Skip to the content

پێشبینی دەكرێت تا کۆتایی ئەمساڵ ٦ ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- یەكێك لە ئامانجەكانی كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێمی کوردستان، پێشخستن و بوژانەوەی زیاتری كەرتی گەشتیارییە لە هەرێمی كوردستان، هەر بۆیە لەم کابینەیەدا یاسایەکی تایبەت بە گەشتوگوزار دەرکرا، چونکە پێشتر یەکێک لە گرفتەکانی بەردەم پێشکەوتنی کەرتی گەشتیاری نەبوونی یاسایەکی تایبەت بوو بەم کەرتە.
بەپێی ئاماری دەستەی گەشتوگوزاری کوردستان، لە ئێستادا ٤٦٠ هۆتێل،٢٨٢ مۆتێل و ئەپارتمان، ٥٩٠ ریستۆرانت، ٧١٥ كافتریا، ١٠ شاری یاری، ٦٠٠ كۆمپانیا و نوسینگەی گەشتیاری، ٥٤ كۆمەڵگەی گەشتیاری، ٤٥ یانەی شەوانە و ٧٢ هۆڵی ئاهەنگ گێڕان، لە هەرێمی كوردستاندا هەیە و لە خزمەتی هاوڵاتیان و گەشتیاراندایە.
هەر بە پێی ئامارەکەی دەستەی گەشتوگوزار، لە شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵ نزیکەی ٤ ملیۆن گەشتیار روویان لە هەرێمی کوردستان کردووە، پێشبینیش دەكرێت تا کۆتایی ئەمساڵ زیاتر لە ٦ ملیۆن گەشتیار سەردانی هەرێمی كوردستان بكەن.

رێژەی شوێنە گەشتیارییەكان و سەردانیكردنی گەشتیاران
ئامارى هۆتێلەكان لە یەك ئەستێرەوە تا پێنج ئەستێرە لە هەرێمی كوردستان بۆ ساڵى ٢٠٢٢، كە رێژەیان ٤٦٠ هۆتێلە، بەم شێوەیە بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆكاندابەشبوون.
لە هەولێر ٢٧١ هۆتێل، لە سلێمانی ١١٠، لە دهۆك ٧٦ و لە گەرمیانیش ٣ هۆتێل هەیە، هەروەها رێژەی كۆمەڵگە گەشتیارییەكانیش لە هەرێمی كوردستان كە ژمارەیان ٥٤ كۆمەڵگەی گەشتیارییە، بەم شێوەیە دابەش بوون. لە هەولێر ١٣ کۆمەڵگە، لە سلێمانی ٣٤، لە دهۆك ٥ و لە گەرمیانیش ٢ كۆمەڵگای گەشتیاریی هەیە.
لەبارەی رێژەی سەردانیكردنی گەشتیارانیشەوە بۆ هەرێمی كوردستان، سیروان تۆفیق، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی گەشتیاریی لە دەستەی گەشتوگوزاری کوردستان، بە پێگەی فەرمی حكومەتی هەرێمی كوردستانی راگەیاند: "بەپێی ئەو پلانەی دەستەی گەشتوگوزاری کوردستان بە هاوکاری بەڕێوەبەرایەتییە گشتیەکانی گەشتوگوزار دایناوە بۆ ئەوەی ساڵی ٢٠٢٢ ژمارەی گەشتیاران بگاتە ٦ ملیۆن گەشتیار، ئامارەکان دڵخۆشکەرن و ئاماژە و داتاکان ئەوە دەخەنە روو زیاتر لە ٦ ملیۆن گەشتیار روویان لە کوردستان کردووە و وەکو ئەوەی پلانی بۆ دانرابوو. بێگومان هەولێری پایتەخت رێژەیەکی زۆرتری هاتنی گەشتیارانی بەر دەکەوێت لە چاو شارەکانی دیکەی کوردستان."
سیروان تۆفیق، ئاماژەشی بەوەدا کە لە کوردستان سەدان بنکەی گەشتیاری (هۆتێل، مۆتێل، رێستۆرانت، کافی، هۆڵی ئاهەنگ گێڕان، یانەی شەوانە، کۆمپانیای گەشتیاری و فڕۆکەوانی، باخچەی ئاژەڵان و خواردن و خواردنەوە) هەیە و مۆڵەتی کارکردنیان بەپێ رێنماییەکانی گەشتوگوزار پێ دەدرێت و بە بەردەوام لەلایەن لیژنەکانی پشکنین و مۆڵەتی بەڕێوەبەرایەتیە گشتیەکانی گەشتوگوزار بەدواداچونیان بۆ دەکرێت.

