Skip to the content

پڕۆژەى پردی دەربەندی ڕانیە ـ بنگرد: خزمەتگوزارى، هەلى کار، بەرژەوەندیى ئابوورى

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ڕۆژى سێشه‌ممه ڕێکەوتى ١٣/٢٠/٢٠٢١ى زایینى، بەردی بناغەی پردی دەربەندی ڕانیە ـ بنگرد لە لایەن سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە گوژمەى ١١ ملیار و ٣٨٧ ملیۆن و ٧٤٥ هەزار و ٨٠٠ دینار دانرا و بێجگە لەو پڕۆژەیەش چوار پڕۆژەی گرنگی دیکە لە دەڤەرەکە جێبەجێ دەکرین. ماڵپەڕى حکومەتى هەرێم بەدواداچوونێکى ڕۆژنامەنووسى بۆ پڕۆژەى پردی دەربەندی ڕانیە ـ بنگرد کرد کە ئێستا ٣٥%ى پڕۆژەکە تەواو بووە و هەلى کار بۆ دەیان لاوى دەڤەرەکە ڕەخسێنراوە.
مەسرور بارزانى لە مەراسیمى دانانى بەردى بناغەى پڕۆژەکە بەدەر لە باسکردنى دەڤەرەکە لە ڕووى مێژوویی و به‌ درێژایی شۆڕشه‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی ڕزگاریخوازی گه‌لى کورد، ڕۆڵى هەبووە و به‌ ده‌یان و سه‌دان و هه‌زاران شه‌هید و قوربانیان داوه‌، گوتى "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ ئه‌ركی خۆی ده‌زانێت خزمه‌تێكی شایسته‌ی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ بكات و ئه‌مڕۆ لێرە ئاماده ‌بووین تا ئه‌وه‌ی به‌ردی بناغه‌ی پردی ده‌ربه‌ندی ڕانیه‌ - بنگرد دابنێین كه‌ پردێكی ستراتیجی ده‌بێت بۆ خزمه‌تكردنی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌، هاوكار ده‌بێت بۆ جووتیاران بۆ ئه‌وه‌ی به‌روبوومه‌كانیان به‌ بازاڕ بگه‌یه‌نن، هه‌روه‌ها ده‌بێته‌ پردێك بۆ ئه‌وه‌ی یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ بووژاندنەوەی كه‌رتی گه‌شتوگوزار و بازرگانیش".
درێژیی پردی دەربەندی ڕانیە ـ بنگرد، ٤٢٠ مەترە و پانییەکەشی ١٠ مەترە و بەپێی قۆناغەکانی کارکردن، ڕۆژانە لە ٤٠ بۆ ١٥٠ گەنج و خەڵکی دەڤەری راپەڕین کاری تێدا دەکەن و بڕیار وایە لە ١٨ مانگدا تەواو بێت، بەڵام بەرپرسانی پڕۆژەکە دەڵێن بە پێی بەرنامەی خۆیان بەنیازن زووتر لە وادەی دیاریکراو تەواوی بکەن.
مەسرور بارزانى بەدەر لە پڕۆژەى ئەم پردە باسى لەوەش کرد کە چه‌ندین پرۆژەی دیكه‌شیان له‌ پلاندایە تا وەک یه‌كه‌م هه‌نگاوی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ جێبه‌جێی بكه‌ن كه‌ ئه‌وانیش جووتسایدی بازاڕی ڕانیه‌ و شه‌قامی ٦٠ مه‌تری قه‌ڵادزێ و نۆژهەنكردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌كانی ده‌ڤه‌ری ڕاپه‌ڕین و دروستكردنی سه‌نته‌ری شێرپه‌نجه‌ی مه‌مكە و "هه‌روه‌ها پرۆژە‌یه‌كی دیكه‌شمان هه‌بوو بۆ دروستكردنی نه‌خۆشخانه‌ی كۆڕۆنا له‌ چوارقوڕنه‌، به‌ڵام به‌ سوپاسه‌وه‌ له‌لایه‌نێكی دیكه‌وه‌ ته‌مویلی كراوه‌ و ده‌ستخۆشیان لێده‌كه‌ین".
دانا حەمەدى ٢٥ ساڵ و کرێکارى پڕۆژەکە کە خەڵکى چوارقۆڕنەیى دەڤەرى ڕاپەڕین باسى لەوە کرد "لێرە کارکردن بە پێی مانگانەیە، مووچەکەم لێرە باشە و تەنانەت بە پێى کارى زیادەش مانگانە زیادەمووچەمان دەدەنێ. تەنانەت لێرە هەرشتێک بمانەوێت بۆمان دابین دەکەن، بۆ نمونە لە ڕووى پارێزداریەتییەوە وەک کڵاو ، پێڵاو، جلوبەرگ و هەروەها دابینکردنى دوو ژەمە خواردن لە ڕۆژێکدا. من وەک خۆم لە ئیشەکەم ڕازیم، دەتوانم پێی بژیم و پێداویستیی خۆمی پێ دابین دەکەم".
ئەحمەد جەمالیش کە کرێکارە لە هەمان پڕۆژە، گوتى هەموو ئیشێک خۆشی و ناخۆشی تێدایە بەڵام هەمووان وەک برا کار دەکەن و "هیوادارم لە هەموو کوردستان پڕۆژەی ئەوها زۆر بێت، بۆ ئەوەی چەندەها گەنجی وەک من بتوانێت ئیش بکات و بژێویی ژیانی دابین بکات".
پردی دەربەندی ڕانیە ـ بنگرد جگە لەو سوودێکى زۆرى هاتوچۆى بۆ خەڵکی ناوچەکە هەیە، سوودی نزیکمەودا و دوورمەوداشى هەیە. لە کاتى دروستکردنى پردەکەدا هەلى کارى ڕەخساندووە بۆ خەڵکى دەڤەرەکە و بۆ درێژمەدواش کاریگەرى گەورەى لەسەر ئابوورى ناوچەکە هەیە. بەختیار ئەحمەد، بەڕێوەبەری چاککردن و پاراستنی ڕێگەوبانی ڕاپەڕین تایبەت بە میدیا و زانیارى گوتى "ئەم پردە کۆنە مەترسی زۆرى لەسەر بوو و ببووە زەحمەتییەکی زۆر بۆ شۆفێران، بەڵام لەمە بەدواوە ئەم مەترسی و زەحمەتییە نامێنن، هەروەها لە ڕووی گەشتیارییەوە هەم دیمەنێکی جوان دەداتە دەربەندی ڕانیە و کارئاسانییەکی باشیش دەکات بۆ هاتووچۆی گەشتیاران". لە ڕووى بازرگانیشەوە ئەم پردە جووتیارانى بنارى بنگرد دەبەستێتەوە بە ڕانیەوە بۆ ئەوەى زووتر و باشتر بەرهەمەکانیان بگوازنەوە و هەروەها دەروازەى سنوورى کێلێ دەبەستێتەوە بە پارێزگاى سلێمانییەوە کە ئەمەش کاریگەرییەکى گەورەى ئابوورى و ئاڵوگۆڕی بازرگانى دەبێت بۆ ناوچەکە.