Skip to the content

کوژاندنەوەى زەویی کشتوکاڵى تەنیا لە حاڵەتی زۆر پێویست دەبێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- لە کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێمى کوردستان، زۆر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دابینکردن و کوژاندنەوەى زەوی کشتوکاڵى کراوە و دەکرێت، ئەوەش بە لەبەر چاوگرتنى بەرژەوەندى گشتى کە هۆکار بووە بۆ چاکسازییەکى گەورە لەو بوارەدا. بۆ ئەم پرسە فەرمانگەى میدیا و زانیارى حکومەتى هەرێمى کوردستان، گفتوگۆیەکى لەگەڵ نەرمین محەمەد مەحیەدین بەڕێوەبەرى گشتیی زەوی و زارى کشتوکاڵى لە وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو ئەنجام داوە.

ـ لە هەرێمى کوردستان، چەند جۆر زەوی هەیە کە سوودیان لێ وەردەگیرێت بۆ پڕۆژەکانى کەرتى تایبەت و گشتى؟

ـ نەرمین محەمەد: لە هەرێمى کوردستان، ڕووبەرى گشتیى زەوی کشتوکاڵى (٤,٤٥١,٤٢٤) هێکتار زەوییە، کە لەم بەشەش (٢,٧٥٤,٦٠٨) هێکتارى نەشیاوە بۆ چاندن کە ئەویش بە پێى پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکان بەم شێوەیە دابەش دەبێت:

پارێزگای هەولێر: ٨٨٧,٨٤٠ هێکتار.

پارێزگای سلێمانى و هەڵەبجە: ٧٥٠,٨٠٩ هێکتار.

پارێزگای دهۆک: ٦٢٩,٨٥٦ هێکتار .

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان: ٤٨٦,١٠٣ هێکتار.

 ئەوەى دەمێنێتەوە و شیاوە بۆ چاندن (١,٦٩٤,٨١٦) هێکتارە کە دابەش دەبێتە سەر (١,٣٦٨,٣٨٨) هێکتارى دێمی و (٣٢٨,٤٢٨) هێکتارى بەراو، کە ئەویش بەم شێوەیە بەسەر پارێزگاکان دابەش دەبێت:

پارێزگای هەولێر: (٦٣٤,٢٨٧ هێکتار.

پارێزگای سلێمانى و هەڵەبجە: ٤٤٠,٩١٩ هێکتار.

پارێزگای دهۆک: ٢٨٤,٨٦٦ هێکتار.

ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان: ٣٣٦,٧٤٤ هێکتار.

گرنگە بڵێین کە لە وەزارەتمان تەنیا زەوی بۆ پڕۆژەى هاووڵاتییان و کەرتى تایبەت تەرخان ناکەین بۆ مەبەستى بەرهەمهێنان و وەبەرهێنان، بەڵکو پەیوەندی و هەماهەنگییەکى زۆریشمان لەگەڵ سەرجەم وەزارەت و فەرمانگە و دەستەکان هەیە، بە مەبەستى تەرخانکردنی زەوی بۆ پڕۆژەکانیان وەک پڕۆژەکانى ڕێگاوبان و سامانە سرووشتییەکان، کارەبا و پیشەسازی و سەوزایی و زۆر بابەتى تر، ئەوەش بە مەبەستى جێبەجێکردنى ماستەرپلانى شارەکان. ئێمە دەسەڵاتى تەرخانکردنى زەوی کشتوکاڵییمان هەیە بۆ پڕۆژە کشتوکاڵییەکان کە بەشى (ڕووەکى و ئاژەڵى) لە خۆ دەگرێت.هەروەها دەشتوانین زەوی بۆ پڕۆژە ناکشتوکاڵییەکان تەرخان بکەین لەسەر زەوی بەردەڵان کە نەشیاوە بۆ چاندن.

