Skip to the content

سەرۆكى حكومەت لە کردنەوەى کارگەى ئاسنى مید ستیل: خۆشحاڵم تەنیا قسەمان نەكردووە و بەڵێنەکانمان بردووەتە سەر

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژى سێشەممە ڕێکەوتى ١٨/٥/٢٠٢١ى زایینى، مەراسیمى کردنەوەى كارگەی بەرهەمهێنانی ئاسنى مید ستیل لە شاری هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان بەڕێوە چوو کە توانای بەرهەمهێنانی ٣٥٠ هەزار تۆن ئاسن و ستیلی هەیە كە ئەم بڕەش نەك تەنیا بۆ كوردستان، بەڵكو دەتوانێت هەناردەى پارێزگاکانى دیکەى عێراقیش بکرێت، جگە لەوەی هەلی كار بۆ زیاتر لە ١٠٠٠ كەسیش دەڕەخسێنێت.
مەسرور بارزانى سەرۆكى حكومەتى كوردستان، لە مەراسیمى کردنەوەى پڕۆژەکە گوتى "ئێمە لە هەرێمی كوردستان بەردەوامین لە پشتیوانیكردنی كەرتی تایبەت، بەتایبەت لەم بۆنەیەدا، كە ئەم مید ستیل ـە لە بواری پیشەسازی، خزمەتێكی گەورەی هەرێمی كوردستان دەكات"، هەروەها باسى لەوە کرد کە لە كابینەی نۆیەمی حكومەت بەڵێنی ئەوەیان داوە پشتیوانی كەرتی تایبەت بن و هەموو هەوڵێك بدەن بۆ هەمەجۆركردنی ئابووری كوردستان تا خەڵکى کوردستان هەلی کاری زیاتریان دەست کەوێت و هەرێمیش بتوانێت خۆى بەرهەمهێنەر بێت.
سەرۆکى حکومەت لە وتارەکەیدا گوتى "خۆشحاڵم كە دەبینم كارگەیەكی وا گەورە بە ستاندارێكی جیهانی و وەک گەورەترین و پێشكەوتووترین كارگەی ئاسن لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی كوردستان دروست کراوە و جێی شانازییە، دەبینین هەرێمی كوردستان رۆژ بە رۆژ پڕۆژەی ستراتیژی دروست دەكات لەسەر ئاستی هەموو پارێزگاكان و كوردستان و بەردەوامیش دەبین لە پشتیوانیكردنی كەرتی تایبەت بۆ هەمەجۆركردنی ژێرخانێكی بەهێزی ئابووری لە كوردستان تا چیتر پشت بە یەك سەرچاوەی داهات نەبەستین".
مەسرور بارزانى باسى لەوە کرد کە كوردستان دەوڵەمەندە بە كانزا و سامانە سرووشتییەكەی، بەڵام تا ئێستا وەكو پێویست سوودی لێوەرنەگیراوە، بۆیە "ئێمە هەموو هەوڵێك دەدەین بۆ دروستكردنی ئەو ژێرخانە ئابوورییەی، كە پێویستە كوردستان بخاتە سەر نەخشەی وڵاتانی پێشكەوتوو، من دڵنیام بەم جۆرە هەوڵانە، هەم ئەو سەرمایەدارە بەڕێزانەی، كە بەرهەمهێنان لە كوردستان دەكەن، سوودمەند دەبن، هەم خەڵكی كوردستانیش لەم بەرهەمانە سوودمەند دەبن".
لەكۆتایى قسەكانیشى سەرۆکى حکومەتى هەرێم گوتى "خۆشحاڵم دەبینم ئێمە تەنیا قسەمان نەكردووە، بەڵكو رۆژ بە رۆژ بەرهەمی ئەو جۆرە بەڵێنانە دەبینین، رۆژ بە رۆژ دەبینین كوردستان هەنگاوی زیاتر دەهاوێژێت بۆ ئەوەی پێش بكەوێت، دڵنیاتان دەكەمەوە بەردەوام دەبین لە پشتیگیریكردنتان، دەستخۆشیتان لێدەكەم".