Skip to the content

شێخ نیاز نەقشبەندی: ئەمساڵ ٢ هەزار هاونیشتمانی فەریزەی حەج بە جێ دەگەیێنن

لە دیمانەیەکدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان، شێخ نیاز ڕاغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، وردەکاری پرۆسەی بەجێگەیاندنی حەجی ئەمساڵی خستە ڕوو و ئاشکراشی کرد کە پرۆسەی حەجی ئەمساڵ جیاوازە و هەندێك لەو کەسانەی کە ناویان دەرچووە ناتوانن سەردانی حه‌جی ماڵی خودا بکەن.

 

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- شێخ نیاز ڕاغب نەقشبەندی رایگەیاند: ''لە ساڵی ٢٠١٧دا ٨٦ هەزار و٨٥٠ هاونیشتمانی داواکاری خۆیان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان تۆمار کردووە بۆ ئەوەی بتوانن فەریزەی حەج جێبەجێ بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش ساڵانی ٢٠١٧، ٢٠١٨، ٢٠١٩ بە ئەنجامدانی تیروپشک ١٧هەزار کەس لە ماوەی ئەم سێ ساڵەدا ناویان گەڕاوەتەوە و حەجی خۆیان ئەنجام داوە. بۆ ئەو کەسانەش مابوونەوە و ناویان نەگەڕابووەوە لە ١٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠١٩دا، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دیدارێکی بە سەرپەرشتی د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئەنجام دا و بڕیار درا بۆ ساڵێکی تر حەج کردن هەر لەنێو ئەو کەسانەدا بکرێت کە لەو ساڵانەدا ناوی خۆیان تۆمار کردبوو و تیایدا ٤ هەزار ٣٥٠ هاونیشتمانی تر ناویان دەرچوو، بەڵام بەهۆی هاتنی کۆرۆناوە ئەنجامدانی فەریزەی حەج بۆ ماوەی دوو ساڵ راگیرا.''

 

ئەمساڵ چەند کەس دەتوانن بچنە حەج

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی کوردستان ڕاشیگەیاند، دوای دوو ساڵ لە ڕاگراتنی پڕۆسەی حەج کردن بەهۆی هاتنی ڤایرۆسی کۆرۆناوە، ئەمساڵ وەزارەتی حەجی سعوودیە بڕیار درا ملیۆنێک کەس دەتوانن فەریزەی حەج جێبەجێ بکەن، کە ١٥٠ هەزار کەسیان بۆ ناوخۆی سعوودیە و٨٥٠ هەزار کەسیش بۆ وڵاتانی تر بێت، کە هەر وڵاتێک بە ڕێژەیەکی تایبەت و بە بەراورد بە ڕێژەی ساڵانی ڕابردووی خۆی ٤٥%ـی بۆ دەستنیشان کرا، بەم شێوەیە لە عێراق ١٥ هەزار ٢٥٢ کەس دەتوانن بەشداری بکەن و لەو ڕێژەیەش هەرێمی کوردستان نزیکەی ٢ هەزار کەس دەتوانن بەشدار بن کە دیاریکردنی ئەو ڕێژەیەش لەلایەن حکومەتی فیدڕاڵییەوە بە پێی ڕێژەی دانیشتووان دەبێت،  بۆیە  بە گوێرەی ئاماری پلاندانانی عێراق ڕێژەی دانیشتووانی هەرێمی کوردستان نزیکەی ٤ ملیۆن ٥٠٠ هەزار کەس دەبێت، ڕێژەی پشکی هەرێمی کوردستان ٤ هەزار یان سەرووی ٤ هەزار و پینج سەد کەس دەبێت، واته‌؛ بە نزیکەی ٤ هەزار و ٦٩٩ کەس دەبێت، بەڵام ئەم ساڵ ڕێژەی ٤٥% لەم پشکە کەم بووه‌تەوە، بۆیە نزیکەی ٢ هەزار کەس دەتوانن سەردانی حەج بکەن.