 

ـ لەم کابینەیەدا چۆن مامەڵەتان لەگەڵ زەویی کشتوکاڵى کردووە؟

ـ نەرمین محەمەد: ئێمە لەم کابینەیەدا دەستمان بە زەوییەوە گرتووە و لەو ماوەیەى کە بەندە لێرەم، نزیکەى ١١ مانگە، لە حاڵەتى پێویست نەبێت زەویی کشتوکاڵى تەرخان نەکراوە بۆ مەبەستێکى دیکەى بەدەر لە مەبەستى کشتوکاڵى، ئەمەشیان بە ڕەزامەندى بەڕێز سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران و لەسەر بنەماى یاسا و ڕێنماییەکانى وەرزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو کارمان کردووە. بەپێى یاسا و ڕێنماییە بەرکارەکان دەکرێت پڕۆژەى ناکشتوکاڵى لەسەر زەوی بەردەڵان ئەنجام بدرێت. هەروەها بەشداربووین لە ئامادەکردنى پڕۆژەیاساى چارەسەرى زێدەڕۆیی سەر زەوییە کشتوکاڵییەکان کە ئێستا لە ئەنجومەنى وەزیرانە. دواى ڕاپەڕین، لە لایەن هاووڵاتییانەوە زێدەڕۆیی زۆر لەسەر زەوییە کشتوکاڵى و ناکشتوکاڵییەکانى حکومەت کراوە، بۆیە ئێمە لە چارەسەرى ئەم پرسە و لەم پڕۆژە یاسایە هەوڵمان داوە نە هاووڵاتى زەرەمەند بێت و نە حکومەتیش دەستى بەو زەوییانە ڕانەگات. بۆ چارەنووسى ئەو زەویانەى کە لە دەستى هاووڵاتیاندان، زەوییەکەیان لە چوارچێوەیەکى یاسایی و بە پێى بڕگە و مادەکانى یاساکە لە ژێر دەستى هاووڵاتیان دەمێنێتەوە و بە کرێ دەبێت تا ببێتە سەرچاوەیەکى داهاتیش بۆ حکومەت.

 

ـ لەم ماوەیەدا کار لەسەر گۆڕینى زەوی کارت بۆ تاپۆ کراوە، ئێوە لەم بارەوە چەندە ڕۆڵتان گێڕاوە؟

ـ نەرمین محەمەد: پێشتر زەویی زۆر بە شێوەى کارت بەسەر هاووڵاتیان دابەش کراوە ، بۆیە لە پڕۆسەیەکى هاوبەش لە نێوان هەرسێ وەزارەتى داد و شارەوانى و گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، کار کراوە بۆ گۆڕینى کارتەکان بۆ تاپۆ. ئێمە وەک وەزارەتى کشتوکاڵ و سەرچاوەکانى ئاو، لە چوارچێوەى یاسا و ڕێنماییەکان دەست لەو زەوییە کشتوکاڵیانەمان هەڵگرتووە بۆ شارەوانى تا ئیفراز و جیاکارییان بۆ بکەن و کارتەکە بگۆڕن بۆ تاپۆ و بە ناوى هاووڵاتییانەوە بکرێت.

 

ـ زۆر زەوی کشتوکاڵى هەیە بە نیوەناچڵى کارى لەسەر کراوە، ئێوە لەو بارەوە چیتان کردووە؟

ـ نەرمین محەمەد: ئێمە لەم کابینەیەدا ئیشى جدیمان کردووە لەسەر تەواوکەر و پاشکۆی پرۆژە کشتوکاڵییەکان، بە مەبەستى پاراستن و باشترکردن و زیاترکردنى بەرهەمى کشتوکاڵى نێوخۆیی لە هەرێمى کوردستان، ئەوەش پاڵپشت بە یاساى ژمارە ٤ى ساڵى ٢٠٠٨، کە یاساى پاراستن و پەرەپێدانى بەرووبوومى کشتوکاڵییە. وەک پڕۆژەى کۆگاى ساردکەرەوە و وشککەرەوە و هەباشەى گەنم و وشککردنەوەى گەنمەشامی، چیپس و فینگەر و زۆرى تریش کە پێشتر لە هەرێمى کوردستان ئەمانە نەبوون و ئێستا وەک تەواوکەرى پڕۆژەکان زۆر سوودمەند دەبن.

