Skip to the content

فەرمانگەی میدیا و زانیاری: داوا لە دامودەزگا ئەمنییەكان دەکەین ھاوکاری میدیاكاران بن لە کاتی پرۆسەی ھەڵبژاردن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لە ١٠ ئوکتۆبەر ٢٠٢١ پرۆسەی ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەڕێوەدەچێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە سۆنگەی بڕوابوونی بە رۆڵی گرنگی میدیا لە چاودێریكردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەكان و ڕووماڵ کردنی ئەو پرۆسە دیموکراتییە، داوا لە هەموو دامودەزگا ئەمنییەكانی دەکات ڕێز لە كاری میدیاكاران بگرن و ھاوکارییان بکەن و لە چوارچێوەی رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەكان مامەڵە لەگەڵ تیمەكانی ڕاگەیاندن بكەن. لە قۆناغەكانی دەنگدانی تایبەت و گشتی و جیاكردنەوەی دەنگەكانیش، زەمینە خۆش بكرێت تا میدیاكارانی ناوخۆ و دەرەوە بە شێوەیەكی ئازادانە و پیشەییانە كارەكانیان ئەنجام بدەن.

داواش لە میدیا و ڕۆژنامەنوسانیش دەكەین، لە چوارچێوەی هەمان ڕێنمایی هەڵسوكەوت بكەن و ڕێز لە ئەركی ئەو هێزانە بگرن كە بۆ پاراستن و سەركەوتنی پرۆسەی هەڵبژاردن و سەقامگیری و ئارامیی لە ئەركدان.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
حکومەتی ھەرێمی کوردستان
٨ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢١