Skip to the content

فەرمانگەی میدیا و زانیاری پێشبڕکێی (کوردستان لە چاوی ئێمەوە)ـی ئەنجام دا

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی سێشەممە رێکەوتی ٢٣ی ئابی ٢٠٢٢، فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی ھەرێمی کوردستان مەراسیمی پێشبڕکێی (کوردستان لە چاوی ئێمەوە)ـی ئەنجام دا.

مەراسیمەکە تایبەت بوو بە دیاری کردنی جوانترین وێنەی بەشداربووان کە لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستانەوە وێنەکانی خۆیان کە لە رێگەی کامێرا و مۆبایلەوە گیرابوون بۆ فەرمانگەی میدیا و زانیارییان ناردبوو.

لە وتەیەکدا د.جوتیار عادل، سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری رایگەیاند، "ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستان تەنیا پاڵپشتیی لاوان نییە، بەڵکو ڕەخساندنی ژینگەیەکی گونجاویشە بۆ دەرخستنی توانا و بەهرەمەندان تا بۆ خزمەتی گەل و نیشتیمان بخرێنە گەڕ."

سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئاماژەی بەوەشدا وێنەگرتن، هونەری دەربڕین و ڕەنگدانەوەی هەست و سۆزی کەسی وێنەگرە بۆ سروشت و ڕووداو و دیاردەکان و دەکرێت ئەم وێنانەش ڕەنگدانەوەی شوناسی میللەت و نیشتیمان بن.

د.جوتیار عادل، جەختیشی لەوە کردەوە کە حکومەت بە ئەرکی خۆی دەزانێت پشتگیری ئەم جۆرە هەوڵانە و ھەوڵی تریش بکات و پانتایی بەشداری کارای لاوان لە بنیاتنانی هەرێمێکی بەهێزتر  فروانتر بکات.