Skip to the content

پڕۆژەی رێکخستن و نۆژەنکردنەوەی "چوارڕیانی گوڵان" لە زاخۆ جێبەجێ دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- رۆژی دووشەممە، رێککەوتی ٢٥ـی نیسانی ٢٠٢٢ بە چاودێری گوهدار شێخۆ، سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بەردی بناغەی پڕۆژەی رێکخستن و نۆژەنکردنەوەی "چواڕیانی گوڵان "داندرا، کە بە گوژمەی ( ٨٣٧،٦٠٣،٠٠٠) دینار جێبەجێ دەکرێت.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ رایگەیاند، رێکخستن و نۆژەنکردنەوە و فراوانکردنی چواڕیانەکە بە گوێرەی ماستەرپلانێکی نوێ دەخرێتە خزمەتی هاووڵاتیان.
گوهدار شێخۆ ئاشکراشی کرد لە سەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رەزامەندی لەسەر چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاری و ستراتیژی بۆ ئیدارەی زاخۆ دراون، ئەوانیش پڕۆژەکانی "رێکخستن و نۆژەنکردنەوەی چواڕیانی گوڵان" و "شەقامی 30 مەتری" و "ترافیکی تلکەبەرێ"، کە لە ئایندەیەکی نزیکدا هەموویان دەخرێنە خزمەتی هاووڵاتیان و کاریگەری زۆرشیان لەسەر کەمکردنەوەی قەرەباڵغی لە نێو شاری زاخۆدا دەبێت.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ ئاشکرای کرد کە دوای جەژنی رەمەزان، پڕۆژەکانی "شەقامی 30 مەتری" و "ترافیکی تلکەبەرێ" دەخرێنە بواری جێبەجێکردنەوە

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
25ـی نیسانی 2022