 

حەجی موجامەلە

شێخ نیاز راغب نەقشبەندی ئاماژەشی بەوەدا کە لە ساڵانی ڕابردوودا حكومه‌تی سعوودیە ڕێژەیەکی لە حەج دەدا بە وڵاتان کە پێی دەگوترا (حەجی موجامەلە) ئەوەشی لە ڕێگەی کونسوڵخانەکانی خۆی لەو وڵاتانە دەکرد، بەو هۆیەشەوە عێراق و هەرێمی کوردستان بەشێکیان لەو رێژەیە هەبوو، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەوەی کە ڕێژەکە دیاری کراوە و نابێت لەو ڕێژەیە زیاتر بێت، بۆیە تاوەکوو ئێستا هیچ قسەیەک لەسەر ئەم شێوازەی حەج نییە.

 

ئەو بڕە پارەیەی کە لە حاجیان وەردەگیرێت

سەبارەت بەو بڕە پارەیەی کە لە حاجیان وەردەگیرێت بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە ئاماژەی بەوەدا، کە ئەو پارەیەی کە بۆ حەج وەردەگیرێت تەنیا بۆ خزمەتکردنی ئەو کەسانەیە کە فەریزەی حەج جێبەجێ دەکەن، چونکە ئەو کەسانە بە فڕۆکە دەگەیێندرێنە سعوودیە و شوێنی مانەوەی لە مەککەی پیرۆز و لە مەدینەش بۆ تەرخان دەکرێت وهۆتێلی تایبەتیان بۆ دابین دەکرێت لەگەڵ هۆکارەکانی گواستنەوەی وەک ئۆتۆمبێل لە مەدینەوە بۆ مەککە و بۆ عەرەفە و بۆ مینا و ئەو شوینانەی کە ئەرکە ئایینیەکانی تێدا بە جێ  دەگەیەنرێت، هەروەها لەگەڵ دابینکردنی خواردن، بۆیە ئەو بڕە پارەیە نەک لە هەرێمی کوردستان، به‌ڵكوو لە هەموو وڵاتان بە هەمان شێوەیە، ته‌نانه‌ت زۆرجاریش بووە بڕە پارەیەی هەرێمی کوردستان لە وڵاتی عێراق کەمتر بووە، ئەمەش بۆ ئاستی جۆری خزمەتگوزاریەکان و کاتی مانەوەیان دەگەڕێتەوە، بۆیە ئەو بڕە پارەیە بۆ خزمەتی هاونیشتمانیان. ئەو بڕە پارەیەش حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەوە وەردەگیرێت و بۆیان سەرف دەکرێتەوە، چونکە ئەو بڕە پارەیەی وەردەگیرێت لە هاونیشتمانی هەمان ئەو بڕە پارەیەیە کە پێویستە بۆ خزمەتکردنی هاونیشتمانیان بۆ تەواوکردنی جێبەجێ کردنی حەج و عومرەکەیان، وه‌ربگیردێت.

کارئاسانی بۆ هاونیشتمانیان

بەڕێوەبەری گشتی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی کوردستان ئاماژەشی بەوەدا کە، کاتێک هاونیشتمانی دەست بە مامەڵەی فەرمی حەج دەکات، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرەوە خزمەتگوزاریان پێشکەش دەکات و ئاسانکاریان بۆ دەکات، بۆ نموونە لە هەر پارێزگایەک و هەر شوێنێکی کوردستان بەڕێوەبەرایەتییەک هەیە بۆ ئەوەی لە سەنتەری شارەکەی خۆیان هاونیشتمانیان مامەڵەکانی خۆیان بکەن، جگە لەوەش خەرجی گواستنەوەی ئەو هاونیشتمانیانه‌ی کە شوێنیان دوورە بۆ فڕۆکەخانە بەڕێوەبەرایەتی گشتی حەج و عومرە لە ئەستۆی دەگرێت و دواتر (حەملەدار)ـیان بۆ دەستنیشان دەکات، بە واتای هەر ٤٧ یان  ٥٠ حاجی بە کۆمپانیایەک دەسپێردرێت بۆ ئەوەی هاوەڵیان بێت و ئاسانکاریان بۆ بکات کاتێک لە مەدینە یان لە جەددە دادەبەزن و لە فڕۆکەخانە لەگەڵیان بێت فێری چۆنییەتی سەرکەوتنیان بکات بۆ ناو فڕۆکە و فێری ڕێنمایی و ڕێکارەکانیان بکات، ئەوانەش هەموو خزمەتگوزارین لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە  لە ڕێگەی بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەوە پێشکەش بە حاجیان دەکرێت، هەروەها ڕێبەری رێنوێنیکار (موڕشیدی ئایینی)ـیان بۆ دابین دەکرێت، چونکە حەج پڕۆسەیەکی ئایینییه‌ و پێویستە ئەو کەسە شارەزای ئەو بوارە بێت تاوەکو پێیان بڵێت لە کوێ خۆیان بپارێزن یان سوننەت چیە و چ شتێک ئەنجام بدەن، چونکە بێ بوونی موڕشید لەوانەیە کەموکوڕی زۆری هەبێت حەجەکە.