زمانی سەرەکی نوسین و ئاخاوتن کوردییە
سەبارەت بە زمانی سەرەكی و نوسین لەسەر تابلۆكانی شوێنە گەشتیارییەكان، بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی گەشتیاری لە دەستەی گەشتوگوزار رایگەیاند: "ئامانجی دەستەی گەشتوگوزار لە بڕیاری تایبەت بە زمانی کوردی و نووسینی تابلۆ و مینیۆکانی رێستۆرانت و شوێنە گەشتیارییەکان پاراستنی زمانی کوردی و بایەخدان بەکلتوور و شوناسی کوردی و ناساندنێتی بە گەشتیاران و دواتر لە هەموو دونیا هەر وڵاتێک کە رووی تێدەکەی زمانی سەرەکی زمانی رەسەنی خەڵکی وڵاتەکەیەتی، بەڵام بەداخەوە لە کوردستان خەریک بوو زمانەکانی دیکە ببنە هەڕەشە بۆ سەر زمانی کوردی، بۆیە دەستەی گەشتوگوزار پاڵپشت بەرێنماییەکانی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار ئەم بڕیارەی دەرکرد و بنکە و شوێنە گەشتیارییەکان ناچار کراون کە زمانی سەرەکی نوسین و ئاخاوتن زمانی کوردی بێت."

كرێكارانی كەرتی گەشتیاری
سیروان تۆفیق دەڵێت" بەپێی بڕیارێکی حکومەتی هەرێی کوردستان پێویستە ٧٥٪ ئەوانەی لە رێستۆرانت کافێ و شوێنە گشتییەکان کار دەکەن پێویستە هاووڵاتی هەرێمی کوردستان بن، بەڵام دەبێت بۆ ساڵی داهاتوو ئەم رێژەیە هەوڵی جێگیرکردنی بدرێت و بتوانرێت زۆرترین رێژەی هەلی کار بۆ خەڵکی کوردستان بڕەخسێندرێت."

ئامادەكاری بۆ سەری ساڵ
بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی گەشتیاری لە دەستەی گەشتوگوزار ئاماژەی بەوەدا کە دەستەی گەشتوگوزار و حکومەت هیچ ئاهەنگێکی فەرمی ئەنجام نادەن و ئەوەی دەکرێت لە بنکە گەشتیارییەکان لەلایەن کەرتی تایبەتەوە ئەنجام دەدرێت، بەڵام لە تەواوی شارەکانی کوردستان گەشتوگوزار لیژنەی بەدواداچوون و پێشوازی کردنی گەشتیاریان ئامادەکردووە.
بەڕێوەبەری بەبازاڕکردنی گەشتیاری لە دەستەی گەشتوگوزار رایدەگەیێنێت:" لەچوارچێوەی پلانی ستراتیژی پێشخستنی کەرتی گەشتیاری لە کوردستان و سیاسەتی گشتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەستەی گەشتوگوزار پلانێکی ٨ ساڵەی ئامادەکردووە و پێشکەشی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیرانی کوردستانی کردووە، ئەمەش دوای ئەوە هات، کە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە پلان و دید و ئامانج و بەربەست و دەرفەتەکانی پێشخستنی کەرتی گەشتیاری لە کوردستان ساز کرد و تێدا وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار راپۆرتێکی ١٧ خاڵی لەبارەی چۆنێتی پێشڤەچوونی کەرتی گەشتیاری کوردستانی خستەڕوو ، پاشان سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار پرێزنتەیشنێکی بەراوردکاری و ئامار و داهاتی گەشتیارانی وڵاتانی پێشکەوتوو و ئامانج و پلانی گەشتوگوزاری کوردستان بۆ ماوەی ٨ساڵی داهاتوو و چۆنێتی کارکردن لەسەر ١٢ جۆری جیاوازی گەشتیاری لە کوردستان و چۆنێتی ناساندن و بەبازاکردنی کەرتی گەشتوگوزاری کوردستان بۆ جیهان خستە روو، بە شانازیەوە هەر لەم کۆبۆنەوەی تەواوی راپۆرتی پێشکەشکراوی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و پرێزنتەیشنی سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار پەسند کراو بڕیاری پی دەرچوو.''
بە گوتەی سیروان تۆفیق، کە ئەم بڕیارەی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران خاڵی وەچەرخان بوو بۆ پێشخستنی سێکتەری گەشتیاری کوردستان، چونکە بە درێژایی هەشت کابینەی رابردوو ئەم دەرفەتە لە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران نەڕەخسا بۆ چۆنێتی پێشخستنی کەرتی گەشتیاری کوردستان.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