Skip to the content

ڕەوشی میدیا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا

هەولێر، هەرێمی کوردستان، عێراق (GOV.KRD)- لەمیانی دوایین کۆبونەوە وراسپاردەی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی دووشەممە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ جوتیار عادل وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، سەردانی وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد و لە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش دا لەگەڵ وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، ڕەوشی میدیا لە هەرێمی کوردستان تاوتوێ کرا.

لە سەرەتای کۆبوونەوەکدا حەمەی حەمەسەعید، وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان، باسی لەو بارودۆخە ئێستا کرد کە میدیای کوردی پێیدا تێدەپەڕێت و بە گرنگی زانی بە هەماهەنگی لەگەڵ فەرمانگەی میدیا و زانیاریی، میدیا لە هەرێمی کوردستان ڕێکبخرێتەوە.

پاشان جوتیارعادل ئامانجی کۆبونەوەکەی باس کرد لەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پلانی هەیە میدیا بە ئاراستەیەکی رێک و دروستدا بڕوات، کە خزمەت بە دۆزی گەلەکەمان بکات و پایەکانی سیستەمی دیموکراتی بەهێزتر بکات و دەبێت کاری میدیایی و ڕاگەیاندن بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکانی کاری میدیایەکی پرۆفیشناڵ بێت، کە لە خزمەت گەیاندنی پەیامی پیشەکەدا بێت و دوور لە شێواندنی ڕاستییەکان.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش درا بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک لەبارەی ئاریشەکان و پێشنیارو چارەسەری دۆخەکە.

هەر لە کۆبوونەوەکەدا بریکاری وەزارەت و ڕاوێژکار و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەرە گشتییەکان و بەڕێوەبەرانی تایبەت بەو سێکتەرە کە ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون و سەرنج و تێبینی خۆیان لەو بوارەدا خستەڕوو.


فەرمانگەی میدیا و زانیاری
٣ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٢