Skip to the content

پێنج پرۆژەی دروستکردنی پۆند لە زاخۆ جێبەجێدەکرێن

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گرنگییەکی زۆر بە سێکتەری ئاو دەدات و بۆ ئەو مەبەستەش، بڕیاری دروستکردنی ٤١ پۆندی لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان داوە، ئەوەش لەپێناو پاراستن و کۆکردنەوەى ئاو.

پێنج لەو پرۆژانە لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ دروست دەکرێین کە پێنج پڕۆژەی ستراتیژیی گلدانەوەی ئاون و لەسەر ڕووباری خاپوور بە گوژمەی زیاتر لە سێ ملیار دینارە دروستدەکرێن و نزیکەی سێ مەتر، ئاستی ئاوی ڕووبارەکە بەرزدەکەنەوە.

شڤان عەبدی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە پێگەی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕایگەیاند:''کارەکانی دروستکردنی سێ پۆند تەواوبوون و دوو پۆندی دیکەش لەبواری جێبەجێکردندان و بەم نزیکانە کارەکانیان تەواو دەبن.''

لەبارەی پێکهاتەی پۆندەکان، بەڕێوەبەری راگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، گوتی:''بەرزی پۆندەکان نزیکەی سێ مەترە و درێژیشیان ٥٣ مەترە، بۆ ئەوەی لەکاتی خۆیدا تەواو بن، ڕۆژانە ٢٠٠ کرێکار و ئامێر کاریان تێدا کردووە، کە ٧٥٪ـیان دەستی کاری ناوخۆیین.''

پۆندەکان، ئاسانکاریی بۆ پرۆسەی پاککردنەوەی ئاوی رووباری خاپوور دەکەن و ئاستی ئاوی ڕووبارەکەش بەرزتر دەکەنەوە... بەتەواوبوونی هەر پێنج پۆندەکەش، سوودێکی زۆری کشتوکاڵی و گەشتیاریی بۆ ناوچەکە دەبێت.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٢٩ـی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