Skip to the content

پاراستنى قوتابیان لە ڤایرۆسى کۆڕۆنا ئامانجى سەرەکى حکومەت و وەزارەتى پەروەردەیە

قوتابییەک: کە دەچمە قوتابخانە خۆم دەپارێزم نەبادا ڤایرۆسى کۆڕۆنا بگوازمەوە بۆ داپیر و باپیرەم

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  تا ئێستا و سەرەڕاى سەرجەم ڕێکارە پێویستەکان لە لایەن حکومەتى هەرێم، کەچى ٣٣٩٢٩٠ هاووڵاتى تووشى پەتاى کۆڕۆنا بوونەتەوە و نزیکەى شەش هەزاریش بوونەتە قوربانى ئەم پەتایە. دواى ماوەیەکى زۆر کەرەنتینکردن و داخستنى دەرگاى قوتابخانەکان و خوێندن بە شێوەى ئۆنلاین، ئەمساڵ دەرگاى قوتابخانەکان بە پارێزى زۆرەوە کرانەوە.

وەک فەرمانگەى میدیا و زانیارى و بە پێى ڕێگەپێدانى پەروەردەى گشتى پارێزگاى هەولێر، ڕوومانکردە قوتابخانەی شەهید بەهرامى لە هەولێر سەبارەت بە پرسى جێبەجێکردنى ڕێنماییەکانى خۆپارێزى. مامۆستا عه‌تیه‌، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانەکە لەم بارەوە گوتى: "ئێمه‌ وه‌ک قوتابخانه‌ی شه‌هید به‌هرام له‌ هه‌ولێر ڕۆژانه‌ له‌ گۆڕە‌پانی قوتابخانه‌ رێنمایی قوتابیانمان ده‌كه‌ین سه‌باره‌ت به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا و چۆنییه‌تی خۆپارێزییه‌كان و به‌ستنی ماسك و بەکارهێنانى پاككردنه‌وه‌ و پاكڕاگرتنی ده‌ست و ده‌م و لووت و كه‌لوپه‌له‌كانیان و به‌ریه‌كنه‌كه‌وتنی ڕاسته‌وخۆیان و دووركه‌وتنه‌وه‌ی پێویست له‌ نێوانیان هه‌ر یه‌كێكیان، هاوكات ڕۆژانه‌ له‌ پێنج وانه‌ چاودێریان ده‌كه‌ین و جه‌خت له‌سه‌ر گرتنه‌به‌ری خۆپارێزییه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌، له‌ لایه‌كی تر مامۆستایان و ستافی كارگێڕی قوتابخانه‌ و فه‌رمانبه‌رانیش پابه‌ند ده‌كرێن به‌ ئه‌نجامدانی خۆپارێزییه‌كان".

هەر لەم بارەوە مامۆستایەکى قوتابخانەکە باسى ڕێکارەکانى کارگێڕى قوتابخانەکەى کرد بەرامبەر بە خۆیان و قوتابیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى کۆڕۆنا و گوتى: "ئێمه‌ ڕۆژانه‌ له‌ لایه‌ن به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ و یاریده‌ده‌ره‌كه‌ی ئاراسته‌ ده‌كرێن به‌ پابه‌ندبوونمان به‌ به‌ستنی ماسك و به‌كارهێنانی پاككەره‌وه‌ به‌ر له‌وه‌ی بچینه‌ ناو پۆله‌كان، هاوكات به‌ هه‌مان شێوه‌ی ستافی كارگێڕی قوتابخانه‌ قوتابییه‌كانمان له‌ مه‌ترسییه‌كانی ڤایرۆسه‌كه‌ و چۆنییه‌تی خۆپارێزییه‌كان ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌ و ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كانیان بۆ ڕوون ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ تایبه‌ت به‌كارهێنانی ماسك، پاكڕاگرتنی كه‌لوپه‌له‌كانیان و دووركه‌وتنه‌وه‌ی پێویست له‌ یه‌كتری"، ئەم مامۆستایە ڕوو لە دایک و باوکى قوتابیانیش داواى هاوکارى زیاترى کرد بۆ پاراستنی گیانى منداڵه‌كانیان له‌ تووشبوونیان به‌ ڤایرۆسی كۆڕۆنا "بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌یش به‌ پێی ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان ئاماده‌یان بكه‌ن و ئینجا بۆ قوتابخانه‌ بیاننێرن".

ڕوئیا کچە قوتابیەک بوو کە خۆى وا نیشاندا پابەندى هەمیشەیی ڕێنماییە تەندرووستییەکانە و گوتى: "ڤایرۆسی كۆڕۆنا، ڤایرۆسێکی كوشنده‌یە و له‌ هه‌موو شوێنێك هەیە، ئێمه‌ وه‌ك ئه‌ركێكی مرۆیی و نیشتمانی ده‌بێت پابه‌ندی رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان بین به‌ به‌ستنی ماسك و پاكڕاگرتنی خۆمان و كه‌لوپه‌له‌كانمان و دووركه‌وتنه‌وه‌ی نێوانمان به‌ پێی پێویست، ته‌نانه‌ت هه‌ڵگرتنی پاككه‌ره‌وه‌ی بچووك له‌ ناو جانتاكانمان و به‌كارهێنانی ده‌ستكێش له‌ كاتی پێویست. ئێمه‌ وه‌ك قوتابی هه‌موو ڕۆژێك كارگێڕی و مامۆستایانی قوتابخانه‌ ئاگادارمان ده‌كه‌نه‌وه‌ له‌ پابه‌ندبوونمان به‌ ڕێنماییه‌كانی خۆپارێزی له‌ ڤایرۆسه‌كه"‌.

