Skip to the content

قوتابخانەیەك لەژێر سێبەری پێكەوەژیان و فرەئایینی لەپایتەخت كرایەوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- رۆژی شەممە ١٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی کەتالین نۆڤاک، سەرۆکی هەنگاریا، لە ڕێورەسمێکی تایبەتدا قوتابخانەی مێلسۆی نێودەوڵەتی لە عەنکاوە کردەوە .
لەبارەی كردنەوەی قوتابخانەكە و زانیاری لەسەر شێواز و چۆنییەتی كاركردن و خوێندن و وەرگرتنی قوتابیان لەو قوتابخانەیەدا، سیپان حوسێن، بەڕیوەبەری قوتابخانەی مێلسۆی نێودەوڵەتی، بە پێگەی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاند:''قوتابخانەكە بنەڕەتییە و لە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ تەواوكراوە و لە بەرێوەبردنی قوتابخانەكەشدا پشت بە سیستمی سایبس دەبەسترێت، كە لە پێنج وڵات كاری پێ دەكرێت.''
بەڕێوەبەری قوتابخانەی مێلسۆی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەشكرد، كە قوتابخانەكە ٨٥ قوتابی هەیە و لە باخچەی ساوایان تا پۆلی ١٢ دەگرێتەوە، بەڵام ئێستا تا پۆلی شەشەم بۆ قوتابییان فەراهەمە.
سەبارەت بە وەرگرتنی قوتابییانیش، سیپان حوسێن گوتی:''وەرگرتنی قوتابیان لە ڕێگەی تاقیكردنەوە دەبێت، تەنیا باخچەی ساوایان نەبێت وەرگرتن تێیدا بەشێوەیەكی ئاساییە.''

لەبارەی ژمارەی كارمەندان و مامۆستایانی قوتابخانەكەشەوە بەڕێوەبەری قوتابخانەی مێلسۆی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوەدا کە، ژمارەی كارمەندان و مامۆستایانی قوتابخانەکە بریتییە لە ٣٠ كەس، كە ٢٧ كەسیان بەشێوەی گرێبەست كاردەكەن و ٣ كەسیشیان دامەزراوی حكومین.
لەڕووی سیستەمی خوێندیشەوە سیپان حوسێن رایگەیاند:''وەكو قوتابخانەكانی تر بە سیستەمی (پی پی پی) تابڵێت بە زمانی ئینگلیزی بەرێوەدەچێت، لەڕووی میتۆدی خوێندنیشەوە، وانەكانی كۆمەڵایەتی و كوردی و عەرەبی و ئاین هەمان میتۆدی خوێندنی حكومییە.''

کۆمپانیای ڤیژن ئیدوکەیشن (Vision Education)، کە کۆمپانیایەکی ناوخۆی بواری پەروەردەیە، وەکو هاوکاری بە بڕی 1.4$ ملیۆن خەرجی بەڕێوەبردن (Operation)ی بۆ ماوەی پێنج ساڵی یەکەم لە ئەستۆ گرتووە.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٢ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