 

زەویى دابەشکراو لەم سێ ساڵەدا چەندە؟

ـ نەرمین محەمەد: لە کابینەى نۆیەمدا واتە لە ڕێکەوتى ١٠/٧/٢٠١٩ تا ١٦/٨/٢٠٢٢، زەویمان بۆ ئەم بەشانە تەرخان کردووە:

ـ ١٦٦ مامەڵەى تەرخانکردنى زەوی بۆ پڕۆژەکانى وەبەرهێنان.

ـ ٣٣١ مامەڵەى بەکرێدان و دابەشکردن و ژمارەیەکیش هەڵوەشاندنەوەى گرێبەستیان بۆ کراوە.

ـ ١٥٩٤ پڕۆژەى بەرهەمهێنان کە دوو جۆرە (پڕۆژەى وەبەرهێنانى کشتوکاڵى و ئاژەڵی) لەخۆ دەگرێت.

ـ ٣١٧ مامەڵە بۆ تەرخانکردنى زەوی بۆ پڕۆژە کشتوکاڵییەکانى وەک کۆگاى ساردکەرەوە و هەباشە و عەلوە و هتد.

 

ـ کوژاندنەوەى زەوییەکان چۆنە؟

ـ نەرمین محەمەد: پێشتر زەوییەکى زۆرى کشتوکاڵى کوژاوەتەوە بێ ئەوەى لە بەرژەوەندى گشتیی و حکومەت بووبێت، بۆیە ئێمە لەم کابینەیەدا بە نووسراوى فەرمى ئەنجومەنى وەزیران ژمارە ٦٠٠٧ ڕێکەوتى ١١/٩/٢٠١٩ کوژاندنەوە ڕاگیرا و تەنیا لە کاتى زۆر پێویست نەبێت. کوژاندنەوەى زەوییەکانیش لەسەر داواى فەرمانگەکانى حکومەت و بۆ مەبەستى بەرژەوەندى گشتیی لە دەرەوە و ناوەوەى سنوورى شارەوانییەکان و بە پاڵپشتی بە یاسا و ڕێنماییەکان کارپێکەرەکان ئەنجام دەدرێت.

 

ـ لەگەڵ وەبەرهێنان چیتان کردووە بۆ دیاریکردنى زەوی کشتوکاڵى؟

ـ نەرمین محەمەد: ئێمە لە قۆناغى کۆتایی دیاریکردنى زەوی کشتوکاڵین بۆ دەستەى وەبەرهێنان بە مەبەستى پڕۆژەکانى وەبەرهێنانى کشتوکاڵى کە بەم شێوەیە (هەڵەبجە: ٤ پڕۆژە، زاخۆ: ٥ پڕۆژە، دهۆک: ١٠ پڕۆژە، هەولێر: ١٤٢٠ دۆنم زەوی و لە سلێمانى هێشتا دیارى نەکراوە).

 

ـ مامەڵەکانى تەسویە و تەملیک چ لێ دەکەن؟

ـ نەرمین محەمەد مامەڵەکانی (تەسویە) و (تەملیک) لە کۆتایی ساڵى ٢٠١٢ى زایینییەوە وەستاون لەبەر نەبوونى بودجە، بەڵام ئێستا ئێمە لە هەوڵداین بۆ ئامادەکردنى دەرخستەیەک بە مەبەستى وەرگرتنى ڕەزامەندیى بەڕێز ئەنجومەنى وەزیران بۆ ئەوەى بودجەى پێویست لەم بارەوە دابین بکرێت، تا بەم مامەڵانە خاوەنداریەتى زەوییەکان یەکلا بکرێتەوە و ڕێگرى بکرێت لە زێدەڕۆیی، هەروها خاوەنداریەتى مافى جوتیارەکان بچەسپێنرێت و ئێستا بەردەوامین لە کارى وردبینى ئەو ئەرکانەى کە پێویستى بە تەسویە و پێشتر کارى لەسەر کراوە.

 

فەرمانگەی میدیا و زانیاری

٢٢ی ئابی ٢٠٢٢