Skip to the content

بە نیو کاتژمێر مۆڵەتی شۆفێرییەکەت بە ئەلیکترۆنى بکە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- سیستەمی بە دیجیتاڵکردنی مۆڵەتی شۆفێری کە سیستەمێکی جیهانییە، ئێستا لە هەرێمى کوردستان پەیڕەو دەکرێت. جاران مۆڵەتى شۆفێرى تەنیا مۆڵەتی تایبەت و گشتی هەبوو، بەڵام لەم سیستەمە نوێیەدا جۆری ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە شۆفێر دەتوانێت لێی بخوڕێت پۆلێن کراوە بۆ ١٣ جۆر کە لە ماتۆڕسکیلێکی بچووکەوە دەست پێ دەکات بە بارهەڵگرى گەورە کۆتایی دێت و هەریەکە و مەرجی تایبەتی خۆی هەیە.

سەبارەت بە جۆری  دەرهێنانی کارتەکە دەتوانم بڵێم پێویستیمان بە بەکارهێنانی کاغەز نامێنێت لە فەرمانگەی حکومی  و سەرەتایەکە بۆ حکومەتی ئەلیکترۆنی کە ئەمەیان لە بەڕێوەبەرایەتی هاتوچۆوە دەستی پێکرد و هەموو کارەکانی هاوڵاتییان بە ئەلیکترۆنی ڕایی دەکرێت.

بۆ دەرهێنانی مۆڵەتی نوێش، چەند مەرجێک هەیە کە یەکەمیان پشکنینی پزیشکییە کە بە پێچەوانەى جاران هەر لەناو بەڕێوەبەرایەتیی هاتوچۆکان شوێنى تایبەتى پشکنینى چاو هەیە و نووسراویش بۆ وەزارەتی تەندروستی کراوە و بۆ دەستنیشانکردنى لیژنەی پزیشکی تا هاوڵاتییان لە یەک باڵەخانە کارەکانیان بە ئاسانى تەواو بکەن. مەرجى دووەم بوونى پاسپۆرتە تا ناوى سەر مۆڵەتەکەى هەمان جۆرى ناوى سەر پاسپۆرتەکەى بێت بە هەردوو سپێڵی کوردی و ئینگلیزی بۆ ئەوەى لە ناوخۆ و دەرەوى وڵات کێشەى بۆ دروست نەبێت.

لە دەرهێنانی مۆڵەتى شۆفێرى پێشتر کاتێکى زۆر بەفیڕۆ دەچوو، بەڵام فازڵ حاجی وتەبێژی هاتوچۆی هەولێر لە بارەى دانانى سیستەمە نوێیەکەى دەرکردنى مۆڵەتى شۆفێرى دیجیتاڵى، ڕایگەیاند: هەر کەسێک کە دێتە ناو بەڕێوەبەرایەتییەکەمان ٣٠ بۆ ٣٥ خولەکی بۆ دانراوە تا سەرجەم کارەکانی تەواو بێت و مۆڵەتەکەى وەرگرێتەوە، ڕەنگە لە ئایندەدا و بە ڕاهاتنى فەرمانبەران ئەو کاتە کەمتر ببێتەوە، بەڵام لە جارى دووەم دەرکردنى مۆڵەتەکە تەنیا پێنج خوولەکى پێدەچێت.

گۆڕینی مۆڵەتەکان لە سیستەمە نوێیەکەى دەرکردنى مۆڵەتى شۆفێرى لە هەرێمى کوردستان، ڕێکارى تایبەت دەگیردرێتە بەر بۆ نمونە هەر کەسێک مۆڵەتە تایبەتییەکەى بگۆڕێت ئەوا بە گوێرەی ئەو پۆلێنە نوێیە، پۆلێنی B پێ دەدرێت کە هەموو ئۆتۆمبێلە تایبەتەکان دەگرێتەوە و مەرجیشە تەمەنی کەسەکە ١٨ ساڵ بە سەرەوە بێت و لە ڕووی تەندروستیشەوە هیچ کێشەیەکی نەبێت، ئەوانەی کە مۆڵەتەکەی پێشوویان جۆری گشتییە ئەوا جۆریB، D1 و C1ی پێ دەدرێت، کە C1 بارهەڵگرە مامناوەند و بچووکەکان و D1 پاسی بچووک تا ١٦ کەسی دەگرێتەوە، ئەوانەی مۆڵەتەکانیشیان بەسەر نەچووە دەتوانن وەک خۆیان بەکاری بێنن، بەڵام لەگەڵ تازەکردنەوە دەبێت دیاریی بکرێت کە کامە جۆر ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێت، ئەگەر ویستی ئۆتۆمبێلی قاتیرە و مەقتورە یا پاس لێبخوڕێت دەبێت ئۆتۆمبێلەکە بە ناوی یەکێک لە ئەندامانی خێزانەکەی بێت و  بۆ ئەمەش بیسەلمێنێت کە کار بەو ئۆتۆمبێلە دەکات.

لە سیستەمە کۆنەکە پێویست بوو شۆفێری تاکسی مۆڵەتی گشتیی هەبوایە، بەڵام لە سیستەمی نوێدا جگە لەو سێ جۆرەی سەرەوە، لە بەشی تێبینی دەنووسرێت تاکسی و جگە لەو  شۆفێرانە کەسی تر ناتوانێت تاکسی لێبخوڕێت.

لەسەر کارئاسانى و گۆڕانکارى لە سیستەمى دەرکردنى مۆڵەتى شۆفێرى، هاووڵاتیی عەبدولواحید مەلەکی ڕایگەیاند: ئەمە سیستەمێکی زۆرباشە چونکە پێشتر ئێمە کێشەیەکی زۆرمان هەبوو و لە دەرەوە نەماندەتوانی ئەو مۆڵەتە بەکار بهێنین، لە کاتێکدا مۆڵەتى بەغدا هەبوو لە دەرەوەش کاری پێ دەکرا، ئێستا دەتوانرێت وەک بەڵگەنامەیەکی فەرمی کاری پێ بکرێت چونکە هەموو زانیارییەکی تێدا تۆمار کراوە، بۆیە ئەمە هەنگاوێکی گرنگە بە ئاراستەی حکومەتی ئەلیکترۆنی.

شۆفێری پاسێکیش ئەم هەنگاوە بە باش دەزانێت، چونکە پێشتر هەر یەکێک بیویستایە دەیتوانی شۆفێری پاس بکات، بەڵام ئێستا کاری شۆفێری بە گوێرەی ئەو سیستەمە پۆلێن کراوە.

 

بۆبینینى ڤیدیۆى ڕاپۆرتەکە، کلیک لەسەر ئەم لینکەى خوارەوە بکە:

کارکردن بۆ بەئەلیکترۆنیکردنی دامودەزگاکانی حکومەت و کەمکردنەوەی رۆتین - YouTube

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٢٨ ی ئابی ٢٠٢٢