Skip to the content

بەڕێوەبەریی گشتیى ئەزموونەکان: دوا ڕێکەوت بۆ گواستنەوەى قوتابیانى دەرەوەى وڵات بۆ ئەمساڵ ١٠/١٥یە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- یەکێک لە کێشەکانى قوتابیان و خوێندکاران، کێشەى گواستنەوەیانە لە قوتابخانەیەکەوە بۆ قوتابخانەیەکى دیکە بە هۆى جێگۆڕکێى جوگرافى و یا سەفەرکردن و یا گۆڕینى قوناغەکانى خوێندنەوە، بۆ ئەم مەبەستە نوورەدین عوسمان سەعید، بەڕێوەبەری گشتی ئەزموونەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیمانەیەکدا لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستەسەر رێنمایی و رێکارەکانی گواستنەوەی قوتابیان لە نێوان قوتابخانە حکومییەکان و قوتابخانە ئەهلییەکان و گواستنەوەی قوتابیان لە دەرەوەی وڵات بۆ ناو هەرێمی کوردستان.

ـ پلانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ بۆ گواستنه‌وه‌ی قوتابیان چۆن بووه‌؟

نوورەدین عوسمان: وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ وه‌كو ئه‌ركی ساڵانی خۆی بۆ ساڵی ٢٠٢٢ – ٢٠٢٣ پلانێكی هه‌مه‌لایه‌نه‌ی ڕاگه‌یاند، یه‌كێك له‌و پلانه‌ سه‌ره‌كییانه‌ی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ هه‌یبوو كه‌ پێشتریش كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زاره‌ت و په‌روه‌رده‌ی سه‌رجه‌م قه‌زاكان و سه‌رپه‌رشتیارانی لێ به‌ده‌ست هات، یه‌كێك له‌و پلانانه‌ گواستنه‌وه‌ی قوتابیان و خوێندكاران بوو له‌ سه‌رده‌م و كاتێكی زووتردا به‌تایبه‌تی تۆماركردنی قوتابیانی پۆلی یه‌كی بنه‌ڕە‌تی و حه‌وتی بنه‌ڕە‌تی و ١٠ی ئاماده‌یی ئه‌وانه‌ی له‌ پۆلی ٩ی بنه‌ڕەتی ده‌رده‌چن، ئه‌و پلانه‌ كه‌ له‌ ٢٦ی حوزه‌یران ده‌ستی پێ كرد‌ و دوا ڕێكه‌وتیشی ٤ی ئاب بوو‌، ئه‌مه‌ خۆئاماده‌كردنه بوو بۆ ساڵی نوێی خوێندن كه‌ له‌ ١٣ی ئه‌یلوول ده‌ست پێ ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ قوتابیان و خوێندكاران و مامۆستایانیش بزانن چه‌ند قوتابیان هه‌یه‌ و ژماره‌یان چه‌نده‌، جاری وا هه‌بووه‌ كه‌ له‌ ساڵانی پێشووتر دوای مانگێكیش له‌ ده‌ستپێكردنی خوێندن له‌ هه‌وڵی گواستنه‌وه‌دابوونه‌ و نه‌یانزانیوه‌ ده‌چنه‌ كامه‌ قوتابخانه‌، بۆ ئه‌وه‌ی قوتابیان و خوێندكاران و مامۆستایانیش له‌ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكی خوێندن ته‌نیا سه‌رقاڵی خوێندن بن، وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده‌ ئه‌م پلانه‌ی ڕاگه‌یاند.

ـ ڕێنماییه‌كانی گواستنه‌وه‌ی قوتابیان چین‌؟

نوورەدین عوسمان: گواستنه‌وه‌ی قوتابیانی قۆناغه‌كانی دیكه‌  وه‌كو ڕێنمایه‌كانی ساڵی پێشتر ده‌بێت و  به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ نێوان پۆلێك بۆ یه‌كێكی دیكه‌ وه‌ك ئه‌وانه‌ی به‌هۆی ماڵ گواستنه‌وه‌ یا كێشه‌یه‌كه‌وه‌ ناتوانن له‌ شوێنی خۆیان بن ئه‌وا  به‌ پێی ڕێنماییه‌كان تاكو ١ی تشرینی دووه‌م وه‌رزی یه‌كه‌م ده‌توانن گواستنه‌وه‌ بكه‌ن، ئێستا‌ ڕۆتیناتی ساڵانی پێشووتر نه‌ماوه‌ و به‌ شێوه‌یه‌كی زۆر ساده‌ و ئاسان گواستنه‌وه‌كه‌ ده‌كرێت، هه‌ر قوتابییه‌ك بیه‌وێت گواستنه‌وه‌ ئه‌نجام بدات له‌ سه‌رتاسه‌ری هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا ڕە‌ز‌امه‌ندیی ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی هه‌بێت كه‌ بۆی ده‌چێت به‌ كلیكێك گواستنه‌وه‌ی بۆ ده‌كرێت و له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كه‌مدا كاره‌كانی بۆ ده‌كرێت.

