Skip to the content

یاداشتی لێکتێگەیشتن بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی هێڵی ئاسن لەهەرێمی کوردستان واژۆکرا

وەزیری ئاوەدانکردنەوە: ئەم پڕۆژەیە هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناغێکی نوێوە

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)-  رۆژی پێنجشەممە، لە رێورەسمێکدا بە ئامادەبونی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن، یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو کۆمپانیای دۆیچەبانی ئەڵمانی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی هێڵی ئاسن لە هەرێمی کوردستان واژۆکرا.

لە رێورەسمەکەدا کە لە دیوانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەڕێوەچو، هەریەکە لە سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم و دڵشاد بارزانی، نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئەڵمانیاو کونسوڵی ئەڵمانیا لە هەرێم و بریکاری وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو بەڕێوەبەری گشتی دیوان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و راوێژکارانی وەزارەت ئامادەی بون.

دواتر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن تیشکی خستەسەر ناوەرۆکی لێکتێگەیشتنەکەی وەزارەتیان لەگەڵ کۆمپانیا ئەڵمانیەکەو رایگەیاند؛ خۆشبەختانە ئەمڕۆ دوای ساڵ و نیوێک گفتوگۆ لەگەڵ کۆمپانیای دۆیچەبانی ئەڵمانی، ئەمڕۆ یاداشتێ واژۆ دەکەین کە دەبێتە سەرەتایەک بۆ قۆناغەکانی دواتری پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەر، کە لەداهاتودا هەم لەبواری دیزاین و هەم لەبواری پەیداکردنی بودجەو سەرپەرشتیکردن و بەڕێوەبردنی پڕۆژەکە هاوکارمان دەبن دوای تەواوبونی.

هەروەک جەختی کردەوە، ئەم پڕۆژەیە دەبێت بە سەرەتای کارێک کە هەرێمی کوردستان دەباتە قۆناغێکی نوێوە لەبواری گواستنەوەداو وتیشی: "ئەم پڕۆژەیە کاتی دەوێت و کارێک نیە ئێستا ئیمزا بکرێت و بەیانی جێبەجێ بێت، بەڵکو هەنگاو و کاری دەوێت قۆناغ بەقۆناغ، ئومێدەوارین هاوبەشەکەمان کۆمپانیای دۆیچەبانی ئەڵمانی هاوکارێکی باش بێت بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژە گرنگە لە هەرێمی کوردستان تەواو بکەین کە سودی بۆ هەرێم و عێراق و ناوچەکە دەبێت".

وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن سوپاسی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کرد، کە هەر لەسەرەتاوە پشتیوانمان بوە لە پڕۆژەکەدا، سوپاسی ئامادەبوانیشی کردو هیوای خواست پڕۆژەکە بەشێوەیەکی باش و سەرکەوتوانە ئەنجامبدرێت.

هاوکات کونسوڵی ئەڵمانیا لە هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەکرد، کۆمپانیای دۆیچەبانی ئەڵمانی پشتگیری حکومەت و وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیای هەیە بۆ ئەنجامدانی ئەم پڕۆژە گرنگە لە هەرێمی کوردستان.