو جۆرەكانییەوە و بەپێی یاسای ڕێكخستنی ریكلامی بازرگانی لە هەرێمی كوردستان ژمارە (٤)ی ساڵی ٢٠١٩ كردووەتەوە، بەتایبەت بەشداربوونی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكان لە دەزگای حكومی و كەرتی تایبەت و گشت چینوتوێژەكان بە تایبەتی بەرپرسانی حكومی و حزبى و كەسایەتییە كۆمەڵایەتییەكان لە هەڵمەتی پابەندبوون بە رێكارە تەندروستییەكان.

سەبارەت بە هاتووچۆی نێوان هەرێمی كوردستان و پارێزگاكانی عێراق بڕیار درا بە ڕاگرتنی هاتووچۆ لە ڕۆژانی پێنجشەممە، هەینی و شەممە لە نێوان هەردوولادا، جگە لە ئاژانس و ڕێكخراوەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكان و نێودەوڵەتیەكان و هاوپەیمانان و دیپلۆماتكاران و شاندە فەرمییەكان و هاتووچۆی بازرگانی، هاوكات ئەو هاوڵاتیانەی نیشتەجێی هەرێمی كوردستانن پێویستە لە بازگەكان لە كاتی هاتنیان تێستی كۆرۆنائەنجام بدەن.

ئەوەی پەیوەستە بە كەرتی تایبەت لیژنەكە بڕیاری دا بە پابەندكردنی دامەزراوەكانی كەرتی تایبەت لە هەرێمی كوردستان بۆ پابەندكردنی فەرمانبەر و كرێكارەكانیان بە بەستنی ماسك و جێبەجێكردنی رێنماییەكانی خۆپارێزی، كە بە پێچەوانەوە لە ئەگەری بوونی هەر حاڵەتێك، بڕی (١٥٠,٠٠٠) سەد و پەنجار هەزار دیناری عێراقی پێبژاردن بە دامەزراوەكە دەكرێت.

ڕاگەیانراوەكەی لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان تیشكی خستووەتە سەر فەرمانگە حكومییەكان و مەرجی پابەندبوونی داناوە بە جێبەجێكردنی رێكارەكانی خۆپارێزی، بە شێوەیەك بەپێی ڕاگەیانراوی ژمارە (٥٢)ی ساڵی ٢٠٢٠ و ماددەی حەوتەم وەزیری پەیوەندیدار چاودێری جێبەجێكردنی ئەو ڕێكارانە دەكرێ و دەسەڵات دەدرێ بە پارێزگار و سەرپەرشتیاری ئیدارە سەربەخۆكان رێكاری یاسایی بەرامبەر بە هەر بەڕێوەبەر و فەرمانبەرێكی كەمتەرخەم بگرنەبەر. هەر لە ڕاگەیانرەوەكەدا جەخت لەسەر ئەوە كراوەتەوە كە دەبێ ژووری ئۆپەراسیۆنەكان لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكان و گشت یەكە كارگێریەكانی تر ئەم راگەیانراوە جێبەجێ بكەن، بە پێچەوانەوە بەرپرسیارییەتی جێبەجێنەكردنی ئەم راگەیانراوە دەكەوێتە ئەستۆیان.

لە كۆتاییدا ڕاگەیانراوەكە سەرنجی بۆ ئەوە ڕاكێشاوە كە جێبەجێكردنی ئەم ڕاگەیانراوە لە رۆژی چوارشەممە رێككەوتی٢٠٢١/٣/٣١ كاتژمێر (٩.٠٠)ی شەو دەبێت و تاكوو رێككەوتی ٢٠٢١/٤/١٠بەردەوام دەبێت و لە ڕۆژنامەی وەقایعی كوردستان بڵاودەكرێتەوە.

 

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

حکومەتی هەرێمی کوردستان