Skip to the content

بە دروستکردنى كارگەى شەكرى بتوێن ٩٠٠٠ هەلى كار دەڕەخسێنرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- چەوەندەر یەکێکە لەو بەرهەمانەى کە لە باشوورى کوردستان گرنگییەکى ئەوتۆى پێ نەدراوە و تا ئێستا نەبووەتە بەرهەمێکى سەرەکى جوتیارانى کوردستان، بەڵام بە کارئاسانییەکانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان بۆ کەرتى تایبەت ئێستا بڕیار لەسەر دامەزراندنى کارگەى بەرهەمهێنانى شەکرى سپى پشدەر دراوە لە ڕێگەى بەرهەمى چەوەندەرەوە ئەویش بە بێ هاوردەکردنى لە دەرەوەى هەرێمى کوردستان، بەڵکو لە لایەن جوتیارانى ناوچەکەوە بەرهەم دەهێنرێت و ڕاستەوخۆ بەرهەمەکانیان چاودێرى و لێشیان دەکڕدرێتەوە.

چەوەندەر لە پشدەر ڕەواج پەیدا دەکات:
لە گفتوگۆیەکى بەشى ڕاگەیاندنى ناوخۆى میدیا و زانیارى لەگەڵ حاجى لوقمان محەمەد عەبدوڵا خاوەنى بیرۆکە و دامەزرێنەرى کارگەکە، بە وردەکارى باسى بەرهەم و کارى کارگەکە کرا کە ڕۆژانە توانای وەرگرتنی پێنج هەزار تەن چەوەندەری دەبێت بۆ بەرهەمهێنانى شەکرى سپى و تەندرووست.
لە دونیا لە ڕێگەى قامیش و چەوندەرەوە شەکر بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام لە هەرێمى کوردستان هیچ یەک لەم بەرهەمانە ناچێنرێت، چونکە تا ئێستا کارگەیەک نەبووە بۆ کڕینەوەى ئەم بەرهەمانە لە جوتیاران بۆیە برەویان پێ نەدراوە، بەڵام بە دامەزراندنى کارگەى شەکرى بتوێن، ڕاستەوخۆ برەویش بە چاندنى چەوەندەر دەدرێت، چونکە وەک خاوەنى بیرۆکەکە باسى کرد، "کارگەکەمان لە دوو وەرز پێویستى بە چەوەندەر دەبێت، واتە بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییەكانی كارگەكە پێویستمان بە چاندنی ٦٠ هەزار دۆنم زەوی هەیە كە دەبێت جوتیارەكانی ناوچەكە بیچێنن، ناكرێت چەوەندەر لە شارێكەوە بگوازرێتەوە بۆ شارێكی دیكە چونكە چەوەندەر ئەو هاتوچۆیە هەڵگرێت و ناسكە و بەرگەی گەرما ناگرێت و تێچووی گواستنەوەی زۆرە، بۆیە هەمووی دەبێت لە ناوچەكە بچێنرێت و بەمەش گرفتی ٦٠٠٠ جوتیار لە ناوچەكە چارەسەر دەكات چ بە زیادكردنی بەرووبوومیان و چ بە ساغكردنەوەی بەرووبوومەكەیان، بۆ هەر دۆنمێك زەویی ١٥ بۆ ٢٠ تەن چەوەندەر بەرهەم دەهێنرێت كە ئەمەش هۆكارە بۆ زیادكرنی بەرهەمی جوتیاران".

