Skip to the content

دوو ملیۆن قوتابی و مامۆستا بەشدارى تاقیکردنەوەى وەرزى یەکەمى پۆلە ناکۆتاکان دەکەن

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- ئەمڕۆ دووشەممە ڕێکەوتى ١٠/١/٢٠٢٢ى زایینى، تاقیکردنەوەی پۆلە ناکۆتاکانى وەرزی یەکەمی خوێندنی ساڵی (٢٠٢١ ـ ٢٠٢٢)، بە ئامادەبوونى (١,٨٧١,٧٣٧) قوتابی و بە چاودێرى  (١٢٧,٠٠٠) مامۆستا لە سەرتاسەرى هەرێمى کوردستان، دەستى پێ کرد.

وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێنراوێکدا بەر لە دەستپێکى تاقیکردنەوەکان، وێڕای سوپاسکردنی تەواوی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کەرتی پەروەردە کە وەرزی یەکەمی خوێندنیان بە سەرکەوتووانە کۆتایی پێ هێنا، ڕایگەیاند: "ئێمە لە وەزارەتی پەروەردە سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن بە حکومی و ناحکومییەوە ئاگادار دەکەینەوە کە بە مەبەستی پاراستنی سەلامەتی گیانی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران، بەستنی ماسک بۆ ستافی کارگێریی و مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران لەکاتی تاقیکردنەوەکان و دەستپێکردنەوەی وەرزی دووەمی خوێندن ئیلزامییە و لەگەڵ تۆمارکردنی چەند حاڵەتێک بە ڤایرۆسی (ئۆمیکرۆن) دەبێت ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ئاستێکی زۆر باشدا جێبەجێ بکرێن".

هەر بەم بۆنەوە وەزارەتى پەروەردە، سەرپەرشتیاری هاوڕێی ڕەخنەگری قوتابخانەى ئاگادار کردووەتەوە کە لە کاتی سەردانیکردنی ناوەندەکانی خوێندن لە ڕۆژانی تاقیکردنەوەکان، بەدواداچوون لەسەر ئەم بابەتە بکەن و ئاستی پابەندبوونی مامۆستایان و قوتابیان و خوێندکاران بدەنە پەروەردەی قەزاکان.

شایەنى باسە وەزارەتی پەروەردە، بە مەبەستى خۆپارێزى لە ڤایرۆسى کۆڕۆنا، لە چەند هەفتە پێش دەستپێکى تاقیکردنەوە وەزرییەکانى پۆلە ناکۆتاکان لە هەرێمى کوردستان، زیاتر لە (١,٧٥٠.٠٠٠) ملیۆنێک و حەوتسەد و پەنجا هەزار ماسک و هەروەها (٦,٧٠٠) شەش هەزار و حەوتسەد پاککەرەوەی (معقم) بەسەر پەروەردەی گشتیی پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان دابەش کردووە تا لە نێو هۆڵى تاقیکردنەوەکان بەسەر مامۆستا و قوتابیانیدا دابەش بکەن.

ئەو قوتابیانەى کە تاقیکردنەوەکانیش ئەنجام دەدەن، بەم شێوەیە دابەش بوونە بەسەر قۆناغەکانى خوێندندا:

ـ قوتابیانى باخچەى ساوایان (یەکەم و دووەم): ٨٤,١٥٤ قوتابی

ـ قوتابیانى قۆناغى بنەڕەتى (پۆلى یەکەم تا نۆیەم): ١,٤٠٧,٩٦٤ قوتابی

ـ قوتابیانى قۆناغى ئامادەیی (بە هەموو جۆرەکانییەوە): ٣٧٩,٦١٩ قوتابی