یه‌كێك له‌و گرفتانه‌ی كه‌ هه‌یه‌ گواستنه‌وه‌ی قوتابیان و خوێندكارانه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستان واتا له‌ ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستان وه‌كو كه‌ركووك، ئه‌وانه‌ش له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سیسته‌می تاقیكردنه‌وه‌كانیان وه‌كو ئێمه‌ نییه‌، واتا تاقیكرنه‌وه‌كانی خولی دووه‌میان له‌گه‌ڵ ئێمه‌ نییه‌ هه‌ندێك جار گواستنه‌وه‌كانیان به‌ شێوه‌یه‌كی جیاوازتر ده‌كرێت، بۆ نموونه‌ به‌شێكی زۆری ئه‌و قوتابیانه‌ كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ دێن داخلی سیسته‌م نه‌كراون ئه‌وكاته‌ ده‌بێت به‌ بڕوانامه‌ بكرێت كه‌ له‌ ڕێگه‌ی ئه‌زموونه‌گشتییه‌كانه‌وه‌ په‌سه‌ند بكرێت و  ڕاست و دروستی بۆ بكرێت ئه‌وكاته‌ ده‌توانێت بچێێته‌ ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ی كه‌ ده‌یه‌وێت.

ـ داتای هه‌موو ئه‌و مناڵانه‌تان لایه‌ كه‌ ته‌مه‌نی خوێندنیان هاتووه‌ یاخود ته‌نیا ئه‌وانه‌ی تۆمار كراون ؟

نوورەدین عوسمان: ئێمه‌ ئه‌و داتایانه‌مان له‌لایه‌ كه‌ داخلی پۆلی یه‌كی بنه‌ڕە‌تی ده‌بن، چونكه‌ ئه‌و مناڵانه‌ی تۆمار نه‌كراون به‌هه‌ر هۆكارێك بێت ئێمه‌ لامان نییه‌ وه‌كو داتا، بۆیه‌ ته‌نیا ئه‌و مناڵانه‌ی ته‌مه‌نی خوێندنیان هه‌یه‌  له‌ سیسته‌می داتا و زانیارییه‌كانی ئێمه‌ تۆمار ده‌كرێن ئه‌وانه‌ هه‌مووی به‌ مناڵانی باخچه‌كانیش تۆمار كرابن پێویست به‌ نه‌خۆشخانه‌ و شیكاری نه‌خۆشیی ناكات تاكو تۆمار بكرێن به‌ڵكو هه‌ر له‌ شوێنی خۆی ئاسانكارییان بۆ ده‌كرێت و ئه‌و كارانه‌یان بۆ ئه‌نجام ده‌درێت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی له‌ قه‌زاكانن بۆ به‌شێكیان ئه‌و گرفتانه‌یان هه‌یه‌ كه‌ ئه‌مساڵ تۆماركردنی پۆلی یه‌كی بنه‌ڕه‌تی پێشكه‌وتووه‌ و به‌شێكی زۆری خێزانه‌كان به‌هۆی سه‌فه‌ركردنیانه‌وه‌ یاخود به‌هۆی كاری كشتوكاڵه‌وه‌ یا ئاگاداری ئه‌و بانگه‌وازه‌ نه‌بووبن پێویسته‌ ئه‌وانه‌ی مناڵیان هه‌یه‌ و له‌ دایكبووی  ٢٠١٦ دا بن له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن تۆمار بكرێن.

ـ گواستنه‌وه‌ی پۆلی ١٢ به‌ چ شێوه‌یه‌ك ده‌بێت؟

نوورەدین عوسمان: بۆ پۆلی ١٢ ته‌نیا له‌ وه‌رزی یه‌كه‌م مافی گواستنه‌وه‌یان هه‌یه‌ تاكو ١ی تشرینی دووه‌م له‌ وه‌رزی دووه‌م سه‌رجه‌م پۆله‌كان مافی گواستنه‌وه‌یان هه‌یه‌ تاكو ١٥ی شوبات، به‌ڵام ئه‌مه‌ پۆلی ١٢ ناگرێته‌وه‌ به‌هۆی تاقیكردنه‌وه‌كان و نزیكبوونه‌وه‌ی له‌ مافی به‌شدارییبوونیان له‌ تاقیكردنه‌وه‌ وه‌زارییه‌كان ناتوانین گواستنه‌وه‌یان بۆ بكه‌ین.

ـ خولی دووه‌می تاقیكردنه‌وه‌كان کەی و بە چ شێوەیەک دەبێت؟

نوورەدین عوسمان: ده‌ستپێكی خولی دووه‌می تاقیكردنه‌وه‌كان ٢٠ی ئاب ده‌بێت تا ٢٨ی ئاب، یه‌كێك له‌و شتانه‌ی پێویسته‌ قوتابیان بیزانن ئه‌وه‌یه‌ كه‌ شوێنی تاقیكرنه‌وه‌یان ده‌گۆڕێت پێویسته‌ سه‌ردانی قوتابخانه‌كانیان بكه‌ن بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌. سەرجەم تاقیکردنەوەکان بەهەمان شێواز و ڕێکاری خولی یەکەم دەبێت هەر ٥٠ پرسیارە بە هەمان شێوەی هەڵبژاردنە و بەهەمان ڕیزبەندی خشتەی تاقیکردنەوەکانی خولی یەکەم لە ٢٠ ی مانگەوە دەست پێ دەکات.