 

مەرجەکان بۆ ئەو کەسانەی ئەمساڵ حەج دەکەن

سەبارەت بە مەرجەکانی حەج شێخ نیاز ڕاغب نەقشبەندی ئاماژەشی بەوەدا کە، بڕیار دراوە بۆ ئەو ئافرەتەی کە تەمەنی لە ٤٥ ساڵ کەمترە نابێت بەبێ بوونی مەحرەم حەج بکات، بۆیە سعوودیە بە بڕیارێکی نەگۆڕ ڤیزا نادات بەو ئافرەتانە، به‌ڵكوو تەنیا دەبێت پیاوێکی مەحرەمی لەگەڵدا بێت، بەڵام ئەگەر تەمەنی له‌ سەرووی ٤٥ بێت، ئاساییە. ئەمساڵ ڕێنمایی وەرگرتنی حاجیان دوو مەرجی هەیە، یەکەمیان تەمەنی لە ٦٥ ساڵ بە سەرەوە نەبێت، دەبێ خوار ئەو تەمەنە بێت، واتە لەدایکبووی ساڵی ١٩٥٧ ناتوانێت حەج بکات، بەڵام ١٩٥٨ بە سەرەوە دەتوانن حەج بکەن. هەروەها یەکێکی تر لە مەرجەکان ئەوەیە پێویستە کارتی ڤاکسینی باوەڕپێکراوی هەبێت و پاسپۆرتی تەواو بێت. بۆیە لێرە بە دواوە دەست بە مامەڵە و ڕێکارە یاساییەکان دەکەین و بەهیواین خەڵک ئەو تێگەیشتنەیان هەبێت بۆمەرجی تەمەن، چونکە ئەوە یاسای وڵاتی سعوودیەیە و دیاریکردووە و لە دەسەڵاتی ئێمەدا نیە، بۆیە گلەیی لە ئێمە و حکومەتی هەرێم نەکەن، ئەوە لە دەسەڵاتی هیچ دەوڵەتیکدا نییە کەسێک زیاتر لە ٦٥ ساڵی بێت و بتوانێت بیباتە حەج. هەروەها ئەوەش بزانن ئەو ڕێژەیەی ناویان لە تیروپشک دەرچووە، هەموویان ناتوانن حەج بکەن، چونکە ئەمساڵ پشکی هەرێمی کوردستان و هەموو وڵاتان کەم بووه‌تەوە، بۆیە تەنیا ئێمە دەتوانین ٢ هەزار کەس یان کەمێک زیاتر بنێرین بۆ سه‌فه‌ری حەج، چونکە لە تیروپشکی ساڵی ٢٠٢٠دا نزیکەی ٤ هەزار و ٣٠٠ کەس بوون، بۆیە ئەوانەی تەمەنیان ٦٥ ساڵە جیایان دەکەینەوە بۆ ساڵی ئاییندە، بەڵام بە هیچ شێوەیەک مافیان ناخورێت و شوێنیان پارێزراوە بۆ ساڵی داهاتوو، کە وڵاتی سعوودیە بڕیاری خۆی گۆڕی و مەرجی تەمەنی نەهێشت یەکەم کەس ئەوان حەج دەکەن. بۆ ئەم ساڵ تیروپشکمان ئامادەیە، بەڵام بۆ ساڵی ئاییندە بە سیستەمی تۆمارکردن و ڕێکاری تر ئەم کارە دەکەین، چونکە دەمانەوێت پرۆسەی حەج لە شێوازە تەقلیدیەکەی دەربهێنین و هەموو هەوڵێکمان ئەوەیە پرۆسەی حەج بە سیستەمێکی ڕاست و ڕێك تێپەڕێت و بەرچاوڕوونییەکی تەواوی تێدا بێت بۆ هاونیشتمانیان و حاجیان و دەمانەوێت بخرێتە سەر ڕێگایەکی دادپەروەرانە، بۆیە پێداچوونەوەمان کرد لە بواری مەرج و ئەرکەکانی حەج و عومرە، چونکە پێشتر کۆمپانیاکان بە یەکەوە بوون، ئێمە هەموارمان کردووە دوای ئەوەی د.پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی پەسەندی کرد و هاونیشتمانیانی هەرێمی کوردستان دەتوانن داواکاری پێشکەش بکەن بۆ دامەزراندنی کۆمپانیای حەج بە تەنیا و کۆمپانیای عومرە بە تەنیا، چونکە پرۆسەی عومرە وەکوو دەزانرێت پرۆسەیەکی درێژخایەنە لە ساڵێکدا بۆ ماوەی ٨ مانگ بەردەوامە و کارێکی هەمیشەییە.

