Skip to the content

ڕوونکردنەوەیەک لەبارەی کەمبوونەوەی کارەبا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەم ماوەیەدا، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا لە سەرجەم شاروشارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان کەم بووەتەوە و لە سێ ڕۆژی ڕابردووشدا ئەو بڕە بووەتە ١٦ کاتژمێر و ٢٠ خولەک، بۆیە بە پێویستی دەزانین لەو بارەیەوە ڕوونکردنەوەیەک بدەینە هاونیشتمانیانی خۆشەویست.

یەکێک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی کارەبا بۆ وێستگە ٣٠٠ مێگاواتییەکەى خەبات دەگەڕێتەوە کە لە ژێر چاککردنەوە دایە و بڕیارە لە ڕۆژی ٥/١٢/٢٠٢١ى ئەمساڵ بکەوێتەوە کار.

سەبارەت بە کارەباى هاوردەکراوى پارێزگای دهۆکیش کە ١٥٠ مێگاواتە و لە وڵاتی تورکیاوە دەکڕدرێت، لە لەلایەن تورکیاوە ڕاگیراوە و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵی چارەسەرکردنیدایە.

وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبای ئەگریکۆی گەرمیان، یەکێکی دیکەیە لە وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبای نیشتمانی و بڕیار وایە لەگەڵ زیادکردنی بەرهەمی گاز بۆ ئەو وێستگەیە بڕی پێدانی کارەباکەى لە ١٦٥ مێگاواتەوە بگاتە ٢٠٠ مێگاوات و بڕیارە لە ٢٨/١١/٢٠٢١ بکەوێتە کار.

 

کارەبا سامانێکی نیشتمانییە و پێویستە هەموولایەکمان بە پێی پێویستیی ڕۆژانە بە کاری بهێنین تا بتوانین لەم ڕێگەیەوە ماڵى هەموو هاونیشتمانییەک ڕووناک بکەینەوە.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٢٥ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١