دابینکردنى ٩٠٠٠ هەلى کار:
حاجى لوقمان باسى لەوە کرد کە ئەوان لە مانگی نۆی ئەمساڵەوە ١٥ بۆ ٢٠ دەرچووی كۆلێژی كشتوكاڵ دادەمەزرێنێن تا هەم خولیان پێ بکەن و دواتریش ئەوان جوتیاران فێر بكەن و ئاشنایان بكەن بە بەرهەمی چەوەندەر، "بەمەش بۆ ساڵی ئایندە كۆمەڵێك زانیاری تەواو لەبەر دەست دەبێت بۆ جوتیاران و تا ڕادەیەكیش خەڵك ئاشنا دەبن بە دۆخەكە تا كێشە و گرفت دروست نەبێت بۆ کارگەکە و بەم شێوەیە بەردەوام دەبین لە ئاشنابوونی خەڵكى بە بەرهەمى چەوەندەر و زانیاری و ڕێنماییان دەدەینێ و هاوکاریشیان دەبین لە دابینکردنى دەرمان و بنەتۆ".
ساڵانە دوو جار چەوەندەر دەچێنرێت، واتە ٦٠٠٠ جوتیار لە پاییز چەوەندەر دەچێنن و بەهاران هەڵدەگرنەوە و هاوینان دووبارە دەیچێنەوە و پاییزانیش هەڵدەگرنەوە و بۆ ئەم مەبەستەش نزیكەی ٢٠٠٠ كەس لە كرێكار و ئەندازیاری كشتوكاڵی و خاوەن كەرەستەی هەڵگرتنەوە و گواستنەوە كاری دەست دەكەوێت، ئەوە بەدەر لەوەى کە لە نێو كارگەگەش ٥٠٠ تا ٦٠٠ فەرمانبەری هەمیشەیی دادەمەزرێنرێن لە بوارەكانی ژمێریاری و ئەندازیاری و كرێكار. كەواتە بە گشتی هەلی كار بۆ نزیكەی ٩٠٠٠ كەس دابین دەكات كە ئەمەش كاریگەرییەكی گەورەی دەبێت لەسەر كەمكردنەوەی ئەو پاڵەپەستۆیەی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان هەیە لەسەر دامەزراندنی خەڵك.بەرهەمەکانى کارگەى شەکرى بتوێن:
سەبارەت بە قەبارەو و ئاستى بەرهەمهێنانى شەکر لە تەنێک چەوەندەر، حاجى لوقمان خاوەنى کارگەى شەکرى بتوێن گوتى "لە هەر تەنێك چەوەندەر نزیكەی ١٥٠ كیلۆ شەكر بەرهەم دەهێنرێت.كەواتە ڕۆژانە ٥٠٠ تا ٦٠٠ تەن شەكر بەرهەم دەهێنرێت لە باشترین جۆری شەكری ورد و شەكری كڵۆ و هەمیش شیلەی شەكری لێ بەرهەم دەهێنێن بۆ كارگەكانی شیرینەمەنی بۆ ئەوەی پێویستیان بە هاوردەكردنی شیلەی شەكر نەبێت لە ئێران و توركیا"، سەبارەت بەوەى کە ئاخۆ ئەم شەکرەى ئێستا لە کوردستان هەیە لە ڕووى کوالێتییەوە چۆنە و چى تێ دەکرێت و بەراوکردنى لەگەڵ شەکرەکەى خۆیان، خاوەنى کارگەکە گوتى "ئەو شەكرەى کە لە عێراق هەیە شەكری سپی نییە، بەڵكو شەكرێكی بۆری بەستووە و لە عێراق بە هۆی چەند كارلێک و زیادكردنی چەند ماددەیەك دەبێتە ئەم شەكرەی كە ئێستا لە بازاڕە، چونكە لە شوێنی دوورەوە دێت، بەڵام شەكری چەوەندەر ڕاستەوخۆ لە دوای گەرمكردنی چەوەندەرەكەوە دەردێت و سپییە بێ زیادكردنی هیچ ماددەیەكی دیكەی كیمیایی. بۆیە بەرهەمی كارگەكەی بتوێن كوالێتی بەرزترە و لە ڕووی تەندرووستییەوە باشترە".
هەروەها سەبارەت بە بەرهەمى دیکەى بەرهەمهێنراو لە چەوەندەر بێجگە لە شەکرى سپى، بۆ هەر تەنێك چەوەندەر نزیكەی ٧٠ كیلۆ مادەی مۆڵاس بەرهەم دێت كە شێوەی دۆشاوی خورمایە و بەكار دەهێنرێت لە دروستكردنی دیتۆڵ و پاككرەوەی ناو ماڵ و هەروەها پاشەڕۆى چەوەندەرەکەش لە هەر تەنێك ٢٥٠ كیلۆگرام دەمێنێتەوە كە ڕاستەوخۆ بەكار دەهێنرێت لە ئالیكی ئاژەڵ و یەكێكە لە باشترین جۆرەكانی ئالیكی ئاژەڵ لە دونیا و كاریگەری ڕاستەوخۆی لە سەر زیادكردنی بەرهەمی شیر و گۆشت هەیە.