Skip to the content

کەشناسیی جیهانی: ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستاندا وشکەساڵی نابێت

هەولێر، هەرێمی کوردستان (GOV.KRD)- ئەمڕۆ سێشەممە، ١٣ی كانوونی یەكەمی ٢٠٢٢، بەهۆی كاریگەریی نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەڕاست، شەپۆلێكی بارانبارینی مامناوەند ڕوو لە هەرێمی كوردستان دەکات و وتەبێژی وەزارەتی گواستنە و گەیاندنیش ئاماژە بەوە دەکات "ئەم شەپۆلە بە نمەباران دەستپێدەكات و دواتر تا ڕاددەیەك ڕێژەی دابارین زیاد دەبێت."
دیلان رەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن، بە پێگەی فەرمیی حکومەتی هەرێمی کوردستانی ڕایگەیاند "لە ئێستادا لە ناوچە شاخاوییەكان بەفربارین دەستپێكردووە و پلەكانی گەرما بۆ چەند پلەیەك دابەزیوە و كەشەكە بە گشتی لە ئاسمانی هەرێمی كوردستاندا كەشێكی هەوراوییە و بارستە هەوایەکى ساردیش ڕوو لە ناوچەکە دەکات، ئەم شەپۆلەش ماوەكەی درێژدەبێتەوە تا رۆژی پێنجشەممە و لە پێنجشەممەوە ئاسمانی هەرێمی كوردستان بە شێوەیەكی گشتی ساماڵ دەبێت." دیلان ڕەشاد، گوتیشی: "لە ئەنجامی كاریگەریی ئەم شەپۆلی باران بارینە، چاوەڕێ ناكرێت لافاو لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستاندا دروستبێت."
سەبارەت بە مەترسیی وشكەساڵی كە لە دوو ساڵی ڕابردوودا هەرێمی كوردستانی گرتەوە و هاووڵاتیان بە نیگەرانییەوە لەبارەیەوە دەپرسن، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنە و گەیاندن ڕایگەیاند: "بەپێی هەموو راپۆرتەكانی ڕێكخراوی كەشناسیی جیهانی و ئەزموونی شارەزایان و راپۆرتی رێكخراوی كەشناسی، پێناچێت ئەمساڵ وشكەساڵی ڕووبدات. پێدەچێت بۆ ئەمساڵ ڕێژەی باران بارین زۆربێت. هەر بە پێی پێشبینییەکان دوای وەرزی زستانیش بەهارێكی باراناوی دێت و باران بەردەوام دەبێت."

فەرمانگەی میدیا و زانیاری
١٣ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٢