 

ژمارەی حاجیانی ئەمساڵ

 بە پێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی پارێزگاکان، ژمارەی ئەو حاجیانەی کە لە ساڵی ساڵی ٢٠٢٠دا ناویان دەرچووە بۆ حەج ٤ هەزار و ٣٥٩ کەسە و ژمارەی حاجیانی بە تەمەن و مردووەکان واتە تەمەن (٦٥) ساڵ بە سەرەوە، بەم شێوەیە دابەش دەبێت:  بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی پارێزگای هەولێر: ٤٨٨ حاجیە، دابەش کراون بۆ ژمارەی هاوەڵەکان ئەوانەی (مه‌شمولن) (١٤٠) کەسن، ژمارەی هەردووکیان (٦٢٨) کەسن، ژمارەی مردووەکان (٢١) کەسن.

 بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی سلێمانی: ژمارەی ئەو حاجیانەی لە (٦٥) ساڵ بەسەرەوەن (٥٤٠) حاجییە، کە دابەش کراون بۆ ژمارەی هاوەڵەکان (١٨٤) کەسن، ژمارەی هەردووکیان (٧٢٤) کەسن و ژمارەی مردووەکان (٩) کەسن.

 بەرێوەبەرایەتی حەج و عومرەی پارێزگای دهۆک: ژمارەی حاجیانی لە (٦٥) ساڵ بەرەو سەرەوەن (٣٨٨) حاجییە، کە دابەش کراون بۆ ژمارەی هاوەڵەکان (١٣٤) و ژمارەی هەردووکیان (٥٢٢) کەسن و ژمارەی مردووەکانیش (٢٥  ) کەسە.

بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی هەڵەبجە: ژمارەی ئەو حاجیانەی لە (٦٥) ساڵ بەرەو سەرەوەن (٤٢) حاجییە و دابەش کراون بۆ ژمارەی هاوەڵەکان (١٣) و ژمارەی هەردووکیان (٥٥)  کەسە و ژمارەی مردووەکانیش (٢) کەسە.

 بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرەی ئیدارەی گەرمیان: ژمارەی ئەو حاجیانەی لە (٦٥)  ساڵ بەرەو سەرەوەن (٨١) و دابەش کراون بۆ ژمارەی هاوەڵەکان (٤٧) و ژمارەی هەردووکیان (١٢٨) ژمارەی مردووەکانیش (٦) کەسە.

ژمارەی ئەو حاجیانەی لە (٦٥) ساڵ بەرەو سەرەوەن (1539)  حاجین و دابەش کراون بۆ ژمارەی هاوەڵەکان کە (٥١٨) کەسن، ژمارەی هەردووکیان (2) هەزار و (٥٧) کەسە و  ژمارەی مردووەکانیش (٦٣) کەسە.

بۆ بینینى ڕاپۆرتەکە بەشێوەى ڤیدیۆیى کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی کوردستان، وردەکاریی پرۆسەی بەجێگەیاندنی حەج دەخاتەڕوو - YouTube

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٢٦ی نیسانی ٢٠٢٢