Skip to the content

بەشى ژمێریاى و کارگێڕیی فەرمانگە دادنووسییەکان بە ئەلیکترۆنی دەکرێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان(GOV.KRD)- لە دیوانى وەزارەتى دادى حکومەتی هەرێمى کوردستان، بە ئامادەبوونى هەریەک لە  بەڕێوەبەری گشتیى دیوانى وەزارەتى داد و بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگە دادنووسییەکان و دادنووسە یەکەمەکانى پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و نوێنەرانى کۆمپانیاى (INFORR Group) کە بەئەلیکترۆنیکردنى سیستەمى فەرمانگە دادنووسییەکانى لە ئەستۆیە، کۆبوونەوەیەکى بەرفراوان بەڕێوە چوو بە مەبەستى بەئەلیکترۆنیکردنى بەشەکانى ژمێریارى و کارگێڕیی فەرمانگە دادنووسییەکان.

لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێوەبەرى ژمێریارى فەرمانگەکان و وەزارەت و فەرمانگە دادنووسییەکان تیایدا بەشدار بوون، تیشک خرایە سەر گرنگى بەئەلیکترۆنیکردنەکە کە وەک یەکێک لە هەنگاوەکانى کۆی سیستەمى بەئەلیکترۆنیکردنى فەرمانگە دادنووسییەکان گرنگییەکى گەورەى بۆ حکومەت و وەزارەتى داد هەیە.

لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەبووان سەرنجیان خستە سەر وۆرکشۆپێک لەبارەى گۆڕینى سیستەمى بەشى ژمێریارى و کارگێڕیی فەرمانگە دادنووسییەکان کە تیایدا بە چەندین هەنگاو و لە لایەن هەمان کۆمپانیاى ناوبراوەوە جێبەجێ دەکرێت بە چەند قۆناغ کە لەخۆگرى ئەم بەشانەى خوارەوەیە:

ـ بەئەلیکترۆنیکردنى بەشى ژمێریارى

ـ بەئەلیکترۆنیکردنى بەشى کارگێڕی

ـ بەئەلیکترۆنیکردنى سەرجەم بەشەکانى ئەرشیفکردن لە فەرمانگەکان

ـ پێکەوەبەستنەوەى سەرجەم یەکە ئیدارییەکان بە فەرمانگە یەکەمەکانى پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان و دواتریش بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی فەرمانگە دادنووسییەکان.

 

سوودەکانى بەئەلیکترۆنیکردنەکەش لەم چوارچێوەیەدا کورت کرانەوە:

ـ بەشى ژمێریارى فەرمانبەرى زۆرى ناوێت.

ـ زۆر خێرا کارەکە جێبەجێ دەبێت.

ـ هەڵە لە پارە ناکرێت.

ـ پارە ئۆتۆماتیکى لێک دەدرێتەوە.

ـ پارەى چاپى وەسڵ و زیادە مەسرووف نامێنێت.

ـ قەرەباڵغى بەردەم ژمێریار نامێنێت.

ـ تۆمارى ژمێریارى بە دەفتەر و بە ئەلیکترۆنى هەمیشە بەردەستە.

 

هەروەها ئەرکى ژمێریارى حکومەت دواى بەئەلیکترۆنیکردنی سیستەمەکەش بەم شێوەیە خرانە ڕوو:

ـ چیتر ژمێریار پارە لێک ناداتەوە و کات بەفیڕۆ نادات، بەڵکو ڕاستەوخۆ سیستەم جۆر و بڕى پارەکە دیارى دەکات و بڕەکەى لێک دەداتەوە.

ـ داتا ڕاستەوخۆ ئەرشیف دەبێت.

ـ ڕاستەوخۆ دەفتەرى تۆمارى ژمێریارى دروست دەبێت کە دەتوانرێت بە یەک کلیک کۆى پارەى وەرگیراوى ڕۆژ و حەفتە و مانگ و ساڵ دیارى بکرێت.

 

دواى تەواوبوونى وۆرکشۆپەکە، ئامادەبووان گفتوگۆیان لەسەر بابەتەکە کرد و دواتریش کۆدەنگییەک لەسەر جێبەجێکردنى بەئەلیکترۆنیکردنى بەشى ژمێریارى و کارگێڕى فەرمانگە دادنووسییەکان کرا بە چەندین هەنگاو. لە هەنگاوى یەکەمدا بەڕێوەبەرە یەکەمەکانى فەرمانگە دادنووسییەکانى پارێزگا و یەکە ئیدارییەکان ڕاسپێردران بۆ پێداچوونەوە و وەرگرتنى نمونەى جیاواز لە بەئەلیکترۆنیکردنى بەشى ژمێریارى وەزارەت و فەرمانگە ودەستە و بەڕێوەبەرایەتییەکانى دیکەى حکومەت تا سوود لە ئەزموونیان وەربگیرێت بۆ سەرکەوتن لە پڕۆسەکە.

هەر لەگەڵ ئەم هەنگاوەشدا بڕیار لەسەر جێبەجێکردنى قۆناغى یەکەمى پڕۆسەکە درا کە ئەویش دانانى سیستەمى ڕیزبوون و سڕەگرتنە بە شێوەى ئەلیکترۆنی لە بەشى ژمێریارى فەرمانگە دادنووسییەکانى حکومەتى هەرێمى کوردستان.

لە هەنگاوى دووەمیشدا بڕیار وایە ئەزموون و نمونەکانى بەڕێوەبەرایەتییە ئەلیکترۆنیکراوەکانى وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکانى دیکە کۆ بکرێتەوە و گفتوگۆى لەسەر بکرێت و بە کۆدەنگى باشترین ڕێگە دەستنیشان بکرێت بۆ ئەوەى دەست بکرێت بە بەئەلیکترۆنیکردنی هەردوو بەشەکە.

شایەنى باسە، ئەم وۆرکشۆپە دواى کۆبوونەوەیەکى بەرفراوانى بەڕێوەبەرى گشتیی فەرمانگەکانى داد لەگەڵ گشت بەڕێوەبەرى فەرمانگە دادنووسییەکان و بەڕێوەبەرى ژمێریارى فەرمانگەکان لەگەڵ ستافى کۆمپانیاى ناوبراو پێشنیارى لەسەر کرا و درایە بەڕێوەبەرى گشتیی دیوان و بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەکانى داد لە دیوانى وەزارەت لە ڕێکەوتى ٢١ی حوزەیرانی ٢٠٢٢، و دواتریش وەزیرى دادى حکومەتى هەرێمى کوردستان بە هامشێک لە ڕێکەوتى ٢٦ی حوزەیرانی ٢٠٢٢ بڕیارى دا بەئەلیکترۆنکیردنى تەواوەتى فەرمانگە دادنووسییەکان جێبەجێ بکرێت.

 

فەرمانگەى میدیاو زانیارى