ئه‌حمه‌دیش بە هەمان شێوە لە مەترسییەکانى کۆڕۆنا تێگەیشتووە بۆیە گوتى: ئێمه‌ هاوڕێكانمان، قوتابییه‌كان و هاوپۆله‌كانمان خۆش ده‌وێ، بۆیه‌ ده‌بێت خۆمان له‌ تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆڕۆنا بپارێزین.

نازی قوتابیش باسى خەمى دایک و باوکى کرد بەرامبەر بە کۆڕۆنا و گوتى: "دایك و باوكم له‌ ماڵه‌وه به‌ ڕێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كانی خۆپارێزی له تووشبوون به‌‌ ڤایرۆسی كۆڕۆنا‌ ئاماده‌م ده‌كه‌م و داوام لێ ده‌كه‌ن ماسك ببه‌ستم و پاككه‌ره‌وه‌ به‌كار بهێنم و زۆر لە هاوڕێکانم نزیک نەکەومەوە‌، هه‌روه‌ها مامۆستایان و كارگێڕی قوتابخانه‌یش ڕۆژانه‌ له‌ مه‌ترسییه‌كانی ڤایرۆسه‌كه‌ ئاگادارمان ده‌كه‌نه‌وه‌ و هۆشیاری ته‌ندروستیمان پێ ده‌ده‌ن بۆ ئەوەى خۆمان بپارێزین له‌ ڤایرۆسه‌كه‌".

خەمى گەورەى لینایش قوتابیش باپیر و داپیرى بوو کە بەساڵاچوون و گوتى: "من پابه‌ندم به‌ بەوەى خۆم لە تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆڕۆنا بپارێزم بەوەى ماسك ببەستم و پاككه‌ره‌وه‌ به‌ كار بهێنم و به‌ پێی پێویست له‌ هاوڕێكانم دووركه‌ومەوە، ئاخر داپیره‌ و باپیره‌م به‌ساڵاچوونه‌ و نه‌خۆشییان هه‌یه‌، بۆیه‌ به‌رده‌وام خۆم ده‌پارێزم بۆ ئه‌وه‌ی نه‌خۆشی بۆ ئه‌وان نه‌گوازمه‌وه‌، چونكه‌ ئه‌وانم خۆش ده‌وێت و پاراستنیان ئه‌ركێكی ئینسانى منە".

شایەنى باسە وەزارەتى پەروەردە خاوەن ‌‌(١,٧٥٠,٠٥٣ قوتابی) و (١٦٢,٦١٣ مامۆستا و فەرمانبەر)ە لە سەرتاسەرى هەرێم و هەر بۆ ئەم مەبەستەش چەندین ڕێکار لە لایەن حکومەت و ئەم وەزارەتەوە گیراونەتە بەر بۆ خۆپارێزى و پاراستنى گیانى قوتابیان لە تووشبوون بەم پەتایە. حکومەتى هەرێم بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کۆڕۆنا، ٢٨,٠٠٠,٠٠٠,٠٠٠ دیناری خەرج کردووە کە ٥٤٠,٠٠٠,٠٠٠ دیناری بۆ پێداویستی خۆپارێزیی قوتابیان لە نێو قوتابخانەکان تەرخان کردووە. سامان سیوەیلى وتەبێژى وەزارەتى پەروەردە بە فەرمانگەى میدیا و زانیارى گوت: لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان و لە دوو کاتى جیاواز پاککەرەوە و ماسک و کەرەستەى خۆپارێزى کڕدراون و بەسەر قوتابی و قوتابخانەکاندا دابەش کراون، بەم شێوەیەى خوارەوە:

یەکەم: لە ڕێکەوتى ٢٥/١١/٢٠٢٠ى زایینى و بە بڕى ٣٤٥,٧٥٠,٠٠٠ دینار، ٤٠ هەزار ماسک و ١٠٠ هەزار پاککەرەوە و ٥٠ هەزار سابوون و ٨ هەزار گەرمیپێو کڕدراون.

دووەم: لە ڕێکەوتى ٢٨/٩/٢٠٢١ى زایینى و بە بڕى ١٤٤,١٥٩,٠٠٠ دینار، ٥٠ هەزار پاککەرەوە ٢,٤١٠,٠٠٠ ماسک کڕدراون.

واتە بە کۆشى گشتى ٢,٤٥٠,٠٠٠ ماسک و ١٥٠ هەزار پاککەرەوە کڕدراون.

 

ئەمەش لینکى ڤیدیۆکەیە:

روئیا نه‌جات: کۆرۆنا کوشندەیە، دەبێت پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بین - YouTube

فەرمانگەى میدیاو زانیارى