Skip to the content

وەزارەتی کارەبا: تێکڕای پێدانی کارەبا ١٤ کاتژمێرە

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، لەبارەی ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا دەڵێت “لەئێستادا ڕێژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بووەتە ٣٦٠٠ مێگاواتە و ٢٠٠ مێگاوات بۆ تۆڕی گشتیی کارەبا زیادبووە».

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا ئاماژەی بەوەش دا کە بە گشتی لە وەرزی زستاندا خواست لەسەر کارەبا زیاد دەبێت و ئەمساڵیش لەگەڵ هاتنی وەرزی زستان و سەرماوسۆڵە، ١٥٠٠ مێگاوات خواست لەسەر کارەبا زیادبووە.

سەبارەت بە تێکڕای پێدانی کارەبا بە هاوبەشان، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، بە پێگەی فەرمی حکومەتی ھەرێمی کوردستانی ڕاگەیاند:"لەئێستادا تێکڕای پێدانی کاژمێرەکانی کارەبا ١٤ کاتژمێرە، بۆ نموونە لە گەرمیان ١٧ کاتژمێر کارەبا، لە سلێمانی ١٠ کاتژمێر، لە دهۆک ١٤ و لە هەولێر ١٢ کاتژمێر، کەواتە دەتوانین بڵێین کە بە تێکڕایی پێدانی کاتژمێرەکانی کارەبا، ١٤ کاتژمێرە.

گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا، باسی لە هۆکاری کەمکردنەوەی بڕی پێدانی ئەمپێری کارەبا لە ٤٠ ئەمپێرەوە بۆ ٣٠ ئەمپێر کرد کە ئەمانەن و گوتی، چارەسەرکردنی ئۆڤەرلۆد، پاراستنی گۆڕەڕەکانی کارەبا لە سووتان و زیادکردنی کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە هاووڵاتییان ھۆکارەکانی کەمکردنەوەی ئەمپێرەکانی کارەبا بوون.

ئومێد ئەحمەد، ئەوەشی گوت:"ئەگەر بڕی کارەبای هاووڵاتییان لە ٤٠ ئەمپێرەوە نەکرابایە بە ٣٠ ئەمپێر، دەتوانرا رۆژانە ١٢ کاتژمێر بە تێکرایی کارەبا بە هاووڵاتییان بدرێت, بەڵام بەهۆی ئەو بڕیارەوە کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا بە بەرزبووەتەوە بۆ ١٤ کاتژمێر.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٨ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