ژمارەی ئەو قوتابیانەی گەیشتوونەتە خولی دووەم لەبابەتێک بۆ بابەتێکی تر دەگۆڕێ بۆ نموونە ژمارەی ئەو قوتابیانەی بەشداریی تاقیکردنەوەکانیان کردووە لە خولی یەکەم ١٠٧ هەزار قوتابین ئەوەش بەپێی بابەتەکان دەگۆڕێ بابەتی واهەیە ڕێژەی دەرچوون تێیدا لە ٦٠ % یان بابەتی وا هەیە لە ٧٨% بابەتی وا هەیە لە ٥٣%، کەواتە بەپێی ڕێژەی بەشداربوو لە تاقیکردنەوەکە دەگۆڕێت، بابەتی واهەیە ٤٠ هەزار قوتابی بەشداری تێدا دەکات لەخولی دووەم دا بابەتی واش هەیە ٣٠ هەزار قوتابی بەشداری تێدا دەکات.

ـ گواستنەوەی قوتابیان لە نێوان قوتابخانە حکومی و نێودەوڵەتییەکان چۆنە و ئەو قوتابیانەشی لە دەرەوە دەگەڕێنەوە هیچ گرفتتان بۆ دروست ناکەن؟

نوورەدین عوسمان: ئێمە دوو جۆر هەموارکردنەوەی بڕوانامەمان هەیە یەکێک لەوانە قوتابخانە نێودەوڵەتیەکانن بەبڕاندە جیاوازەکانەوە سەرجەمیان لەکاتی گواستنەوەیان بۆ قوتابخانە حکومی یان ناحکومیە خۆماڵیەکانی سەر بەوەزارەتی پەروەردە پێویستە هەموارکردنەوەی بڕوانامەی بۆ بکرێت لە وەزارەت لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئەزموونەکان، ئەو هەموارکردنەوەیەش دەکرێ بەپێی ئەو بڕوانامەی کە لە قوتابخانەکەوە دێت بۆمان گواستنەوەی بەشێکی زۆری قوتابی لە قوتابخانە نێو دەوڵەتیەکان بۆ قوتابخانە حکومی و ناحکومیە خۆماڵیەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو بوونی هەیە زیاتر لە کۆتایی قۆناغی بنەڕەتی یان سەرەتایی قۆناغی ئامادەیی و پێچەوانەکەشی هەر هەیە، ئەمەش لەناو پارێزگاکان بەڕێژەیەکی بەرچاو دیارە، کێشەیەکی ترمان هەیە دەربارەی ئەو خێزانانەی لەدەرەوەی وڵات دەگەڕێنەوە منداڵیان هەیە بۆ خوێندن بۆیە زۆرجار پابەند نابن بە ڕێنماییەکانی ئێمەوە یان کات و شوێنی دەستپێکی دەوام و تاقیکردنەوەکانی ئێمە، کەی ئارەزوویان لێ بوو دێنەوە، بۆیە ئەوانە گرفت  بۆ ئێمە دروست دەکات، منداڵی وا هەیە لەمانگی ١٢ یان مانگی ١ دێتەوە ئەمانەش هەموو گرفت بۆ ئێمە دروست دەکات کاتێک دەگەڕێتەوە هیچ دۆکۆمێنتێکی نییە و دەیەوێ منداڵەکەی بخەینە بەر خوێندن لای ئیمەش وەرزی یەکەم تەواو بووە  خۆشی لەمانگی ١ هاتۆتەوە یان زۆرجار دۆکۆمێنتێکی ناتەواو بەئێمە دەدەن یان مانگی ٢ و ٣ دەگەڕێنەوە، بۆیە هەر لێرەوە وەکو بانگەوازێک بۆ ئەم بەڕێزانە کە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانن و دەیانەوێ بگەڕێنەوە و منداڵەکانیان بخەنە بەر خوێندن، تکایان لێدەکەم هەوڵ بدەن تاوەکو ١٥ ی مانگی ١٠ بگەڕێنەوە و منداڵەکانیان بخەنە بەر خوێندن چونکە لەدوای ئەو ڕێکەوتەوە گرفتیان بۆ دروست دەبێت، بێگومان جیاوازی لە مەنهەج و پرۆگرامدا هەیە یان کێشەی دۆکۆمێنتیان دەبێ کاتێک دەگەڕێنەوە یانیش هاوتاکردنی بڕوانامەکانیان ماوەیەکی پێویستە تاوەکو تەواو دەبێت. بۆیە پێویستە پابەند بن بەکاتی دەستپێکردنی خوێندن لە وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان و لەکاتی گەڕانەوەیان بۆ ئەوەی گرفتمان بۆ دروست نەبێت.

 

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

١١ی تەمووزی ٢٠٢٢